کوردەکان لە هێزێکی ئەڵتەرنەتیڤەوە تا هاوبەشی دەسەڵات لە دیمەشقدا
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری «ئامارگی» لە ڕاپۆرتێکدا بە ناونیشانی «هێزەکانی سووریای دیموکرات لە کوێن؟» بە خستنەڕووی تێڕوانینی چەند توێژەر، چالاکی سیاسی، ڕۆژنامەنووس و پارێزەری مافەکانی مرۆڤ، پەرژاوەتە سەر بەدواداچوون بۆ دۆخی دیموکراسیخوازی لە سووریا و داهاتووی هێزە سیاسییە بانگەشەکارەکانی بەشداری و چەندلایەنەگەری. تەوەرەی سەرەکیی ئەم ڕاپۆرتە ئەوەیە کە دیموکراسی بە کرداری لە بەرنامەی کاری دەسەڵاتی ڕاگوزەری سووریا و زۆربەی دەوڵەتە ڕۆژئاوایییەکانی پشتگیریکاری ڕەوتی سیاسیی نوێ وەلانراوە و ئەولەویەتی سەرەکی، جێگیرکردنی دەسەڵات و ڕێگری لە گەڕانەوەی ناستەقامگیرییە.
ڕانا خەلەف، توێژەری سەربەخۆ، پێی وایە سەردەمی سەرنجدانی سیمبۆلیکی دەوڵەتە دەرەکییەکان بۆ دیموکراسی کۆتایی پێ هاتووە و لە سیاسەتداڕشتنی نێودەوڵەتیشدا سەبارەت بە سووریا، ئیرادە و بەرژەوەندییەکی جدی بۆ پێشبردنی ئەم ئامانجە لە ئارادا نییە. بە گوتەی ئەو، بونیادی یاسای بنەڕەتیی کاتی کە دەسەڵاتی ڕاگوزەر ساڵی ڕابردوو دەری کرد و دەسەڵاتێکی فراوانی بەخشی بە سەرۆککۆمار، هێمایەکی ڕوونە لەم ڕێبازە. خەلەف دۆخی ئێستای سووریا وەک نموونەیەک لە جووڵە بەرەو «ئاشتیی ناڵیبڕاڵ» وەسف دەکات کە تێیدا جێگیرکردنی ئەمنییەت و نەزمی سیاسی ئەولەویەتیە بەسەر گەشەی دیموکراسی، بەشداریی گشتی و گەرەنتیی مافی گرووپە جیاوازەکاندا. لە تێڕوانینی ئەوەوە، دیموکراسی هێدی هێدی لە فەرهەنگی وشەی بڕیاردەران و سیاسەتداڕێژەرانی پەیوەندیدار بە کەیسی سووریاوە سڕدراوەتەوە.
لە بارودۆخێکی وەهادا، هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سووریا کە خوازیاری ئاراستەکردنی ڕەوتی ڕاگوزەری دەسەڵاتن بەرەو ڕژێمێکی دیموکراتیک، ڕووبەڕووی فەزایەکی سەختتر بوونەتەوە. سیروان کاجۆ، ڕۆژنامەنووسی سووری، دەڵێت لە ڕەوتی ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەددا، هێزە کوردییەکان بەهۆی بەهرەمەندبوون لە بونیادی سیاسیی ڕێکخراو، پێکهاتەی یەکگرتوو و توانای سەربازیی بەرچاو، لە گرنگترین ئەکتەرەکان بوون کە دەیانتوانی ڕێبەرایەتیی ڕەوتێکی ئۆپۆزسیۆنی دیموکراتیک بگرنە ئەستۆ. مەبەستی ئەو لە هێزە کوردییەکان، هێزەکانی سووریای دیموکرات، حزبی یەکێتیی دیموکراتیک و سەرجەم گرووپەکانی سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ئەزموونی بەڕێوەبردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیانی بەدەست هێنابوو.
