خبر 2026-11-09 10:25 کاتی خوێندنەوە: 5 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

پارتی تاوه‌کو کۆتایی ڕێگه‌که‌ ده‌ڕوات، بژاردە قورسەکان هه‌ڵده‌بژێرێت

هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دۆخێک بوه‌ته‌وه‌ که‌ له‌ دوای ساڵی 2003ه‌وه‌ هاوشێوه‌ی نه‌بووه‌، جیاوازییەکانی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یه‌کێتی) قووڵتر بوونه‌ته‌وه‌ و ئاماژەکانی دابه‌شبوونی هەرێمی کوردستان بۆ دوو هه‌رێم لە هەولێر و سلێمانی سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ و هێزە ناوچەیی و ئیقلیمییەکانیش چاویان لەسەر گۆڕانکارییەکانە، به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونێکی خه‌ندان، پارتی نیازی وایه‌ تاوه‌کوو کۆتایی رێگه‌که‌ بڕوات و له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ سه‌رۆکی هه‌رێم هه‌ڵبژێرێت و هه‌رئه‌ویش کاندیدی حزبه‌که‌ بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕابسپێرێت.

کوردپرێس: به‌گوێره‌ی به‌دواداچونه‌کانی خه‌ندان، پارتی پێداگیری له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌کانی ده‌کات بۆ دروستکردنی حکوومەتی نوێ، که‌ به‌ کاراکردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان ده‌ستیپێکردوه‌ و ده‌یه‌وێت رێکارە یاسایی و دەستورییەکان بەبێ وەستان ته‌واوبکات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر یه‌کێتیش نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ په‌رله‌مان.

خه‌ندان زانیویه‌تی، له‌ ئاینده‌یه‌کی نزیکدا دیوانی په‌رله‌مانی کوردستان بانگهێشتی په‌رله‌مانتاران ده‌کات بۆ کۆبونه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌ پشکی پارتی، دواتریش ئه‌و سه‌رۆکه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌ کاندیدی پارتی بۆ سه‌رۆکایه‌تی کابینه‌ی نوێی حکوومەت رابسپێرێت.

زانیارییەکانی خه‌ندان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر نێچیرڤان بارزانی ئامادە نەبێت تەنها بە دەنگی پارتی و په‌رله‌مانتارانی دیکه‌ی نزیکی پارتی ببێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، ئەوا پارتی بژاردەی دیکەی لەبەردەستدایە و کاندیدی دیکه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ده‌خاته‌ڕوو.

له‌نێو ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ پارتی نیازی هه‌یه‌ بۆ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان پێشکه‌شیان بکات ناوی هه‌ریه‌که‌ له‌ رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆ و هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەهێنرێت، تەنانەت باس لە سیناریۆی کاندیدکردنی کەسایەتییەکی دەرەوەی پارتیش دەکرێت، که‌ پێشتر له‌ ریزه‌کانی یه‌کێتیدا ساڵانێکی دورودرێژ خزمه‌تی کردوه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادار له‌ناوخۆی پارتی به‌ خه‌ندان-ی وت، پارتی هیچ دەستپێشخەرییەکی نوێی نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێشکه‌شی یه‌کێتی بکات، بەڵکوو تەنها ئامادەیە لەسەر بنەمای هەمان میکانیزمەکانی پێشو که‌ هه‌ردوو حزب له‌سه‌ر رێککه‌وتون له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن پۆسته‌کانی هه‌رێمی کوردستان دابه‌شبکه‌ن.

خه‌ندان زانیویه‌تی، له‌ ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌وه‌ تیمی یەکێتی له‌ حکوومەتی هه‌رێم کشاوه‌ته‌وه‌ و جه‌خت له‌وه‌ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئامادە نییە بێتە ژێر باری بڕیارە یەکلایەنەکانی پارتی، لە ئەگەری بەردەوامبونی هەولێر لە پڕۆسەکە بەبێ ڕەچاوکردنی شەراکەتی ڕاستەقینە، ئەوانیش "هەنگاوی هاوشێوە" لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان ده‌گرنه‌به‌ر.

به‌گوێره‌ی زانیاریه‌کان، بەغدا پێشوازی لە هەبونی دو ناوەندی بڕیار یان دو هه‌رێمی جیاواز لە هەولێر و سلێمانی دەکات، بەرپرسانی بەغدا پێیان وایە مامەڵەکردن لەگەڵ دو ئیدارەی لاواز لە هەرێم، کارئاسانییان بۆ دەکات تاوه‌کوو بتوانن مەرج و داواکارییە دەستوری و ئابورییەکانی خۆیانیان بەسەردا بسەپێنن.

