وتەبێژی پارتی: ئامادەین لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکە بۆ چارەسەری قەیران گفتوگۆ بکەین
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو حزبە بە گەرمی پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی مەسعود بارزانی دەکات سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و تێپەڕاندنی بنبەستەکان؛ وتەبێژی پارتی جەختیکردەوە کە لە ڕۆشنایی پەیامەکەی بارزانیدا، بە تەواوی ئامادەن بۆ گفتوگۆ و دانیشتن لەگەڵ "برایانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسیی هەرێمی کوردستان.
مەحموود محەمەد ئاماژەی بەوەشدا کە پارتی هاوکات خوازیاری سازدانی گفتوگۆ و کۆبونەوەیە لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی تری هەرێمدا تاوەکو بە یەکەوە وەڵامدەرەوەی ویست و ئیرادەی هاوڵاتیان بن و ئەم قۆناغە هەستیارە بە سەرکەوتویی تێپەڕێنن؛ ئەمەش پاش ئەوە دێت کە بارزانی داوای لە لایەنەکان کردبو بەرژەوەندیی گشتی لە سەروی هەمو شتێکەوە دابنێن.
مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەیدا جەختیکردەوە، "لە ڕۆشنایی دەستپێشخەرییەکەی جەنابی سەرۆک بارزانیدا، ئامادەین بۆ گفتوگۆ و کۆبونەوە لەگەڵ برایانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەمەبەستی چارەسەری کێشەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسیی هەرێمی کوردستان".
ئەم پەرەسەندنە سیاسییە دوای ئەوە دێت کە پەرلەمانی کوردستان لە 4ی مانگی (تشرینی دوەم/11)دا دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژارد، کە بوە هۆی ناڕەزایەتیی یەکێتی و کشانەوەی لە حکوومەت.
ئێستاش دەستپێشخەرییەکەی مەسعوود بارزانی و وەڵامە ئەرێنییەکەی پارتی ڕەنگە دەرگایەکی نوێ بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و گەڕانەوەی لایەنەکان بۆ سەر مێزی گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بکاتەوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران