پەیمانگەی بەرگری لە دیموکراسییەکان: هەرێمی کوردستان گیرۆدەی ناکۆکییە سیاسییەکان و هەڕەشە ئەمنییەکانە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری ڵۆنگ واری سەربە پەیمانگەی بەرگری لە دیموکراسییەکان لە شیکارییەکدا کە سێت فرانتزمان نووسیویەتی، ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی، بەردەوامیی هێرشە درۆنییەکان، کێشمەکێش لەسەر بەڕێوەبردنی شنگال و چالاکیی پاشماوەکانی داعش لە کەرکووکدا بە گرنگترین هۆکارەکانی ناسەقامگیری لە هەرێمی کوردستان دەزانێت و هۆشداریی داوە کە چوونەدەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزتربوونی ناکۆکییە ناوخۆییەکان، هاوکێشە ئەمنی و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئاڵۆزتر دەکات.
ناوبراو پێی وایە بەردەوامیی پەلامارە دەرەکییەکان نیشانی دەدات کە ناکۆکییە سیاسییە ناوخۆییەکانی هەرێم تەنیا پرسی ئەمنیی ناوخۆیی نین و گۆڕانکارییە ناوچەیییەکانیش دەتوانن ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سەقامگیریی ئەم ناوچەیە دابنێن.
لە پاڵ هەڕەشە دەرەکییەکاندا، ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی بووەتە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی ناسەقامگیریی سیاسی لە هەرێمدا. فرانتزمان ئەم ناکۆکییانە بە هۆکارێک دەزانێت کە هەوڵەکانی بەغدا بۆ جێگیرکردنی بارودۆخی ئەمنیی باکووری عێراق دەخاتە بەر سەختی و ئاستەنگەوە.
ڕەهەندی نوێی ئەم قەیرانە، بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پێنجی تشرینی دووەمدا بوو بۆ چوونەدەرەوەی پارتەکەی لە کابینەی حکوومەتی هەرێم. بافڵ تاڵەبانی دوای دەستپێکردنەوەی چالاکیی پەرلەمانی کوردستان بێ بەشداریی یەکێتیی نیشتمانی، ئەم هەنگاوەی بە نایاسایی و بێڕەوایەتی زانی و ڕایگەیاند پارتەکەی ئیتر حکوومەتی ئێستا بە فەرمی ناناسێت. ئەو هەروەها کارکردی کابینەی ژێر سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی بە سەرنەکەوتوو وەسف کرد و باسی لە ئەگەری دروستکردنی بونیادی بەڕێوەبردنی جیاواز لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانیدا کرد.
ئەم بڕیارە لە بارودۆخێکدا درا کە پەرلەمانی کوردستان دوای نزیکەی دوو ساڵ وەستانی چالاکییەکانی، لە چواری تشرینی دووەمدا دانیشتنەکانی دەست پێ کردبووەوە. یەکێتیی نیشتمانی و ژمارەیەک لە هاوپەیمانانی لەم دانیشتنەدا بەشدارییان نەکرد، بەڵام دانیشتنەکە بە ئامادەبوونی ۵۲ نوێنەر لە سەرجەمی ۱۰۰ نوێنەر بەڕێوە چوو و واڵا فەرید، لە پارتی دیموکرات، بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرا.
ڕەگی ئەم قەیرانە دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکییە چارەسەرنەکراوەکانی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۴. پارتی دیموکرات بە بەدەستهێنانی ۳۹ کورسی و یەکێتیی نیشتمانی بە ۲۳ کورسی، وەک دوو هێزی سەرەکیی پەرلەمان مانەوە، بەڵام جیاوازیی ڕوانگە لەسەر دابەشکردنی پۆستە کلیدییەکانی حکوومەت و چۆنیەتیی بەشداریی حزبەکان لە بونیادی دەسەڵاتدا، بووە ڕێگر لە دروستبوونی کابینەی نوێ. لە ئەنجامدا، حکوومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی لە چالاکییەکانی بەردەوام بوو، لە کاتێکدا دۆخی یاسایی ئەویش ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی و بەدواداچوونی دادوەری بووەتەوە.