په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵوێستی وڵاتانی دراوسێ له‌نێویاندا تورکیا و ئێران، سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌کان ده‌ڵێن، ئەنقەرە و تاران بە چاوێکی ئەرێنییەوە دەواننە لێکترازانی نێو ماڵی کوردی له‌ هه‌رێمی کوردستان، دروستبونی دۆخی "دوو ئیدارەیی" یان "دوو هەرێمی" لە ڕوانگەی هەردو وڵاتەوە هەلێکی زێڕینە بۆ قوڵکردنەوەی هەژمونی ناوچەییی خۆیان لەسەر زۆنە جیاوازەکان.

هه‌رچی په‌یوه‌ندی به‌هه‌ڵوێستی وڵاتانی ئه‌مریکا، بریتانیا و یه‌کێتی ئه‌وروپاوه‌ هه‌یه‌، ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن که‌ پارتی و یه‌کێتی قه‌واره‌ی هه‌رێمی کوردستان بپارێزن و پێکه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راکه‌ت و هاوبه‌شی پێکه‌وه‌ کابینه‌ی نوێی حکوومەت دروستبکه‌ن و په‌رله‌مان کارابکه‌نه‌وه‌.

چواری ئه‌م مانگه‌، بە ئامادەبونی 52 پەرلەمانتار په‌رله‌مانی کوردستان کۆبوەوە و دانیشتنی خۆی ئەنجامدا، دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا، ئه‌و لایه‌نانه‌ی که‌ پشتگیری هه‌نگاوه‌که‌یان کرد رایانگه‌یاند، ئەوە هەنگاوێکی یاسایی و دەستوری گرنگە بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی و پاراستنی قەوارەی هەرێم.

لە بەرامبەردا، یەکێتی بە توندی دژی ئەو دانیشتنە وەستایەوە و ڕایگەیاند، کە هیچ بەهایەکی یاسایی بۆ ئەم کاراکردنەوەیە دانانێت و کۆبونەوەکەی بە نایاسایی و یەک لایەنە وەسف کرد.

پێنجی ئه‌م مانگه‌، بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆکی یه‌کێتی له‌په‌یامێکی ڤیدیۆییدا باسی له‌وه‌کرد، یه‌کێتی زۆر هه‌وڵیدا حکوومەتێک دابمه‌زرێنێت جیاوازبێت بۆ خزمه‌تکردنی هه‌مو خه‌ڵکی کوردستان و ئاشتکردنه‌وه‌ی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر بێت، په‌یوه‌ندییه‌کی باشی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بێت، زیاتر له‌ 15 جار سه‌ردانی هه‌ولێرم کرد و دانیشتنم کردوه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موان، به‌داخه‌وه‌ نه‌مانتوانیوه‌ بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێک.

وتیشی، "هه‌ر قۆناغێک پێیگه‌یشتوین به‌بیانویه‌ک تێکیانداوه‌، ئه‌م شته‌ی کراوه‌ ئێمه‌ ده‌مانتوانی بیکه‌ین، به‌من ده‌ڵێن په‌رله‌مان کۆبۆته‌وه‌، نه‌خێر ئه‌مه‌ په‌رله‌مان نیه‌، به‌ڵکو که‌مینه‌یه‌ک له‌ناو په‌رله‌مان سه‌لماندیان نازانن دیموکراسی چیه‌ و حکومڕانی ده‌بێت چۆن بێت".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "دوای کۆبونه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی، کامل ده‌سه‌ڵاتدرا به‌من که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م شته‌ی کراوه‌ ته‌عامول بکه‌م، ئێمه‌ ئیعتراف به‌م شته‌ ناکه‌ین، دو ساڵه‌ ئه‌م حکوومەته‌ کاربه‌ڕێکه‌ره‌ و نه‌یتوانیوه‌ به‌سیتترین شت دابینبکات، بۆیه‌ ئه‌م حکوومەته‌ فه‌شه‌لی هێناوه‌، ئێمه‌ له‌م ده‌قه‌یه‌وه‌ له‌م حکوومەته‌ فاشله‌ ده‌کشێینه‌وه‌، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌، هه‌مو هێز و قوه‌تمان به‌کارده‌هێنین، خه‌ڵکی خۆمان له‌ده‌ڤه‌ره‌که‌ی خۆمان چیان پێویسته‌ بۆیان دابین بکرێت".

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.