سێ سەرکردەی باڵای هەرێم پێشوازی لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای دوو ساڵ بەسەر پەککەوتنی دامەزراوەی هەڵبژێردراوی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتییەکەی، کاردانەوە و پێشوازیی گەورەی سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە. هەریەک لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامی جیاوازدا جەخت لەسەر گرنگیی ئەم هەنگاوە دەکرەنەوە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسی.
پەیامی مەسعوود بارزانی: هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی هەرێم و لە دژی هیچ لایەنێک نییە
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامەکەیدا پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد و سوپاسی ئەو پەرلەمانتارانەی کرد کە بە هەڵوێستی یاسایی و نیشتمانیی خۆیان ئەم دامەزراوە دەستوورییەیان کارا کردەوە. ناوبراو جەختی کردەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکە بە ئاراستەی پاراستن و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان و لە دژی هیچ کەس و لایەنێک نییە، بەڵکو لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستاندایە. هاوکات داوای لەو لایەنانە کرد کە تا ئێستا بەشداریی پڕۆسەکەیان نەکردووە، ئەوانیش بەشداری بکەن و پێکەوە هاوکاری پڕۆسەی سیاسی بن.
پەیامی مەسروور بارزانی: بڕیاری ئەمڕۆی ئێوە وەفادارییە بۆ خوێنی شەهیدان
لای خۆیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرمی ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێردراو و ئەندام پەرلەمانە نیشتمانپەروەرەکان کرد و کاراکردنەوەی پەرلەمانی بە سەرخستنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان و پابەندبوون بە پرۆسەی دیموکراسییەوە وسف کرد. سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتمانیدا، پێویستە لایەنەکان بێنە پێشەوە بۆ ئەوەی بەیەکەوە خزمەتێکی شایستەتر پێشکەش بکەن و دەستکەوتە دەستوورییەکان بپارێזن، هیوایەشی خواست ئەندام پەرلەمانەکانی تریش بەشداریی کۆبوونەوەکان بکەن و لە ئاست بەرپرسیاریەتیی متمانەی دەنگدەراندا بن.
پەیامی نێچیرڤان بارزانی: گفتوگۆ و سازان بنەمای تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانن
هاوکات، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامەکەیدا پێشوازی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە پەرلەمان دامەزراوەی باڵای نوێنەرایەتیی ئیرادەی تهواوی خهڵكی كوردستانە، بۆیە پێویستە هەمو هێزە سیاسییەکان بە گیانی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانییەوە بەشداریی تێدا بکەن و ناکۆکییەکان لەوێ چارەسەر بکەن. سەرۆکی هەرێم هیوای خواست ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر بێت بۆ تێپەڕاندنی دۆخی بنبەستی سیاسی و ڕەخساندنی زەمینەیەکی باشتر بۆ لێکتێگەیشتن، و جەختیشی کردەوە کە گفتوگۆ، سازان و هاوبەشیی نێوان تەواوی هێزە سیاسییەکان بنەمای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانە و سەقامگیری سیاسی بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشی هەمووانە.
بۆچوونی بەکارهێنەران