خبر 2026-11-17 12:15 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

تورکیا: چۆڵکردنی سەربازگەی باشیک بەسراوە بە هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراق لە شنگال

باڵیۆزی تورکیا مەرجی چۆڵکردنی سەربازگەی باشیکی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند؛ ڕادەستکردنەوەی بنکەکە قۆناغ بەقۆناغ دەبێت ‌و بەستراوەتەوە بەجێبەجێکردنی هەنگاوەکانی بەغدا لە شنگال.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئانیل ئینان باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، پەردەی لەسەر مەرجی وڵاتەکەی بۆ چۆڵکردن ‌و ڕادەستکردنەوەی سەربازگەی (زێلكان له ‌باشیک) لادا و ڕایگەیاند، پرۆسەی ڕادەستکردنەوەی ئەو بنکە سەربازییە بەشێوەیەکی قۆناغبەندی دەبێت‌ و بەتەواوی بەستراوەتەوە بەهەنگاوەکانی حکوومەتی عێراق لە شنگال.

ئەم لێدوانەی باڵیۆزی تورکیا لەکاتێکدایە کە دۆسیەی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە ناوخاکی عێراق‌ و پێشهاتە نوێیە ئەمنییەکانی شنگال، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرەن.

ئانیل ئینان جەختیکردەوە، تورکیا ئامادەیە سەربازگەی باشیک ڕادەستی عێراق بکاتەوە، بەڵام ئەمکارە بەیەکجار نابێت؛ بەڵکو قۆناغ بەقۆناغ جێبەجێ دەکرێت ‌و بەندە بەوەی حکوومەتی عێراق لە قەزای شنگال چ هەنگاوێکی کرداری دەنێت.

ئەم هەڵوێستەی تورکیا هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێیەکانی شنگال، دوای ئەوەی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) بەفەرمی ڕێککەوتن ‌و تێکەڵبوونیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا ڕاگەیاند.

ئەنقەرە ده‌ڵێت، "لەنزیکەوە چاودێریی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە و سەپاندنی دەسەڵاتی فەرمیی دەوڵەتی عێراق دەکه‌ین لە شنگال، وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ کشانەوەی هێزەکانمان لە باشیک".

سەربازگەی باشیک (کە بەسەربازگەی زێلکانیش ناسراوە) دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری مووسڵ ‌و تەنها 12 کیلۆمەتر لەسەنتەری شارەکەوە دوورە، سوپای تورکیا لەکۆتاییەکانی ساڵی 2015و لەسەردەمی شەڕی دژی داعشدا بەبیانووی مەشقپێکردنی هێزە ناوخۆییەکان لەو سەربازگەیەدا جێگیربوو.

لەماوەی 11 ساڵی ڕابردوودا، مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە باشیک بەردەوام جێگەی ناڕەزایەتیی عێراق بووە و بەغدا بەپێشێلکردنی سەروەریی خاکەکەی ناوی بردووە، لەبەرامبەریشدا تورکیا مانەوەی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی دەزانێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.