خبر 2026-11-13 14:38 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

دەم پارتی داوا له پارتی و یەکێتی دەکات ناکۆکییەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن

ئەنجومەنی دەم پارتی راگەیەنراوی کۆتایی کۆبوونەوەی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای کرد، هەنگاوە سیاسی و یاساییەکان بۆ قۆناخی دووەمی پرۆسەی چارەسەری بەبێ دواکەوتن بنرێن و داواشی لە هێزە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، ناکۆکییەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) راگەیەنراوی کۆتایی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارتەکەی بڵاوکردەوە، کە دوای پێنجەمین کۆنگرەی گەورەی ئاسایی خۆی لە رۆژانی ٧ و ٨ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا کرد.

دەم پارتی لە راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێت، "تێپەڕاندنی ناکۆکییە سیاسییەکان و یەکڕیزیی هێزە سیاسییە کوردەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، گرنگییەکی مێژوویی هەیە بۆ پاراستنی یەکێتیی گەلی کورد، داهاتووی هاوبەش و دەستکەوتەکانی. نابێت رێگە بدرێت جیاوازییە سیاسییەکان ئیرادەی هاوبەشی گەل لاواز بکەن. داوا لە هەموو هێزە سیاسییە کوردییەکان دەکەین، کە ناکۆکییەکان لە رێگەی دیالۆگەوە تێپەڕێنن و بۆ یەکێتیی گەلی کورد لەسەر بنەمایەکی هاوبەش کۆ ببنەوە.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکە دەم پارتی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا بچێتە قۆناخی دووەم و داوای کردووە، "پێویستە هەنگاوە سیاسی و یاساییەکان بۆ قۆناخی دووەم بەبێ دواکەوتن بنرێن. جێبەجێکردنی ئەو رێکخستنە یاساییەی کە لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کراوە، دابینکردنی گەرەنتیی یاسایی گونجاو بۆ پرۆسەکە، و چارەسەرکردنی پرسە بنەڕەتییەکان، بەتایبەتی 'مافی هیوا' و دۆخی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان، پێویستین.

هەروەها لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "کۆتاییهێنان بە دانانی قەییومەکان، داننان بە ئیرادەی گەل، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی دەستووریی تورکیاو دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، و مسۆگەرکردنی مافی ژیان و تەندروستیی زیندانییە نەخۆشەکان، پێداویستیی دانەبڕاوی دیموکراسییەتن.

دەم پارتی پێناسەی خۆی بۆ ئاشتی خستووەتەڕوو و دەڵێت، "ئاشتی تەنیا بێدەنگبوونی چەکەکان نییە؛ بەڵکو رووبەڕووبوونەوەی راستییەکان، هاوڵاتیبوونی یەکسان، ماف و ئازادییەکان، دادپەروەری و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە.

دەم پارتی دووپاتیکردووەتەوە، "چارەسەری دیموکراتییانە و ئاشتییانەی پرسی کورد، یەکێکە لە مەرجە بنەڕەتییەکانی گۆڕینی تورکیا بۆ کۆمارێکی دیموکراتی و کۆمەڵایەتی" و رایگەیاندووە کە بۆ سەرخستنی ئەم دەرفەتە مێژووییە بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە و بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.