هاوکاریی هەڤبەندی و دەم پارتی؛ پێویستیی ستراتیژیی سیاسەتی کورد لە تورکیا
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری «ئامارگی» لە شیکردنەوەی لەدایکبوونی هاوپەیمانییەکی سیاسیی نوێی کوردیدا لە تورکیا نووسیویەتی: کوردەکانی تورکیا لە درێژاییی سەدەی ڕابردوودا چەندین جار سەلماندوویانە کە ڕێگە نادەن ناسنامە و بوونیان لەناو بچێت. بەڵام ئێستا ئەرکێکی جیاواز لە پێشیاندایە: دەبێت نیشانی بدەن کە دەتوانن حوکمڕانی بکەن، هاوپەیمانی دروست بکەن و سەرکەوتن بە دەست بهێنن. بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پێویستی بەوەیە کە هەستەکان لە چوارچێوەی ستراتیژێکی دیاریکراودا دابنرێن و سیاسەتێک شێوە بگرێت کە بتوانێت لە بەرامبەر شاڵاوە ئەمنییەکانیشدا خۆڕاگر بێت؛ نەک ئەوەی تەنیا پشت بە ورووژاندنی سۆز و هەستەکان ببەستێت.
پۆلیسی تورکیا لەم هەفتەیەدا ٩ کەس لە ئەندامانی هاوپەیمانیی تازەدامەزراوی «یەکێتیی نەتەوەییی کوردستان» (هەڤبەندی)ی دەستگیر کرد کە لە نێویاندا ناوی بایرام بۆزیەڵ، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، دەبینرێت. بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی فرانس پرێس و لە زاری سەرچاوەیەکی یاسایییەوە، ئەو تۆمەتەی ئاراستەی دەستگیرکراوەکان کراوە «تێکدانی یەکپارچەییی وڵات»ە لەسەر بنەمای ماددەی ٣٠٢ی یاسای سزاکانی تورکیا. دۆسیەی لێکۆڵینەوەکان بە نهێنی ڕاگەیەنراوە و دەستگیرکراوەکانیش بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرەکانیان بێبەش بوون. دەستگیرکردنی سیاسەتمەداران تەنیا چەند ڕۆژێک دوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دامەزراندنی پێکهاتەکەیان کارێکی بەرگریلێنەکراوە و دەبێت بە توندی پشتیوانی لەم چالاک و سیاسەتمەدارانە بکرێت.
لە کاتێکدا هەندێک لە ڕاگەیاندنەکان ئەم هاوپەیمانییەیان بە دژی پڕۆسەی ئاشتی وەسف کردووە، بایرام بۆزیەڵ لە هەڵوێستوەرگرتنەکەیدا بە وریایییەکی زیاترەوە قسەی کردووە. ئەو لە وتووێژێکدا کە بە بۆنەی دامەزراندنی ئەم هاوپەیمانییەوە ئەنجامی دا، جەختی کردەوە کە چەکدانان بە تەنیا پرسی کورد چارەسەر ناکات، بەڵکوو دەتوانێت فەزایەک بۆ هەناسەدان و چالاکیی سیاسی بڕەخسێنێت. بۆزیەڵ هەروەها گوتی ئەو دۆخەی بۆ کوردەکان داوای دەکات، دەتوانێت دواجار لە قالبێکی سیستەمی فیدراڵیدا لە چوارچێوەی سنوورەکانی تورکیادا بێتە دی. ئەم هەڵوێستوەرگرتنە، تێڕوانینێکی ڕەوا و بنیاتنراوە لەسەر ڕێچارە ئاشتییانەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو پرسیارەی ئەم وتارە دەیخاتە ڕوو سنووردارتر، بەڵام سەختترە: ئایا لە بارودۆخی ئێستادا، سیاسەتێک کە بە شێوەی سەرەکی پشت بە هەستە نەتەوەپەرستییەکان و جۆشوخرۆشە ورووژێنەرەکان دەبەستێت، ئامرازێکی گونجاوە بۆ پێشخستنی داواکارییەکانی کورد؟ من بەرگری لە ڕوانگەیەکی سۆسیالدیموکراتیک دەکەم و پێم وایە دەبێت لەسەر چوار پێشینەی ستراتیژی و ژیرانەتر چڕ ببینەوە.
نابێت هیچ کەسێک سەبارەت بە سەرنجڕاکێشیی نەتەوەپەرستیی نەژادی بە تۆنێکی سەرووترەوە ئامۆژگاریی ئەوانی تر بکات. گەلێک کە زمانەکەی قەدەغە کراوە، گوندەکانی سووتێنراون و بوونی نکۆڵیی لێ کراوە، مافی خۆیەتی بیەوێت ناو و ناسنامەکەی بە ئاشکرا بە فەرمی بناسرێت. سیاسەتی نەتەوەپەرستانە بەم جۆرە گەلە هەستی شکۆمەندی، سەربەخۆبوون و گێڕانەوەیەک دەبەخشێت کە تێیدا ئازارەکانی ڕابردوو واتا پەیدا دەکەن. هەر لەبەر ئەمەشە کە ئەم جۆرە سیاسەتە تا ئەم ڕادەیە کاریگەرە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش یارمەتیی بڵاوبوونەوەی دەدەن.
ئەمڕۆ فەزایەکی هەستیی بەهێز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا شێوەی گرتووە. کەسایەتییە گەنجەکانی وەک عەلی چەچەن، لە دامەزرێنەرانی ئەم ڕەوتە کە خۆیشی دەستگیر کراوە، ڤیدیۆگەلێک بە بارێکی سۆزداریی بەرز و مۆنتاژێکی پڕجۆشەوە بەرهەم دەهێنن کە گێڕەرەوەی هەستی نادادپەروەری، ناڕەزایەتی و خۆڕاگرین. ئەم ڤیدیۆیانە بە خێرایی دەستاودەست دەکرێن و گەنجە کوردەکان کە میراتگری مێژووی سەرکوت و نکۆڵیکردنن لە ناسنامەکەیان، تێیاندا جۆرێک لە هەستی بینران و بەفەرمیناسین دەدۆزنەوە. بەڵام کاریگەریی سۆزداری بە مانای ڕاستبوونی ڕوانگەیەک نییە. هەستەکان بە خەڵک دەڵێن لە چی دەبێت تووڕە بن، بەڵام فێریان ناکەن چۆن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا سەرکەون، پارێزگاری لە قوتابخانەیەک بکەن، زیندانییەک ئازاد بکەن یان هەموارێکی دەستووری لە ڕێگەی پەرلەمانەوە پەسەند بکەن.
سیاسەتێک کە هەستی ناسنامە و ئینتیما لەگەڵ ڕێکخستنی سیاسیدا تێکەڵ بکات، دواجار پڕ دەبێت لە هێما و بەتاڵ دەبێت لە دەستکەوتی کردەیی. لە بەرامبەردا، دەوڵەت خاوەنی ستراتیژە و دەتوانێت ڕەوتێکی لەم چەشنە بپووکێنێتەوە، لە ناوەوە لەناوی ببات یان ڕێبەر و چالاکەکانی بخاتە زیندانەوە.
نەتەوەپەرستیی نەژادی لەگەڵ واقیعی ژیانی کوردەکانیشدا گونجانێکی ئەوتۆی نییە. چ قبووڵی بکەین و چ ڕەتی بکەینەوە، دانیشتووانی کورد لە نێوان چینە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکاندا بڵاو بوونەتەوە. تەنانەت لە ناوخۆی تورکیاشدا ئەم دانیشتووانە لە کرێکاری عەلەوی لە ئیستەنبووڵ و جووتیاری سوننە لە چەولیک (بینگۆڵ)ەوە بگرە تا هێزی پسپۆڕ لە ئیزمیر و خوێندکاری زازائاخێو لە دێرسیم (تونجەلی) لەخۆ دەگرێت.