گرنگیی ئەم ناکۆکییانە لە ئاستی کێبڕکێ لەسەر پۆستە دەوڵەتییەکان تێدەپەڕێت. پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا، گۆڕەپانی نفوزی سیاسی و ئەمنیی جیاوازیان لە هەرێمدا هەبووە. هەولێر و دهۆک پێگەی سەرەکیی پارتی دیموکرات و سلێمانی ناوەندی نفوزی یەکێتیی نیشتمانی بووە. ڕێککەوتنی دابەشکردنی دەسەڵات و دروستکردنی حکوومەتی یەکگرتوو لە ساڵی ۲۰۰۶دا نەیتوانی تەواوی بونیادە سیاسی، سەربازی و ئەمنییەکانی هەردوو حزب لە ناو سیستەمێکی فەرماندەیی و بەڕێوەبردنی تەواو یەکپارچەدا تێکەڵ بکات. لەبەر ئەم هۆکارە، هەر قەیرانێکی سیاسی لە نێوان هەردوو حزبدا دەتوانێت لێکەوتەی بۆ هەماهەنگیی دەزگا ئەمنییەکان و بەڕێوەبردنی ناوچە جیاوازەکانی هەرێم هەبێت. ئاسۆشێیتد پرێسیش لە ڕاپۆرتی خۆیدا جەختی کردووەتەوە کە سەرەڕای هەوڵەکانی ئەم دواییە بۆ یەکپارچەکردنی هێزەکانی پێشمەرگە، هەردوو حزب هێشتا نفوزێکی بەرچاویان لە بونیادە ئەمنییەکانی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا هەیە.
پرسی ناوچەی ئێزدینیشتنی شنگالیش نموونەیەکی تری کاریگەریی کێبڕکێ سیاسییەکانە لەسەر ئاسایشی باکووری عێراق. ئەم ناوچەیە کە لە ڕۆژئاوای هەرێمی کوردستان و لە نزیک سنووری سووریادایە، دوای ساڵانێک پێکدادان و ئامادەبوونی لایەنە چەکدارە جیاوازەکان، هێشتا ڕووبەڕووی کێشەی جدی بووەتەوە لە بواری بەڕێوەبردنی سیاسی و دابینکردنی ئاسایشدا. ناکۆکیی ئەم دواییەی نێوان پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانیی شنگال، ڕەوتی دیاریکردنی بەڕێوەبەریی ئەم ناوچەیەی ڕاگرتووە.
ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە ۱۸ی تشرینی یەکەمدا ڕەوتی بەربژێرکردنی بۆ وەرگرتنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی شنگال دەست پێ کرد و ۱۰ کەس بۆ ئەم پۆستە ئامادەییی خۆیان ڕاگەیاند، بەڵام لێژنەیەکی پەرلەمانی داوای ڕاگرتنی ئەم ڕەوتەی کرد؛ چونکە پێی وابوو ئەم پۆستە لە ڕووی یاساییەوە بەتاڵ نییە. ناکۆکی لەسەر دۆخی سەیدۆ خیری ئەحمەدی، سەرۆکی شارەوانییەک کە لە تەممووزی ۲۰۲۴دا هەڵبژێردرا بەڵام هەرگیز بە فەرمی دەستی بە کارەکانی نەکرد، بووەتە ئاستەنگێکی نوێ لە ڕێگەی دیاریکردنی بەڕێوەبەریی ناوچەکەدا. ئەم ناکۆکییە نیشان دەدات کە تەنانەت دیاریکردنی بەرپرسێکی جێبەجێکاری ناوچەییش کەوتووەتە ژێر کاریگەریی کێبڕکێی حزبە گەورەکانی کوردستانەوە.
لە هەڵسەنگاندنی فرانتزماندا، ئەم ململانێیانە لە پاڵ هەڕەشە دەرەکییەکان و چالاکیی پاشماوەکانی داعشدا، وێنەیەکی ئەمنیی ئاڵۆزیان لە باکووری عێراق دروست کردووە. ڕۆژی پێنجی تشرینی دووەم، دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەستبەسەرکردنی تۆمەتبارێکی پەیوەندیدار بە داعشی لە کەرکووک ڕاگەیاند. ئەم دەزگایە ڕایگەیاند کردەی ناوبراو لە چوارچێوەی بەدواداچوونی ئەندامە ماوەکانی داعش و کەسانی داواکراو لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە ئەنجام درو دراوە. ئەگەرچی دەستبەسەرکردنی تۆمەتبارێک بە تەنیا نیشاندەری فراوانبوونی دووبارەی چالاکیی داعش نییە، بەردەوامیی ئەم جۆرە کردانە نیشان دەدات کە هەڕەشەی ئەم گرووپە لە ناوچەکانی باکووری عێراقدا هێشتا لە کارنامەی هێزە ئەمنییەکان دەرنەچووە.