بە هەموو ئەمەشەوە، کاجۆ پێی وایە ڕێککەوتنی ئاگرپڕبڕین و تێکەڵکردنی ۲۹ی ڕێبەندانی ۲۰۲۶ی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دیمەشق، پێگە و ڕۆڵی سیاسیی ئەم کۆمەڵەیەی گۆڕیوە. بە بڕوای ئەو، ڕێبەرانی کورد ئێستا زیاتر لەوەی بە دوای ڕێکخستنی ڕەوتێکی ئۆپۆزسیۆن و پێشکەشکردنی جێگرەوەیەکی دیموکراتیکدا بن بۆ بونیادی سیاسیی نوێ، خۆیان بە بەشێک لە ڕەوتی دەوڵەتسازی لە سووریادا دەزانن. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتی ڕاگوزەرش ئەوانی نەک وەک هاوبەشێکی یەکسان، بەڵکوو لە چوارچێوەی بونیادی سیاسیی ژێر ڕێبەرایەتیی دیمەشقدا قبووڵ کردووە.
کاجۆ بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم گۆڕانی پێگەیە، ئاماژە بە پێگەی نوێی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی سووریای دیموکرات، وەک ڕاوێژکاری سەرۆککۆمار و هەروەها دەستنیشانکردنی ئیلهام ئەحمەد، لە کەسایەتییە باڵاکانی دیپلۆماسیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەەر، لە پەرلەمانی سووریادا دەکات. لە تێڕوانینی ئەوەوە، جێگیربوون لە بونیادی دەسەڵاتدارێتی و گێڕانی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی دیموکراتیک دوو پێگەی جیاوازن کە کۆکردنەوەیان بە یەکەوە لە یەک کاتدا ئەستەمە. کاجۆ جەخت دەکاتەوە کە مەبەست لە پێکهێنانی جێگرەوەی دیموکراتیک، هەوڵدان نییە بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە دیمەشق، بەڵکوو دروستکردنی ڕەوتێکی سیاسیی ڕێکخراو و سەربەخۆیە کە بتوانێت لە درێژخایەندا بۆ چاکسازیی بونیادی دەسەڵات و فراوانکردنی بەشداریی سیاسی چالاکی بکات.
یەکێک لە لێکەوتەکانی ئەم گۆڕانی ڕێبازە، کەمبوونەوەی متمانەی بڕێک لە گرووپە نادرووز، ناعەلەوی و ناکوردەکانە بە هێزە سیاسییە کوردییەکان. لە ئابی ۲۰۲۵دا، کۆبوونەوەیەک بە ناونیشانی «کۆنفرانسی پێکهاتەکان» لە حەسەکە بەڕێوە چوو کە نوێنەرانی کورد، درووز، عەلەوی، عەرەب، ئێزدی و مەسیحییەکان، لە پاڵ چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، تێیدا ئامادە بوون. بەشداربووان داوای لامەرکەزی، گەرەنتیی مافی گرووپە جیاوازەکان و ڕەچاوکردنی میکانیزمەکانی پاراستنی فرەییی کۆمەڵایەتییان لە یاسای بنەڕەتیدا کرد؛ بەڵام ئەم دەستپێشخەرییە ڕووبەڕووی دژایەتیی توندی دیمەشق بووەوە. کۆبوونەوەیەکی هاوشێوەش کە بە تەوەرەی ژنان بەڕێوە چووبوو، لەگەڵ پەرچەکرداری نەرێنیی دەسەڵاتی ڕاگوزەر ڕووبەڕوو بووەوە.
بە گوتەی کاجۆ، لەو کاتەدا زۆربەی گرووپە ناکوردەکان ئومێدیان هەبوو هێزە کوردییەکان بتوانن تەوەرەی سەرەکیی شێوەگرتنی بەرەیەکی دیموکراتیک و گشتگیر بن، بەڵام ئەم ئومێدانە لە ساڵی ۲۰۲۶دا لاواز بوون. ئەو دەڵێت مەسیحییەکانی سووریا هەست دەکەن وەلانراون و بە جۆرێک ڕووبەڕووی بێمتمانەیی بوونەتەوە؛ چونکە وەها تێگەیشتبوون کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا زەمینەی شێوەگرتنی بونیادێکی سیاسی لەسەر بنەمای فرەیی و بەشداری فەراهەم بووە، بەڵام ئێستا بە نزیکبوونەوەی هێزە کوردییەکان لە دەوڵەتی دیمەشق، هەست دەکەن ئەو ئاسۆیە وەلانراوە.