پرۆژەیەکی سیاسی کە نەتەوە و ناسنامەی نەتەوەیی بخاتە پێش هەموو بابەتێکی ترەوە، بە ناچاری ئەوانەی ناتوانن لە چوارچێوەی وێنە خوازراوەکەی ئەودا لە نەتەوە جێیان ببێتەوە، وەلا دەنێت.
ڕوانگەی سۆسیالدیموکراتیک لە خاڵی بەرامبەرەوە دەست پێ دەکات. لەم ڕوانگەیەدا، خەڵک لە دەوری داواکارییەکانی وەک مووچە، زەوی، پەروەردە، تەندروستی و چارەسەری و شکۆمەندیی مرۆیی ڕێک دەخرێن و بەفەرمیناسینی ناسنامەیش بەشێک دەبێت لە هەمان ئەم خەباتە بەرفراوانترە بۆ ماف و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.
بەرنامەیەک کە نەتەوە و ناسنامەی نەتەوەیی بخاتە پێشینەوە، ڕووبەڕووی ئاستەنگی تریش دەبێتەوە. بەرنامەیەکی لەم چەشنە دەبێت دەوڵەتی تورکیا بە قبووڵکردنی داواکاریگەلێک ڕازی بکات کە لە ڕوانگەی دەستووری ئەم وڵاتە و هاوپەیمانیی دەسەڵاتدارەوە، بە شایەنی دانوستان دانانرێن. تەنیا چەند ڕۆژێک پێش شاڵاوەکانی پۆلیس، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست، بەیاننامەیەکی ٥٠ ماددەیی بڵاو کردەوە و تێیدا جەختی کردەوە کە پڕۆسەی ئاشتی بە مانای سازشکردن، خۆبەدەستەوەدان یان مامەڵەکردن نییە و دەبێت تەواوێتیی دەستووری تورکیا بپارێزێت.
داواکردنی خاوەندارێتیی پێگەی نەتەوەیی، تەنانەت ئەگەر بە شێوەی ئاشتییانەیش بخرێتە ڕوو، ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ناکۆکییەوە لەگەڵ ئەم هەڵوێستەدا. داواکارییەکی لەم چەشنە بەڵگە دەداتە دەست توندڕەوەکان بۆ دژایەتیکردن و بیانوویش بۆ دەزگا ئەمنییەکان دەڕەخسێنێت. پارتە نەتەوەپەرستە بەرهەڵستکارەکان، واتە پارتی باش و پارتی زەفەر، کە دژایەتیی یاسای چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتییان کردووە، هەر داواکارییەکی لەم جۆرە بە بەڵگەیەک لەسەر ئەم بانگەشەیە دەزانن کە پڕۆسەی ئاشتی لە سەرەتاوە فێڵێک زیاتر نەبووە. شکستی ئەم ڕەوتە دواجار بە زیانی پرسی کورد دەشکێتەوە و هیوا بە بەدیهێنانی داواکاری و ئامانجەکانی داهاتوو لەناو دەبات.
پشتبەستن بە هەستەکان دەتوانێت ڕەگ و ڕیشەی لە بنەما ڕەوا و تەنانەت دادپەروەرانەکاندا هەبێت، بەڵام ئەم ڕاستییە بە مانای ئەوە نییە کە ڕوانگەیەکی لەم چەشنە بە مەرجێک لە بەرژەوەندیی هەمان ئەو داواکارییانەدا بشکێتەوە.
ئەزموونی سووریا نیشانی دەدات کە بزووتنەوەیەکی سیاسی ئەگەر پشت بە هێزی سەربازی و پشتیوانیی دەرەکی ببەستێت، ڕووبەڕووی چ لێکەوتەیەک دەبێتەوە. دوای ١٤ ساڵ، ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی کوردەکان بە تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە سوپای ئەم وڵاتەدا کۆتاییی هات و کوردەکان کاردانەوەی تێکەڵ بە هەستی جیاوازیان لە خۆیان نیشان دا. توێژەرێکی کورد لە وتووێژێکدا لەگەڵ جەزیرەدا ڕایگەیاند کە خەونی کوردەکان لەناو چووە. هەستێکی نائومێدیی لەم چەشنە، لێکەوتەی سیاسەتێکە کە تەنیا پشت بە سۆزەکان دەبەستێت؛ چونکە کاتێک پاڵپشتەکەی نامێنێت، هیچ شتێک بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان نامێنێتەوە.