یەکێکی تر لە بابەتە جێی سەرنجەکانی گۆڤاری ڵۆنگ وار، چوونەدەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ئەمریکایە لە عێراق لە ۳۰ی ئەیلوولی ۲۰۲۶دا. ئەم چوونەدەرەوەیە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی واشنگتن و بەغدادا ئەنجام درا و کۆتایی بە ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە بنکە ماوەکاندا لە عێراق هێنا. ڕۆیتەرز پێشتر هۆشداریی دابوو کە چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەتوانێت فەزای زیاتر بۆ چالاکیی گرووپە چەکدارەکان بڕەخسێنێت و هەروەها دەرفەتی بوژانەوەی توانای داعش زیاتر بکات. ئەم نیگەرانییە لە بارودۆخێکدا دێتە ئاراوە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دوای ساڵانێک هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانان، دەبێت بەرپرسایەتیی زیاتر لە بواری بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکاندا بگرنە ئەستۆ.
لە هەمان چوارچێوەدا، پەیوەندیی تەلەفۆنیی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ عەلی ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پێنجی تشرینی دووەم و دیداری تام باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و عێراق، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا گرنگی پەیدا دەکات. عەلی ئەلزەیدی لە گفتوگۆ لەگەڵ ترامپدا جەختی لەسەر سەروەریی عێراق و ڕێگری لە بەکارهێنانی خاکی ئەم وڵاتە بۆ پەلاماردانی وڵاتانی دراوسێ کردەوە. تام باراکیش دوای دیدار لەگەڵ ئەو ڕایگەیاند کە عێراق بە دوای بەهێزکردنی سەروەریی نیشتمانی، ڕاکێشانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی هاوکارییە سیاسی و ئابوورییەکانەوەیە. ئەو هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی کەمکردنەوەی گرژییە ناوچەیییەکان و لەپێشینەدان بە دیپلۆماسی کردەوە.
ئەم گۆڕانکارییانە نیشاندەری هەوڵی بەغدان بۆ گێڕانی ڕۆڵی چالاکتر لە بەڕێوەبردنی ئاسایشی ناوچەیی و کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا. بەم حاڵەشەوە، ئاستی سەرکەوتنی ئەم سیاسەتە وابەستەی توانای حکوومەتی ناوەندییە لە کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان و ڕێگری لە بوونی خاکی عێراق بە گۆڕەپانی کێبڕکێ ناوچەیییەکان. بۆ هەرێمی کوردستانیش ئەم بابەتە گرنگییەکی تایبەتی هەیە؛ چونکە ئەم ناوچەیە هاوکات ڕووبەڕووی هەڕەشەکان، ناکۆکییە سیاسییە ناوخۆییەکان و کەمبوونەوەی ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی سەربازیی ئەمریکا بووەتەوە.
ڕاپۆرتی ڵۆنگ وار لە کۆتاییدا نیشان دەدات کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان وابەستەی کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکییە و ناتوانرێت هەڕەشەی داعش، پەلامارە دەرەکییەکان و ناکۆکیی حزبە کوردییەکان سەربەخۆ لە یەکتر لێک بپشکنرێن. کێبڕکێی پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی، بێجگە لە دروستکردنی بنبەست لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێدا، دەتوانێت هەماهەنگیی دەزگا ئەمنییەکان و توانای هەرێم بۆ کاردانەوەی هاوبەش بەرامبەر بە هەڕەشە دەرەکییەکانیش بخاتە ژێر کاریگەرییەوە. لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا، چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا و بەرزبوونەوەی بەرپرسایەتیی بەغدا لە دابینکردنی ئاسایشی عێراقدا، پێویستیی هاوکاری لە نێوان حکوومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان و هەروەها دەستگەیشتنی دوو حزبە سەرەکییەکەی کوردستان بە ڕێککەوتنێکی جێگیر لە هەموو کاتێک زیاتر بەرجەستە کردووەتەوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران