خبر 2026-11-04 16:11 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی:

بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی هەرێم بەبێ لێکتێگەیشتنی هاوبەش قەیران دروست دەکات

یوسف گۆران، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کاردانەوەی توندی بەرامبەر بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان نیشان دا و پرۆسەکەی بە «سەرکێشییەک» ناو برد کە یەکڕیزی و سەقامگیریی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، یوسف گۆران لە ڕەخنەیەکی تونددا، دۆخەکەی بەو دیمەنە بەراورد کرد کە تێیدا پزیشکەکە دەڵێت گرنگ نییە نەخۆشەکە مردووە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو؛ هەروەها زیادی کرد: «ئێستاش مەترسییەکە لەوەدایە دانیشتنێکی پەرلەمانیمان بردبێتەوە، بەڵام خودی ئەزموونی هەرێمی کوردستانمان کوشتبێت.»

​ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد کە خاوەنی ئەم هەوڵە (پارتی دیموکراتی کوردستان) لە ڕێگەی گوشار و ڕێگەی نایاساییەوە توانیویەتی ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاران کۆ بکاتەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت، بەڵام ئەمە ناکۆکییە سیاسییەکان قوڵتر دەکاتەوە.

​ناوبراو جەختی لەوە کردەوە که «هەرێمی کوردستان تەنیا چەند کورسییەکی پەرلەمانی نییە کە بە شێوازی بیرکاریانە کۆ بکرێنەوە، بەڵکو ئەزموونێکە کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشیی ئاڵۆزی نێوان دوو هێزە سەرەکییەکە (پارتی و یەکێتی) دامەزراوە.»

​لە هەمان پەیامدا، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی هۆشداری دا کە «بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی هەرێم بەبێ لێکتێگەیشتنی هاوبەش، دەرگا بەڕووی قەیرانێکی زۆر قوڵتردا دەکاتەوە کە لەوانەیە داڕێژەرانی ئەم دانیشتنە بیریان لێ نەکردبێتەوە.»

​ئەم هەڵوێست و پەیامەی یەکێتی لە کاتێکدایە که هەر ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بەبێ بەشداریی فراکسیۆنی یەکێتی کۆ بووەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی خولی نوێی پەرلەمانی هەڵبژارد.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.