کاجۆ ئاماژە بە لێدوانەکانی مەزڵووم عەبدی سەبارەت بە پێویستنەبوونی بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی پێکهاتەکانیش دەکات و پێی وایە هەڵوێستگرتنی لەم شێوەیە دەتوانێت متمانەی ئەو گرووپانەی کە لە ڕابردوودا بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە کوردییەکاندا هەوڵیان دابوو، زیاتر لاواز بکات. لە تێڕوانینی ئەوەوە، ئەگەر هێزە کوردییەکان هێشتا بەردەوام بوونایە لە بەرگری لە پێویستیی لامەرکەزی و بەشداریی تەواوی گرووپەکان، دەرفەتی پاراستن و بەهێزکردنی هاوپەیمانییە سیاسییەکان لە ئارادا دەبوو؛ بەڵام کاتێک خۆیان وەک بەشێک لە بونیادی دەسەڵاتی نوێ پێناسە دەکەن، هاندەری گرووپەکانی تر بۆ هاوکاری لەگەڵیاندا کەم دەبێتەوە.
سەرەڕای ئەمە، بیرۆکەی دروستکردنی ڕەوتێکی سیاسیی گشتگیر لە سووریادا بابەتێکی نوێ نییە. حزبی داهاتووی سووریا پێشتر پڕۆژەیەکی سیاسیی لە ئاستی نیشتمانیدا لەسەر بنەمای لامەرکەزی، هاووڵاتیبوونی یەکسان و بەشداریی چالاکی کۆمەڵگە خۆجێییەکان لە بەڕێوەبردنی کاروباردا پێشکەش کردبوو. عەبدولکەریم عومەر، سەرۆکی پێشووی نوسینگەی پەیوەندیدارە دیپلۆماتیکەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەەر لە دیمەشق، پێی وایە ئەو بنەمایانەی ئەم پڕۆژەیەی لەسەر دامەزرابوو، هێشتا بۆ داهاتووی سووریا پێویستن، بەڵام وەدیهێنانیان پێویستی بە بووژانەوەی چالاکیی سیاسیی ڕێکخراو، دروستکردنی هاوپەیمانییە نیشتمانییە فراوانەکان و فەراهەمبوونی فەزایەک هەیە کە فرەییی کۆمەڵایەتی بەفەرمی بناسێت و بەشداریی ڕاستەقینەی گرووپە جیاوازەکان لە بڕیارداندا گەرەنتی بکات.
لە بەرامبەردا، کاجۆ پێی وایە لە بارودۆخی ئێستادا هیچ ڕەوتێکی سیاسیی ئامادە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی مەوجود لە ئارادا نییە. ئۆپۆزسیۆنی نەریتی و لیبڕاڵی سووریا لاواز بووە و بەشێکیش لەو پشتگیری لە دەسەڵاتی ئێستا دەکات. لە تێڕوانینی ڕانا خەلەفەوە، هەر جۆرە هەوڵێکی نوێ بۆ دروستکردنی دامەزراوەیەکی سیاسی بە تەوەرەی کەسایەتییەکانی حزبی یەکێتیی دیموکراتیک دەبێت هاوڕێ بێت بە هەڵسەنگاندنی جدی بۆ کارکردی ڕابردوو و ڕادەی بەشداریپێکردنی ئەم حزبە. ئەو پێی وایە ئەگەر بونیادی سیاسیی ئەم ڕەوتە دیموکراتیکتر و بەشداریمەحوەرتر بووایە، بە ئەگەری زۆرەوە بەڕێوەبردنی لە قۆناغی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کێشەی لەم شێوەیە نەدەبووەوە. بە هەموو ئەمەشەوە، خەلەف جەخت دەکاتەوە کە ئەم ڕەوتە هێشتا لە توانای ئەوتۆ بەهرەمەندە و لە ساڵانی دواییشدا هێماکانی گۆڕانکاریی تێدا بینراوە.
خەلەف لە هەمان کاتدا جەخت لەسەر پێویستیی شێوەگرتنی بزووتنەوەیەکی سیاسی بە ناسنامەی نیشتمانی و گشتگیر دەکاتەوە و پێی وایە داڕشتنی داهاتوو نابێت تەنیا بە ناسنامەی کوردییەوە پێناسە بکەرێت. بە بڕوای ئەو، لە کۆمەڵگەی فرەییی سووریادا، بەها سیاسییەکانی وەکوو دیموکراسی، بەشداری و یەکسانیی هاووڵاتیبوون دەبێت ببنە تەوەرەی چالاکیی ڕەوتێکی نوێ و ناسنامەکەی کۆمەڵە و گرووپە جیاوازە ئیتنی و کۆمەڵایەتییەکان لەخۆ بگرێت. لەم تێڕوانینەوە، دروستکردنی هێزێکی سیاسی کە تەنیا نوێنەری کۆمەڵگەیەک یان ناسنامەیەکی دیاریکراو بێت، ناتوانێت بەرسڤی پێداویستییە سیاسییەکانی سەرجەم وڵات بداتەوە.
