سۆسیال دیموکرات پشتیوانی لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکات
کوردپرێس: بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە گوندی گوڵەخانە، ئەنجومەنەکە بە کۆی دەنگ پشتگیریی لە سەرۆکی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ بەشداریکردن لە دانیشتن و کاراکردنەوەی دەزگای یاسادانان وەک هەنگاوێکە بۆ "خزمەتی دەنگدەران و هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە شۆڤێنییانەی دادگاکانی بەغدا کە لە دژی کوردن"؛ هەروەها داوای کرد پارتی و یەکێتی کێشەکان وەلا بنێن و بەرەو پێکهێنانی حکومەتی یەکڕیزیی نیشتمانی هەنگاو بنێن.
لە تەوەرێکی تردا، سۆسیالیست بە توندی ڕەخنەی لە حکومەتی عێراق گرت بەهۆی کەمکردنەوەی پشکی هەرێم لە بودجە کە بە "دەرئەنجامی سەرژمێرییە شکستخواردوەکە"ی زانی بەهۆی نەنوسینی نەتەوە کە تێیدا کورد لە 12 ملیۆنەوە بۆ 6 ملیۆن کەمکراوەتەوە؛ هاوکات هێرشیکردە سەر سیاسەتەکانی عەلی زەیدی بەوەی کە بە ناوی چاکسازییەوە بوەتە هۆی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار و شکاندنی دینار، کە ئەمەش بارگرانیی گەورەی بۆ سەر هاوڵاتیان دروست کردوە.
لە ڕاگەیەندراوی فەرمیی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سۆسیال دیموکراتدا هاتوە: "تەئکید لە سیاسەتی نەگۆڕ و پەرۆشی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کرایەوە بۆ بەهێزکردنی گیانی تەبایی و گفتوگۆی نێوان هێز و لایەنەکان، بەتایبەتی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا، ئەوەش لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانەکان و دامەزراندنی حکومەتی یەکڕیزی نیشتمانی، تا بتوانرێت لەم قۆناغەشدا پێکەوە سەروەری و دەستکەوتەکانی خوێنی شەهیدانی کوردستان بپارێزین.
دەشڵێت، "کۆبوونەوە دواین هەوڵە نیشتمانییەکانی محەمەد حاجی مەحمودی بەبیرهێنایەوە بۆ دروستکردنی ئەنجومەنێکی باڵای سیاسی تا بتوانێت ببێتە چەتری کۆکەرەوەی لایەنەکان و ناوەندێک بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ قەیرانە سیاسییەکان".
بۆچوونی بەکارهێنەران