پارتی: کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دژی هیچ لایەنێک نییە و دەستەی سەرۆکایەتی کاتی نییە
کوردپرێس: بانگەوازی فراکسیۆنی پارتی بۆ گەڕانەوەی سەرجەم فراکسیۆنەکان بۆ پەرلەمان و دەستپێکردنی ڕێکارە یاساییەکان: فراکسیۆنەکە ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان یەک قەوارەی یەکگرتووی دەستوورییە و پەرلەمانیش سەکۆی سەرەکیی یەکگرتنیەتی؛ بۆیە کاراکردنەوەی ئەم دامەزراوەیە بە هیچ شێوەیەک دژی هیچ لایەنێک نییە، بەڵکو لە خزمەتی سەرجەم پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندایە.
لە درێژەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا، فراکسیۆنی پارتی بانگەوازییەکی ئاراستەی سەرجەم فراکسیۆن و پەرلەمانتاران کرد کە بگەڕێنەوە ناو هۆڵی پەرلەمان و بەشداریی کارا لە دانیشتنەکاندا بکەن، تاوەکو پێکەوە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆیان لە بەرامبەر دەنگدەران و خەڵکی کوردستاندا بەجێ بگەیەنن.
سەبارەت بە شوناسی دەستەی سەرۆکایەتی، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا، فراکسیۆنی پارتی ڕوونی کردەوە کە دانیشتنەکە بەپێی پەیڕەو و ڕێکارە یاساییەکان بەڕێوەچووە و هەر هەنگاوێکی تریش لە کاتی خۆیدا و بەپێی یاسا دەبێت؛ هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو دەستەیەی هەڵبژێردراوە، بە هیچ شێوەیەک «کاتی» نییە، بەڵکوو دەستەیەکی «هەمیشەیی» و یاسایییە.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنی پارتی ئاشکرای کرد کە کاراکردنەوەی پەرلەمان کاریگەرییەکی ئەرێنی دەبێت و لە ئێستاوە دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی ڕێکارە یاساییەکان بۆ هەردوو پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، کە سەرجەمیان لە چوارچێوەی ئەو بڕگە و ماددانەدا دەبن کە لە یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستاندا هاتوون.
بۆچوونی بەکارهێنەران