بەشێکی تری ڕاپۆرتی ئامارگی تەرخان کراوە بۆ جۆری ڕێککەوتنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتی ڕاگوزەر و ئەم پرسیارەی کە ئایا ڕەوتی ئێستا بە کرداری بە واتای تێکەڵبوون لە بونیادی نیشتمانیدایە یان تەنیا ڕێککەوتنێکە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان هەردوو لایەندا. خەلەف ئەم ڕەوتە زیاتر بە ڕێککەوتنی نوخبەکان بۆ دابەشکردنی دەسەڵات دەزانێت تا ڕەوتێکی تێکەڵبوونی سیاسی و دامەزراوەیی. سیروان کاجۆش پێی وایە ڕێککەوتنی ناوبراو لە پلەی یەکەمدا بە ئامانجی وەستانی پێکدادانەکان و ڕێگری لە دەستوەردانی سەربازیی تورکیا شێوەی گرتووە و هەردوو لایەن لە ژێر فشاری بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا تەسلیمی بوون.
ڕولا بەغدادی، پارێزەر و چالاکی مافەکانی مرۆڤ، دەڵێت ڕەوتی تێکەڵبوون تا ئێستا لەسەر بنەمای دانوستانی نیشتمانیی یەکسان و دادپەروەرانە شێوەی نەگرتووە، بەڵکوو زیاتر لە هێنانی گرووپ و ئەکتەرە جیاوازەکان بۆ ناو بونیادی سیاسی و دامەزراوەییی ئێستا دەچێت، لەسەر بنەمای مەرجە دیاریکراوەکان لەلایەن لایەنی بەهێزترەوە. بە بڕوای ئەو، ڕەوتێکی ڕاستەقینە و جێگیر دەبێت بە بونیادنانەوەی دەسەڵات لەسەر بنەمای پرەنسیپە هاوبەشەکان بگات، نەک ئەوەی تەنیا پۆست و پێگە بۆ بڕێک لە هێزەکان لە بونیادی ئێستادا دیاری بکات.
کاجۆش جەخت دەکاتەوە کە ئەگەر بڕیارە تێکەڵبوون بە واتای ڕاستەقینە لە ئاستی نیشتمانیدا جێبەجێ بکرێت، دەبێت سەرجەم کۆمەڵگە و گرووپانەی کە پێشتر لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەردا بەشدار بوون، لەوانە مەسیحییەکان و گرووپە ناکوردەکانی تر، لەم ڕەوتەدا بەشدار ببن. بێجگە لەم حاڵەتە، ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات تەنیا جۆرێک لە دابەشکردنی ڕۆڵ دەبێت لە نێوان هەردوو لایەندا کە ناوچە و گرووپە سوورییەکانی تر لەخۆ ناگرێت. ئەو بە ئاماژەدان بە دۆخی سووەیدا دەڵێت دوورە دەستە دیمەشق ئامادە بێت ڕێککەوتنێکی هاوشێوە لەگەڵ هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەم ناوچەیەشدا جێبەجێ بکات. لە تێڕوانینی کاجۆوە، ڕێککەوتنێکی لەم شێوەیە کێشە دێرینەکانی وەکوو ناکۆکی لە نێوان کورد و عەرەب یان کێشە لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچەکان چارەسەر ناکات و تەنیا بەدواداچوونیان بۆ داهاتوو دوا دەخات.
