تەملێ: بوودجەی ئەمساڵی تورکیا، بوودجەی جەنگە نەک ئاشتی
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەزایی تەملێ لە سێیەمین کۆنگرەی نائاساییی ڕێکخستنەکانی پارێزگایی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئادانا وتارێکی پێشکەش کرد. نوێنەرانی حزبە سیاسییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ئەندامانی پلاتفۆرمی دەزگا دیموکراتیکەکانی ئادانا لەم کۆنگرەیەدا ئامادە بوون.
کۆنگرەکە بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و ئامادەکردنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان دەست پێ کرد. لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا، سەیفەدین ئایدەمیر، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی دەم پارتی، لەسەر ڕەوتی «ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک» ئاخاوت و لە دەوڵەتی تورکیای داوا کرد بۆ پێشکەوتنی ئەم ڕەوتە هەنگاوی کرداری بنێت.
سەزایی تەملێ لە بەشی یەکەمی قسەکانیدا پەرژایە سەر کێشە ئابووری، پیشەسازی و کشتوکاڵییەکانی ئادانا و گوتی ئەم شارە سەرەڕای بەهرەمەندبوون لە توانای فراوان لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازیدا، ڕووبەڕووی پاشەکشەی جدی بووەتەوە.
ئەو جیاوازییە نادادپەروەرانەی لە بوارەکانی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، پیشەسازی و ڕەخساندنی کاردا هەن، بە دەرئەنجامی سیاسەتە ئابووری و سیاسییەکانی دەوڵەت زانی و جەختی کردەوە کە نیشاندەرەکانی دابەشکردنی داهات، گەشەپێدان، پەروەردە و تەندروستیش دەبێت لە هەڵسەنگاندنی ڕهەندەکانی جیاوازیی ناوچەییدا لەبەرچاو بگیرێن.
تەملێ بە ئاماژەدان بە پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ۲۰۲۷ کە تاوتوێکردنی لە پەرلەمانی تورکیادا بەردەوامە، گوتی ئەم بوودجەیە بەرنامەیەک بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییە ناوچەیییەکان پێشکەش ناکات و سەرمایەگوزارییە پێشبینیکراوەکان لە بەشەکانی کشتوکاڵ، پەروەردە و تەندروستیدا، بەرسڤی پێداویستییەکانی ناوچە جیاوازەکانی وڵات نادەنەوە.
ئەو دەوڵەتی تۆمەتبار کرد بەوەی سەرچاوەکانی بوودجەی بەرەو بەرژەوەندیی سەرمایەداران ئاراستە کردووە و زیادی کرد: «بوودجە دەبێت لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی خەڵک و ناوچە بێبەشەکان دابڕێژرێت، بەڵام لە بوودجەی ئێستادا شێوازێکی وەها نابینرێت.»
ئەم بوودجەیە، بوودجەی جەنگە نەک ئاشتی
تەملێ بە ڕەخنەگرتن لە بەرزبوونەوەی تێچووە بەرگری و سەربازییەکان لە بوودجەی ساڵی داهاتوودا گوتی بەردەوامیدان بە سیاسەتەکانی جەنگ و پێکدادان و خۆبواردن لە چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد، لێکەوتەی سیاسی و ئابووریی فراوانی بۆ تورکیا هەبووە.
ئەو گوتی سەرەڕای دەستپێکردنی ڕەوتی «ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک» و ڕاگەیاندنی ئامادەیی بۆ وەلانانی چەکەکان، تێچووە بەرگرییەکان لە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا ۶۰ لەسەد زیادی کردووە.
تەملێ زیادی کرد: «کاتێک ئیرادەیەک بۆ وەلانانی چەکەکان شێوەی گرتووە، بوودجەش دەبێت هاوتا لەگەڵ پێداویستییەکانی ئاشتیدا بگۆڕێت. بەڵام بوودجەی هەیی، بوودجەی ئاشتی نییە؛ بوودجەی جەنگە.»
