فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کوڕی ئەمینداری حزبوڵای عێراق دەرکرا
کوردپرێس: بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "العربية.نت"، نووسینگەی لێکۆڵەری دادوەریی تایبەتمەند لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ حوسێن موحسین ئەحمەد حومەیداوی دەرکردوە کە لەدایکبوی ساڵی 1994ـە و دانیشتوی ناوچەی بەلەدیاتی بەغدایە و کوڕی ئەبو حسێن ئەلحومەیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی حزبوڵای عێراقە؛ بەپێی بەڵگەنامە دادوەرییەکە ناوبراو تۆمەتبارە بە "سەرۆکایەتیکردنی گروپێکی چەکدار کە کردەوەی توندوتیژی و هەڕەشە ئەنجامدەدەن بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و دروستکردنی ترس لە نێو هاوڵاتیاندا".
فەرمانی دەستگیرکردنەکە لەسەر بنەمای ماددەکانی 2 و 4 لە یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆری عێراق ژمارە 13ی ساڵی 2005 دەرچوە، کە تۆمەتی خستنە مەترسیی ژیان و سەروماڵی هاوڵاتیانی خستوەتە پاڵ؛ ئەمەش وەک هەنگاوێکی بەرچاوی دەسەڵاتی دادوەری دادەنرێت دژی کەسایەتییە باڵاکانی پەیوەندیدار بە گروپە چەکدارییەکان لە ناو پایتەختدا.
لە فەرمانی دەستگیرکردنەکەی دادگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراقدا هاتووە، "تۆمەتبار حوسێن حومەیداوی بەپێی حوکمەکانی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر داواکراوە بەهۆی سەرپەرشتیکردنی گروپێکی چەکداری کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری، تۆقاندنی خەڵک، و خستنە مەترسیی ئازادی و موڵکی گشتیی هاوڵاتیان بوە لە بەغدا".
بۆچوونی بەکارهێنەران