پەرلەمانی کوردستان؛ دامەزراوەیەک کە هەڵبژاردنی هەیە بەڵام دەسەڵاتی نییە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕاپۆرتێکی توێژینەوەییی نوێ بە ناونیشانی «هەڵبژاردن بەبێ دەسەڵاتی پەرلەمانی؛ ئەزموونی دیموکراتیکی هەرێمی کوردستان» لە نووسینی گۆران ئازاد، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بە هەڵسەنگاندنی زیاتر لە سێ دەیە لە چالاکیی ئەم دامەزراوەیە، نیشانی دەدات کە ڕکابەری و ڕێککەوتنە سیاسییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی، قۆرخکردنی دەسەڵات و لاوازکردنی دامەزراوە سەربەخۆکان، بەربەستی سەرەکیی شێوەگرتنی سیستمێکی پەرلەمانیی کارا بوون لە هەرێمی کوردستاندا.
ئەم توێژینەوەیە کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٦دا لە لایەن پڕۆژەی «ئامارگی»یەوە بڵاو کراوەتەوە، مێژووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی لە یەکەمین هەڵبژاردن لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ەوە تا خولی شەشەم هەڵسەنگاندووە و بە بەڵگەوە دەیسەلمێنێت کە ئەگەرچی پێکهێنانی پەرلەمان یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتە سیاسییەکانی کوردەکانی عێراق بوو لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، بەڵام ئەم دامەزراوەیە پلە بە پلە سەربەخۆیی و پێگەی ڕاستەقینەی خۆی لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا لە دەست دا.
گۆران ئازاد دەنووسێت، یەکێک لە ڕیشە سەرەکییەکانی ئەم قەیرانە، تێڕوانینی پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی بووە بۆ هەڵبژاردن و پەرلەمان وەک ئامرازی پاراستن و دابەشکردنی دەسەڵات، لە جێگەی قبووڵکردنی ڕکابەریی دیموکراتیک و گواستنەوەی ڕاستەقینەی دەسەڵاتەکان بۆ دامەزراوە یاسایییەکان. ئەم دوو حزبە لە یەکەمین هەڵبژاردنەوە تا ئێستا ئامادە نەبوون لە ئەگەری شکستهێنان لە هەڵبژاردندا، ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن قبووڵ بکەن و هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکان و پشکپشکێنەی سیاسی چەندین جار جێگەی میکانیزمە پەرلەمانییەکانیان گرتووەتەوە.
ڕاپۆرتەکە بە پێداچوونەوەی شەش خولی پەرلەمان، نیشانی دەدات کە ئەم ڕەوتە چۆن بووەتە هۆی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان؛ هەر لە دابەشکردنی دەسەڵات بە شێوەی پەنجا بە پەنجا لە نێوان هەردوو حزب و جەنگی ناوخۆییی ساڵانی ١٩٩٤ تا ١٩٩٧ەوە بگرە تا پێکهێنانی دوو ئیدارەی جیاواز لە هەولێر و سلێمانی، پەکخستنی پەرلەمان لە ساڵی ٢٠١٥ و توانانەبوون لە پەسەندکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان. نووسەر هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لە زۆربەی قۆناغەکاندا، بڕیارە بنەڕەتییەکان سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەت، بودجە، سەرۆکایەتیی هەرێم و تەنانەت کۆتاییهێنان بە قەیرانە سیاسییەکان، لە دەرەوەی پەرلەمان و لە دانوستانەکانی سەرکردەی حزبەکاندا دراون.
ئەم توێژینەوەیە لاوازیی چاودێریی پەرلەمانی بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکاردا، دەستوەردان و کاریگەریی حزبەکان لە دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکاندا، پاشکۆیەتیی دامەزراوە سەربەخۆکان بە ڕەوتە سیاسییەکانەوە، لاوازکردنی ئۆپۆزسیۆن و دابەزینی ئاستی لێهاتوویی پەرلەمانتاران بە هۆکارەکانی تری قەیرانی دیموکراتیکی هەرێم دەزانێت. بە باوەڕی نووسەر، گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن لە لیستی داخراوەوە بۆ لیستی نیمچەکراوەش بووەتە هۆی بەهێزکردنی ڕکابەرییە تاکەکەسی، خێڵەکی و پۆپۆلیستییەکان و پێگەی بەرنامە سیاسییەکان و شایستەییی بەربژێرەکانی لاواز کردووە.
گۆران ئازاد لە هەڵسەنگاندنی پێشهاتەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانیشدا وەبیری دەهێنێتەوە کە هەڵبژاردنی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بە بەشداریی ٧٢ لە سەد بەڕێوە چوو، بەڵام پەرلەمان دوای یەکەمین دانیشتن لە ٢ی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ و سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، بەبێ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ بە کردەوە ناچالاک مایەوە. دواجار لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢۶دا، پەرلەمان بەبێ بەشداریی یەکێتیی نیشتمانی و هەندێک لە حزبە بەرهەڵستکارەکان، دەستەی سەرۆکایەتیی خۆی هەڵبژارد و چالاکیی فەرمیی دەستی پێ کردەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا، ناکۆکی لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و پێکهێنانی کابینەی نوێ هێشتا بە چارەسەرنەکراوی مایەوە.
ئەم ڕاپۆرتە لە بەشی کۆتاییدا، کۆمەڵێک پێشنیار بۆ دەرچوون لە قەیرانەکە دەخاتە ڕوو کە لەوانە دەتوانرێت ئاماژە بە داڕشتن و پەسەندکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و گۆڕینی سیستمی لیستی نیمچەکراوە بە سیستمێکی تێکەڵاو کە ٥٠ لە سەدی لیستی داخراو و ٥٠ لە سەدی لیستی کراوە لەخۆ بگرێت، چالاککردنەوەی دامەزراوە سەربەخۆکانی چاودێری و هەڵبژاردن، جێبەجێکردنی یاسای حزبەکان و کۆتاییهێنان بە پاشکۆیەتیی هێزە چەکدارەکان بە حزبەکانەوە بکرێت. هەروەها جەخت لەسەر پێویستیی پشتیوانیی یاسایی و دارایی لە ئۆپۆزسیۆن، میدیا سەربەخۆکان و کۆمەڵگەی مەدەنی کراوەتەوە.
نووسەر لە کۆتاییدا پێشنیار دەکات کۆنفرانسێکی گشتگیر بە بەشداریی سیاسەتمەداران، ئەکادیمییەکان و پسپۆڕان ببەسترێت تاوەکو هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی ئەزموونی دیموکراتیکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ەوە تا ئێستا لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت و ڕێکارە کردەیییەکان بۆ گۆڕینی پەرلەمان بۆ دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و خاوەن دەسەڵاتی ڕاستەقینە دابڕێژرێن. لە ڕوانگەی ئەم توێژینەوەیەوە، بەبێ کۆتاییهێنان بە قۆرخکاریی حزبی و گواستنەوەی دەسەڵات لە پێکهاتە سیاسییەکانەوە بۆ دامەزراوە یاسایییەکان، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە تەنیا ناتوانێت گەرەنتیی دیموکراسی و دەسەڵاتدارییەکی بەرپرسیار لە هەرێمی کوردستاندا بکات.
بۆچوونی بەکارهێنەران