خبر 2026-11-21 09:30 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

عەلی زەیدی جەخت لەسەر سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی عێراقدا دەکاتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیامێکیدا بۆ ئەو هێزانەی کە چوونە ناو جورف سەخر ڕایگەیاند، سەلماندتان کەس ناتوانێت لەبەردەم یەکگرتوویی عێراقدا خۆی ڕابگرێت، جەختیش دەکاتەوە، کە لە جورف نەسرەوە سەرەتا دەستپێدەکات بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی عێراقدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی زەیدیی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەپەیامەکەیدا جەختیشی کردەوە کە جورف نەسر سەرەتایەکە بۆ عێراقێکی بەهێزو یەکگرتوو.

ناوبراو ڕایگەیاند، بۆ هەموو یەکە جێگیرکراوەکانی سەر زەوی لەجورف نەسر، خوا هێزتان بداتێ ئەی قارەمانان. خوا هێزت بداتێ فەریق ئەحمەد. ئێستا قسەتان بۆ دەکەم لەکاتێکدا ئێوە قۆناغێکی گرنگ لەمێژوی عێراقدا دادەڕێژن.

هاوکات، عەلی زەیدیی وتیشی، دوو ئامۆژگاریتان دەکەم کە لەگەڵ قارەمانێتییەکانتاندا بگونجێن: دانبەخۆداگرتن و ژیری؛ چونکە ئێمە شەڕ ناکەین، هەموو ئەوانەی لەوێن برای ئێوەن، هیچ دوژمنایەتییەک لەنێوانتاندا نییەو هیچ نەیارێک لەپێشتاندا نییە.

جەختیشی کردەوە، کە  ئەوان ڕۆڵەی ئەم نیشتمانەن و خوێنی ئەوان خوێنی ئێمەیە. ئەم قۆناغەش ڕۆحی لەخۆگرتن هەڵدەگرێت نەک دورخستنەوە. هەموان پەیوەست دەبن بەهێزە چەکدارەکانەوە لەژێر یەک ئاڵا، یەک سەرکردایەتی و یەک یاسادا.

ئەی قارەمانان، بڕیارمان نەگۆڕە: هیچ چەکێک لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نابێت، هیچ چەکێک نییە جگە لەچەکی عێراق، هیچ بڕیارێک نییە جگە لەبڕیاری عێراق و هیچ ئاڵایەک لەسەرووی ئاڵای عێراقەوە بەرز نابێتەوە.

گەلە عێراقییەکەتان قسەی خۆی کردو لەگەڵ دەوڵەتدا وەستا بۆ پاراستنی سامانی عێراق و لەباربردنی گەندەڵی و یاخیبوون. لەم شوێنەوە لەجیاتی ئێوە سوپاس و پێزانین ئاراستەی گەلی ئازای عێراق دەکەین کە پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی خۆی کرد. سەلماندتان کە عێراق کاتێک یەکدەگرێت، هیچ شتێک ناتوانێت لەپێشیدا بوەستێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەجورف نەسرەوە سەرەتا دەستپێدەکات بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی عێراقدا تاوەکو ڕوبەڕوی هەر گەندەڵییەک یان چەکێکی بێسەروبەر ببینەوە لەوڵاتەکەماندا. ئەمە سەرەتای عێراقێکی یەکگرتوی بەهێزو دادپەروەرە کە دەستورو یاسا حوکمی دەکەن. خوا بتانپارێزێت و هەنگاوەکانتان ڕاست بکات لەجێبەجێکردنی ئەرکە پیرۆزەکەتاندا.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.