یاسای چوارچێوە بە خێرایی جێبەجێ بکرێت
ئەم سیاسییەی دەم پارتی بە ئاماژەدان بە قۆناغی ئێستای پڕۆسەی ئاشتی، لە پەرلەمانی تورکیای داوا کرد یاسای پێویست بۆ بەردەوامیی ئەم ڕەوتە بێ دواکەوتن تاوتوێ و پەسەند بکات.
تەملێ گوتی: «گوتیان چەکەکان بێدەنگ بن؛ بێدەنگ بوون. ئێستا دەبێت کردەوەی پێویست ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەنجام نادرێت. ئەرکی خۆتان بەجێ بهێنن؛ یاسای چوارچێوە بە خێراترین کات بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە و یاساکانی تر کە دەبێت لە پەنایدا پەسەند بکرێن، دەستبەجێ بخەنە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.»
تەملێ جەختی کردەوە کە پڕۆسەی ئاشتی نابێت تەنیا لە پەسەندکردنی یاساکان یان دیدارە خولیییەکانی دەستەکاندا بپچڕێت و دانوستانەکان دەبێت ببنە ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی و دیموکراتیک.
ئەو داوای باشکردنی بارودۆخی کار و ژیانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی کرد و گوتی دەبێت دەرفەتی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی ئەو لەگەڵ توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا فەراهەم بێت: «دانوستان نابێت تەنیا بەو دیدارانەوە ببەسترێتەوە کە دەستەکان لە مەودا کاتییە دیاریکراوەکاندا ئەنجامی دەدەن. توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەش دەبێت بتوانن لەم ڕەوتەدا ئامادەیییان هەبێت.»
داواکاری بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش و یووکسەکداغ
سەزایی تەملێ لە درێژەدا داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی ئەورووپیی مافەکانی مرۆڤ و دادگەی یاسای بنەڕەتیی تورکیای کرد و گوتی بۆ دەستگەیشتن بە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەبێت لێکەوتەکانی نادادپەروەری و بێبەشییەکانی ڕابردوو وەلاببرێن.
ئەو داوای ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یووکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، و بەندکراوە سیاسییەکانی تری کرد. تەملێ هەروەها بەرامبەر بە بەردەوامیی بەندکردنی جان ئاتالای سەرەڕای بڕیاری دادگەی یاسای بنەڕەتی ناڕەزایەتی دەربڕی.
ناویبراو زیادی کرد ئەو کەسانەی بە بڕیارنامەکانی دۆخی نائاسایی لە بەڕێوەبردنی کار و سەرچاوەکانی گوزەرانی خۆیان بێبەش کراون، دەبێت بگەنەوە بە مافەکانی خۆیان و مامۆستایانی ئەکادیمیی ئاشتیش دەبێت دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ زانکۆکان بۆ فەراهەم بێت.
تەملێ لە بەشی کۆتاییی قسەکانیدا گوتی دیموکراتیکبوونی تورکیا تەنیا لە ڕێگەی چاکسازیی یاسایی و یاسای بنەڕەتی کە لە سەرەوە بنووسرێن فەراهەم نابێت و کۆمەڵگەش دەبێت لەم ڕەوتەدا بەشداریی ڕاستەوخۆی هەبێت.
ئەو بە ئاماژەدان بە گرنگیی ئەنجومەنە جەماوەرییەکان، کۆمۆنەکان و بەڕێوەبەرییە خۆجێییە دیموکراتیکەکان، داوای بەشداریی گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی لە ڕەوتی بڕیارداندا کرد و گوتی: «ڕێگەیەک بێجگە لە ئاشتی لە ئارادا نییە؛ بەڵام ئاشتی پێویستی بە خەبات، ڕێکخراوەیی و هاوپشتی هەیە. ئێمە سەر دەکەوین.»
لە کۆتاییی کۆنگرەکەدا، هەڵبژاردنی ڕێکخستنەکانی پارێزگاکان بەڕێوەچوو و یەعقووب ئاتاش و ئەمینە ئادیبەلی وەک هاوسەرۆکانی ڕێکخستنەکانی دەم پارتی لە پارێزگای ئادانا هەڵبژێردران.
بۆچوونی بەکارهێنەران