وەلید جولی، توێژەری سیاسیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی فۆرات، پێی وایە ڕێککەوتنەکانی لەسەر بنەمای دانوستانی سیاسی و ئیمتیازە کاتییەکان، لە درێژخایەندا بەردەوام نابن. ئەو جەخت دەکاتەوە کە دیموکراسی و بەشداریی سیاسی دەبێت لە ڕێگەی چوارچێوەی ڕوونی یاسای بنەڕەتی و یاسا جێبەجێکارییەکانەوە گەرەنتی بکرێن. بۆ نموونە، بەشداریی گرووپە جیاوازەکان لە بەڕێوەبردنی پارێزگای حەسەکەدا نابێت بە ڕێککەوتنێکی سیاسی و گۆڕاوەوە بەستراو بێت، بەڵکوو دەبێت میکانیزمی دامەزراوەییی دیاریکراو سەبارەت بە شێوازی هەڵبژاردنی بەرپرسان، سنووری دەسەڵاتەکان، بەرسڤدان و مافی چاودێریی خەڵک لەسەر کارکردیان لە ئارادا بێت. ئامانجیش نابێت جێگیرکردنی کەسایەتییە دیاریکراوەکان بێت لە پۆستە کارگێڕییەکاندا، بەڵکوو دەبێت بەشدارییەکی دادپەروەرانە و جێگیر دروست بێت کە هیچ بەرپرس یان دەزگایەک نەتوانێت بە بڕیارێکی یەکلایەنە هەڵیبوەشێنێتەوە.
ڕولا بەغدادی لە هەڵسەنگاندنی ئاسۆی سیاسیی سووریادا دەڵێت ئێستا هێزە سەربازییە جێگیرەکان لە دیمەشقدا، دوای ڕێککەوتن لە نێوان ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا، بەم تێگەیشتنەوە کار دەکەن کە دەسەڵاتی سیاسی دەبێت لە دەستی کەسانێکدا بێت کە لە جەنگدا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە و دەسەڵاتی پێشوویان ڕوخاندووە. بە هەموو ئەمەشەوە، بە بڕوای سیروان کاجۆ، گۆڕانکارییەکانی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەندە نادیار و ڕەوانن کە گۆڕانی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی دەتوانێت لە کاتێکی کورتدا دەرفەتی نوێ بۆ گۆڕانکاریی دیموکراتیک دروست بکات.
ڕانا خەلەفیش بە ئاماژەدان بە گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە وڵاتانی تردا، جەخت لەسەر پێویستیی دروستکردنی شێوازی نوێی هاوپشتی لە نێوان هێزە دیموکراسیخوازەکاندا دەکاتەوە و پێی وایە بیرۆکە و داواکارییە سیاسییەکان دەتوانن لە سنوورە نیشتمانییەکان تێپەڕ ببن و کار بکەنە سەر یەکتر.
ئەنجامی ئەم تێڕوانینانە کە لە ڕاپۆرتی ئامارگیدا بڵاو کراوەتەوە نیشان دەدات کە پرسیاری سەرەکیی سووریا لە قۆناغی ئێستادا، تەنیا بەشداریکردنی بڕێک لە گرووپەکان نییە لە بونیادی دەسەڵاتی نوێدا، بەڵکوو نەبوونی ڕێککەوتنێکی نیشتمانییە سەبارەت بە ماهیەتی ڕژێمی سیاسیی داهاتوو. لە بارودۆخێکدا کە دەسەڵاتی ڕاگوزەر جەخت لەسەر چڕکردنەوەی دەسەڵات دەکاتەوە و ئەکتەرە دەرەکییەکانیش سەقامگیری دەخەنە پێش دیموکراتیزەکردنەوە، توانای هێزە کوردییەکان بۆ گێڕانی ڕۆڵی جێگرەوەیەکی سیاسیی سەربەخۆ ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە. لە لایەکی ترەوە، لاوازبوونی متمانە لە نێوان کوردەکان و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی تردا، مەترسیی سنوورداربوونی ڕێککەوتنە سیاسییەکان بۆ دابەشکردنی پۆستەکان و ئیمتیازە کاتییەکان بەرز دەکاتەوە. وەها دەردەکەوێت وەدیهێنانی ڕژێمێکی دیموکراتیک و گشتگیر لە سووریادا، زیاتر لە ڕێککەوتنە دیاریکراوەکان و دەستنیشانکردنی کەسایەتییە سیاسییەکان، وابەستەی گەرەنتییە یاسایییەکان، دابەشکردنی ڕاستەقینەی دەسەڵات، لامەرکەزی و بەشداریی تەواوی کۆمەڵگەکانە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
بۆچوونی بەکارهێنەران