قۆناغی داهاتووی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیادا لەسەر بنەمای وردەکاری و هەنگاوە کردەیییەکان دیاری دەکرێت. ڕەنگە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا لە ٢٧ی تشرینی دووەمدا چەکدانانی پەکەکە پەسەند بکات؛ هەنگاوێک کە دەتوانێت زەمینەی جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی بڕەخسێنێت.
ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا، بەدیموکراتیکردنی وڵاتی وەک یەکێک لە دوو کۆڵەکە سەرەکییەکەی ئەم ڕەوتە وەسف کردووە و داوای بەهێزکردنی سەروەریی یاسا، دیموکراسی و فرەییی سیاسیی کردووە. بێگومان ئەم لێدوانانە تا ئەو کاتەی نەبنە یاسا، تەرخانکردنی بودجە و بڕیارە دادوەرییەکان، کاریگەریی کردەیییان نابێت. گۆڕینی ئەم بەڵێنانە بۆ هەنگاوی جێبەجێکاری، ئەرکی هاوپەیمانییە سیاسییەکانە، نەک دروشمە سیاسییەکان.
پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی)یش بۆ کۆتاییهێنان بە دانانی قەیووم لە جێی سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکان، ئازادکردنی زیندانییەکان لەوانە سەڵاحەددین دەمیرتاش، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و ڕوونبوونەوەی دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەوڵ دەدات.
شیکاریی کاریگەرتر دەبێت لەسەر دامەزراوە و میکانیزمە سیاسییەکان چڕ بێتەوە. ڕوولا بەغدادی، پارێزەری مافی مرۆڤ، هەفتەی ڕابردوو لە وتووێژێکدا لەگەڵ گۆڤاری «ئامارگی» هۆشداریی دا کە مەترسیی سەرەکیی تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لە پێکهاتەی دەوڵەتدا، هەڵمژین و توانەوەیانە لەم پێکهاتەیەدا؛ بە جۆرێک کە کۆمەڵگە کوردییەکان لە ڕووکەشدا نوێنەرایەتییان هەبێت، بەڵام لە کرداردا پەراوێز بخرێن. ڕێچارە پێشنیارکراوەکانی ئەو مسۆگەرکردنی مافەکان لە دەستووردا، دابەشکردن و ناناوەندیکردنی دەسەڵات، خاوەندارێتیی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سەربەخۆیی و بەشداریی ڕاستەقینەی ژنان لە پێکهاتەکانی بڕیارداندا لەخۆ دەگرێت.
ئەم ڕێچارانە لە جێی پشتبەستن بە هەستەکان و کاریگەریی کاتی، لەسەر ستراتیژە درێژخایەن و کاریگەرەکان ڕاوەستاون. ئەوەی دەتوانێت لە کاتێکدا کە سەرنجی ڕاگەیاندنەکان لێی دوور دەکەوێتەوە پارێزگاری لە کەمینەیەک بکات، مافگەلێکە کە لە یاساکاندا مسۆگەر کرابن، دەسەڵاتێکە کە لە نێوان دامەزراوە جیاوازەکاندا دابەش کرابێت و هاووڵاتییانی ڕێکخراون کە بتوانن دەوڵەت بە لێپرسراو بهێڵنەوە.
