بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر داوای هەنگاوی کرداری لە دەسەڵاتی تورکیا دەکات
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پارتی کرێکارانی کوردستان کە لە ئایاری 2025دا خۆی هەڵوەشاندەوە و ناوی بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەری لە خۆی نا، لە ڕاگەیێندراوەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەو هەنگاوە کردەییانەی کە دوای بانگەوازەکەی 27ی شوباتی 2025ی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نراون، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، سووتاندنی سیمبوولیی چەکەکان و کشانەوە لە سنوورەکانی تورکیا کە بەگوتەی خۆیان بەڵگەی گۆڕانکاریی ستراتیژییانە.
بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر دەڵێت کە دوای پەسندکردنی پڕۆژە یاسای تایبەت بە پرۆسەکە لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا لە پەرلەمان، سەرجەم گەریلاکانیان لە تورکیا کشاندوونەتەوە و شانەی ناو شارە گەورەکانیش چوونەتە ناوچەکانی پاراستنی میدیا لە هەرێمی کوردستان. بە جۆرێک لە دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 10 ئەشکەوت لە نزیک سنوورەکانی تورکیا چۆڵکراون و ئێستا هیچ هێزێکی سەربازیی ئەوان لەو ناوچە و شوێنە جێگیرکراوانەی سوپای تورکیا نەماوە؛ هەر بۆیە دۆخی نەبوونی شەڕ نەوەک تەنیا لە ڕووی بڕیاری ویستەوە، بەڵکو لە ڕووی جوگرافیشەوە هاتووەتە دی و سوپای تورکیا ناتوانێت باس لە هیچ هەڕەشەیەکی سەربازی بۆسەر خۆی بکات.
سەرەڕای ئەم هەنگاوە خێرا و کاریگەرانە، بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر ڕەخنە لەوە دەگرێت کە دەسەڵاتی تورکیا لە ڕووی کردارییەوە هەنگاوی پێویستی نەناوە و دەڵێت لە هیچ شوێنێکی جیهاندا کە چەندین دەیە شەڕی تێدا بووبێت، بزووتنەوەیەکی هاوشێوەی ئەوان هەنگاوی وەها خێرا و کاریگەری نەناوە. ئەم وەستانەش لەنێو رای گشتیدا گومانی دروستکردووە، بە جۆرێک لەبارەی ئەو بابەتانەی لە ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەماندا دەستنیشانکراون و تەنانەت پێویستییان بە یاساش نییە، هەنگاوی دیموکراسی نەنانراوە؛ ئەمەش نیگەرانییەکان زیاتر دەکات لەسەر ئەوەی ئایا پرۆسەکە چەقیبەستووە یان سڕکراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوان هیچ نیگەرانییەکیان بۆ پێگەی داهاتووی خۆیان نییە و تاکە نیگەرانییان ئەوەیە کە تورکیا ببێتە خاوەنی سیستمێکی دیموکراسی.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا داواکارییە سەرەکییەکان بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەکە باسکراون و جەخت لەوە کراوەتەوە کە بەرەو پێشچوونی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی تەنیا بە ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەدی دێت. دەبێت ڕێبەرەکەیان بگاتە ئەو مەرج و دۆخەی بتوانێت بە ئازادی بژی و کار بکات، و لەم پێناوەشدا پێویستە دەستەی ئاشتی و بەسیاسیکردن دەستبەکار بێت.
بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر ئیرادەی خۆی بۆ بەشداریکردن لە ژیانی سیاسیی دیموکراسیدا خستووەتەڕوو و دەڵێت کاتێک سیستمێکی یاسایی کە ڕێگە بەو کارە دەدات هاتە کایەوە، گەڕانەوە بۆ تورکیا دەستپێدەکات و ویستیان بۆ چارەسەری سیاسیی دیموکراسی تەواوە.
بۆ چارەسەریی هەمیشەیی، بزووتنەوەکە پێیوایە کە تەنیا بە چەکدانان کێشەکە چارەسەر نابێت، بەڵکو دەبێت هۆکارە بنەڕەتییەکانی شەڕ بنبڕ بکرێن و هەنگاوی دیموکراسی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و پرسی عەلەوییەکان بنرێت تاوەکو تورکیا سەرجەم تواناکانی خۆی دەخاتە خزمەت پێشخستنی کۆمەڵگە و دەبێتە مۆدێلێک کە سەرنجی هەموو جیهان ڕابکێشێت.
جێی باسە، پرۆسەی نوێی چارەسەری لە دوای بانگەوازەکەی تشرینی یەکەمی 2024ی دەوڵەت باخچەلی و بانگەوازەکەی 27ی شوباتی 2025ی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستی پێکرد، و لە ئایاری 2025 پەکەکە کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری ڕاگەیاند و لە ئابی 2026یشدا یاسای چوارچێوەیی لە پەرلەمان پەسندکرا.
ئێستا بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەکە و جێبەجێکردنی یاساکە، چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیان کە بڕیارە ڕۆژی 27ی تشرینی دووەمی 2026 بەڕێوەبچێت؛ ئەگەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری پشتڕاستکردنەوە لە چەکدانانی پەکەکە دەربچێت، یاسای چوارچێوەیی دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و گەریلاکان دەتوانن لە ماوەی شەش مانگدا داواکاری پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی لەو پرۆسەیە سوودمەند ببن.
بۆچوونی بەکارهێنەران