خبر 2026-11-12 10:01 کاتی خوێندنەوە: 3 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

ئەنجومەنی وەزیران هەرێم داوا لە تیمی وەزاریی یەکێتی ده‌كان بگەڕێنەوە بۆ کارەکانیان لە حکوومەت

ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، پێشوازیی و پشتیوانی لە بانگەوازی سەرۆکی پارتی دەکات سەبارەت بە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ لەپێناو بەهێزترکردنی سیستەمی سیاسی و دیموکراسی و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، داوا لە تیمی وەزاریی یەکێتی ده‌كات بگەڕێنەوە بۆ کارەکانیان لە حکوومەت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، کۆ بووەوە و ژمارەیەک بابەتی گرنگی پەیوەست بە بانگەوازی مه‌سعوود بارزانی، دوا ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و هێرشی تیرۆریستی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و لێکەوتەکانی، تاوتوێ کرد.

ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازیی و پشتیوانی لە بانگەوازی مەسعوود بارزانی دەکات سەبارەت بە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ لەپێناو بەهێزترکردنی سیستەمی سیاسی و دیموکراسی و دامەزراوە شەرعی و دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، ئەنجومەنی وەزیران، هەروەها داواش لە هاوکارانمان، لە تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و درێژە بە کارکردن و دەوامکردنیان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدەن و هەر سەرنج و تێبینی و پێشنیارێکیشیان هەیە، پێویستە لە چوارچێوەی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت و چارەسەر بکرێن.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی لەبارەی دوا سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا و کۆبونەوەی لەگەڵ شاندی باڵای حکوومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران عەلی ئەلزەیدی کرد.

مه‌سروور بارزانی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یاند، لە گفتوگۆکانیدا لە بەغدا، جەختی لە پێویستیی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتیی عێراق بەشێوەیەکی دادپەروەرانە كردوە.

ئەنجومەنی وەزیران، شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد کە لەسەر بنەمای ئەو لەیەکتێگەیشتن و کەشە ئەرێنییەی لە دوا سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا هاتوەتە ئاراوە، لە گفتوگۆ و دانوستانەکانی بودجەی ساڵی 2027 بەردەوام بن، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی و کۆتایی و دادپەروەرانە، لەبارەی جێگیرکردنی موچە و شایستە دارایییەکان و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵدا.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەدا، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، راپۆرتێکی لەبارەی لێکەوتەکانی هێرشی تیرۆریستی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر پێشکەش کرد، کە بوەتە هۆی وەستانی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە و کەمبونەوەی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بە هاوڵاتییان.

هەروەها باسی لە هەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا کرد بۆ قەرەبوکردنەوەی بەشێک لە کەمبونەوەی کارەبا لە ڕێگەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بە نەوتی ڕەش و دیزل و کارۆئاوی و فلێر گاز کار دەکەن.

هاوكات رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وەزیری ناوخۆ باسی لە وردەکارییەکانی ئەو لیژنە ئەمنییە هاوبەشەی حکوومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بۆ بەدواداچون و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە پێکهنێراوە و تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، ئەنجومەنی وەزیران بە توندترین شێوە، ئەو هێرشە تیرۆریستییە بۆ سەر کۆرمۆر شەرمەزار دەکات کە ئامانجی تێکدانی ژێرخانی ئابوری و وزەی هەرێمی کوردستان و عێراقە و مەبەستی زیانگەیاندنە بە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان و پێویستە کۆتایی بەم هێرشانە بهێنرێت.

شایانی باسە پێنجی ئه‌م مانگه‌، تیمی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كشایه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی حزبه‌كه‌ بڕیاری كشانه‌وه‌ی ده‌ركرد، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی رۆژێك پێشتر پارتی دیموكراتی كوردستان و ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری دیكه‌ كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانیان ئه‌نجامدا و په‌رله‌مانیان كاراكرده‌وه‌.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.