یەکەم هەنگاو لە داڕشتنی ستراتیژێکی کاریگەر بۆ کوردەکان، ڕوونکردنەوەی داواکارییەکان، پێشینەدانانیان لەسەر بنەمای ئەگەری بەدیهاتن و دیاریکردنی ڕیزبەندیی کاتییە بۆ بەدواداچوونی هەر یەکێکیان. خۆبەڕێوەبەریی شارەوانییەکان، خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا، کۆتاییهێنان بە دانانی قەیووم لە جێی سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگاکان، داواکاریگەلێکن کە زۆرینەی بەرفراوانی کوردەکان، ئەگەر نەڵێین نزیکەی هەموویان، پشتیوانییان لێ دەکەن. خاوەندارێتیی پێگەی یاسایی و تەنانەت فیدراڵی لە دەستووردا دەتوانێت لە قۆناغی دواتردا و لە ئەنجامی ڕەوتی بەدیموکراتیکردنی وڵات و دوای گۆڕانی بارودۆخی سیاسیدا بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
دووەم پێشینە، ڕاکێشانی دەنگی هاووڵاتییانی ناکوردە. سیاسەتێک کە تەنیا لەگەڵ کوردەکاندا قسە بکات، هەمیشە لە پێگەی هێزێکی سیاسیی کەمینەدا دەمێنێتەوە. بەڵام ڕەوتێک کە لە دەوری داواکارییەکانی وەک مووچە، نیشتەجێبوون، تەندروستی و چارەسەری و وەبەرهێنانی ناوچەیی ڕێک بخرێت و مافەکانی کوردیش بکاتە بەشێک لە هەمان ئەم بەرنامەیە، دەتوانێت پشتیوانیی زۆرینەی کۆمەڵگە بە دەست بهێنێت. پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان لە هەوڵدا بووە ڕوانگەیەکی لەم چەشنە بباتە پێش و دەبێت بە دەنگێکی بەرزتر بەرگریی لێ بکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت سەرنج بدرێت کە بە بێ ئازادیی ڕادەربڕین، ناساندن و بانگەشەکردن بۆ ئەم ڕەوتە سیاسییە ڕۆژ بە ڕۆژ سەختتر دەبێت؛ چونکە لە بارودۆخی ئێستادا، تەواوی ڕاگەیاندنەکانی تورکیا لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدان.
سێیەم پێشینە، وەبەرهێنانە لەسەر دامەزراوە و پێکهاتەگەلێک کە بمێننەوە. زیادکردنی توانای کارگێڕیی شارەوانییەکان، پێکهێنانی گرووپە یاسایییەکان، بەهێزکردنی یەکێتییە کرێکارییەکان، دروستکردنی هەرەوەزییەکانی ژنان و ڕێکخستنی گەنجان دەتوانێت تووڕەیی و ناڕەزایەتیی گشتی بگۆڕێت بۆ هێز و ئامرازی گوشاری سیاسی. جۆشدانی ڕای گشتی لە فەزای مەجازیدا بەسوودە، بەڵام ناتوانێت جێگەی ڕێکخستنی ڕاستەقینە بگرێتەوە.
چوارەم پێشینە، دروستکردنی یەکێتییە لەسەر بنەمای ئەنجام و ئامانجە هاوبەشەکان، نەک تەنیا ناسنامەی نەژادی. بایرام بۆزیەڵ بە ڕاستی جەخت لە گرنگیی یەکێتیی کوردەکان دەکاتەوە و دەڵێت هەڤبەندی «دژی هیچ حیزبێک نییە». بەهەندوەرگرتنی ئەم هەڵوێستە بە مانای ئەوەیە کە ئەم هاوپەیمانییە لە جێی گۆڕینی بۆ جەمسەرێکی نەتەوەپەرستانە و ڕکابەر لە بەرامبەر پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلاندا، لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ئەم پارتەدا ڕکابەری و هاوکاری بکات؛ ئەویش لە قۆناغێکدا کە کوردەکان زیاتر لە هەر کاتێکی تر خاوەنی هێزی دانوستانن. دەبێت تێبگەین کە دەوڵەت دەتوانێت ناکۆکیی نێوان ڕەوتە کوردییەکان دژی خودی ئەوان بەکار بهێنێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران