ئەمریکا چۆن لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت؟
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری «ئەلمەجەلە» لە لەندەن، لە بابەتێکدا سەبارەت بە دەستوەردانی ئەمریکا لە ناکۆکییەکانی کوردەکانی عێراقدا نووسیی: لە ڕوانگەی واشنتۆنەوە، نەخشەی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕوون و تێگەیشتووە؛ کێڵگەکانی نەوت و گاز، هێڵەکانی بۆری، کۆمپانیا و سەرمایەگوزارییەکان، سنوورە هاوبەشەکان لەگەڵ ئێران، تورکیا و سووریا و هاوبەشێک کە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا ڕۆڵی هەیە.
بەڵام ڕاستیی سەر زەوی لەم وێنەیە ئاڵۆزترە؛ دەیان ساڵ خوێنڕشتن و ناکۆکی لەگەڵ بەغدا، پێشینەی ڕاپەڕین و پێکدادانە ناوخۆییەکان، ململانێ سیاسی، چینایەتی و خێڵەکییەکان، ئەو بنەماڵانەی دەسەڵات بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازنەوە و لە هەمان کاتدا لەگەڵ یەکتر ناکۆکییان هەیە، ئەو حزبانەی هەر یەکەیان هێزی سەربازی، دەزگای ئەمنی و مەودای کاریگەریی تایبەت بە خۆیان هەیە و لە کۆتاییشدا، هەستی تاڵی نادادپەروەریی سەرچاوەگرتوو لە پێگەی زەمینی و هەڵسوکەوتی وڵاتانی دراوسێ.
سەپاندنی ڕێککەوتنێک بەسەر کۆمەڵگەیەکی برینداردا دەکرێت، بەڵام سەپاندنی ئاشتەوایی بەسەر کۆمەڵگەیەکی وەهادا بابەتێکی ترە. دەتوانرێت پۆستەکان، وەزارەتەکان و سەرچاوەکان دابەش بکرێن، ڕێککەوتننامە واژۆ بکرێت، هاوبەشیی سیاسی شێوە بگرێت و دەسەڵات پێک بهێنرێت، بەڵام یادەوەرییە مێژووییەکان بە ئامۆژگاریی هاوپەیمانێک ناسڕدرێنەوە و بێمتمانەییش بە تەوقەکردنی ڕێبەران لەناو ناچێت.
ئەوەی لە تێڕوانینی تام باراکەوە وەک ناکۆکییەکی خێزانی دەردەکەوێت کە دەتوانرێت بە ئامۆژگارییەکانی ئەمریکا لە پایتەختی ئینگلتەراوە بەسەریدا زاڵ ببن، لە تێڕوانینی دانیشتووانی چیاکان، دۆڵەکان و تونێلەکانی کوردستانەوە، هاوکێشەیەکە بۆ مانەوە.
واشنتۆن دەتوانێت لە سەرەوە لە هەرێمی کوردستان بڕوانێت و بڕیار بدات چ کاتێک دەستوەردان بکات و چ کاتێک لێی بکشێتەوە. بەڵام کوردەکان ناتوانن زەمینە، مێژوو یان تاڵیی ئەزموونی ئەوەی بە درێژاییی دەیان ساڵ و لە ئەودیوی سنوورەکانەوە بە «خیانەتەکانی ئەمریکا»ی دەزانن، بەجێ بهێڵن.
کوردەکان ناچارن لەگەڵ دراوسێ هەمیشەیییەکان و ئەو ناکۆکییانەدا بژین کە ئامۆژگارییە سیاسییەکان توانای لەناوبردنیانیان نییە. تام باراک نێردەیەکە کە دێت و دەڕوات؛ هاوپەیمانێکی کاتییە. بەڵام دراوسێکان هەمیشەیین، دەسەڵات لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازنەوە و هەرگیز ئەم زەمینەیە بەجێ ناهێڵن.
بۆچوونی بەکارهێنەران