خبر 2026-11-08 16:09 کاتی خوێندنەوە: 4 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

بەکرخان: پرسی کورد کەیسێکی ئەمنی نییە

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، جەختی کردەوە پرسی کورد ناتوانرێت وەک کەیسێکی ئەمنی سەیر بکرێت و لە دەوڵەتی تورکیای داوای کرد بۆ بەرزکردنەوەی متمانەی گشتی بە پڕۆسەی ئاشتی هەنگاوی کرداری بنێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تونجەر بەکرخان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە وتاری پێشکەشکردنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناوەندیی دەم پارتی کە لە بارەگای ئەم حزبە لە گەڕەکی بالگاتی ئەنکەرە بەڕێوە چوو، لەسەر بارودۆخی بەندکراوە نەخۆشەکان، داواکارییە ئابووری و دیموکراتیکەکانی کۆمەڵگە، پڕۆسەی ئاشتی و قەیرانی سیاسیی هەرێمی کوردستانی عێراق ئاخاوت.

بەکرخان وتارەکەی بە ئاماژەدان بە کۆچی دوایی تونجەر ساغلام دەست پێ کرد، بەندکراوێکی نەخۆش کە لە نەخۆشخانەی شاری ئەتلیکی ئەنکەرەدا لە ژێر چاودێریی پزیشکیدا بوو.

ئەو بە خستنەڕووی ئەوەی ساغلام سەرەڕای تووشبوون بە نەخۆشیی قورس ئازاد نەکرا، گوتی: «ئەمڕۆ هەڤاڵێکی تری بەندکراومان گیانی لەدەست دا. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی ناتوانین متمانەی کۆمەڵگە بەدەست بهێنین، ڕوودانی ئەم جۆرە کارەساتانەیە.»

هاوسەرۆکی دەم پارتی هاوکات لەگەڵ سەرەخۆشیکردن لە بنەماڵە و کەسوکاری ساغلام، ڕووی لە بەرپرسانی تورکیا کرد و گوتی: «با ئەمە دوا کۆست بێت. بۆچی بەندکراوە نەخۆشەکان هێشتا لە بەندیخانەدا دەهێڵرێنەوە؟»

بەکرخان هەروەها سەرەخۆشی لە کۆچی دوایی نەسڕین ئەسلان، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی دەم پارتی کرد.

بەکرخان بە ئاماژەدان بە بارودۆخی ئابووری و سیاسیی تورکیا و جیهان گوتی داواکارییە ئابووری و دیموکراتیکەکانی خەڵک زیاتر لە پێشوو لە یەکتر نزیک بوونەتەوە: «لەوانەیە بۆ یەکەم جار داواکارییەکانی خەڵک و زەحمەتکێشانی جیهان تا ئەم ڕادەیە هاوبەش بووبن. لە بەرنامەکانی پەیوەندیدار بە هەڵمەتی نان، دادپەروەری و بودجەدا، نزیکەی لە هەر شوێنێک ئامادە بووین، خەڵک داواکاریی هاوشێوەیان دەخستە ڕوو.»

بەکرخان زیادی کرد دەوڵەت و دەزگا سیاسییەکان ئەرکیان لەسەرە گوێ لە دەنگی خەڵک بگرن و بۆ وەدیهێنانی دادپەروەری، یەکسانی و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوە ئابوورییەکان هەنگاو بنێن.

پڕۆسەی ئاشتی؛ ڕێگەی دەرچوون لە قەیرانەکان

هاوسەرۆکی دەم پارتی، ڕەوتی «ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک»ی وەک یەکێک لە گرنگترین ڕێگەکانی دەرچوون لە قەیرانە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا وەسف کرد.

ئەو گوتی: «قورسترین تێچووەکانی ئەم وڵاتە تەرخان کراون بۆ جەنگ، پێکدادان و چەک و چۆڵ. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی دوو هەزار و ۵۰۰ ملیار دۆلار خەرج کراوە و لە خەمڵاندنە نافەرمییەکاندا ئەم ژمارەیە دەگاتە سێ هەزار ملیار دۆلار.»

بەکرخان زیادی کرد لە حاڵەتی سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتیدا، سەرچاوەی زیاتر بۆ دابینکردنی نیشتەجێبوون، بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، پشتگیریکردن لە کاسپکاران و وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی جووتیاران فەراهەم دەبێت: «ئەم ڕەوتە دەستکەوتی شاراوەی تریشی هەیە. تا کاتێک پێکدادان بەردەوام بێت، گۆڕەپانی سیاست بەرتەسک دەبێتەوە، دەوڵەت پەنا بۆ هێز دەبات، دەزگای دادوەری دەبێتە ئامرازێک بۆ فشار و سەروەریی یاسا لەنێو دەچێت.»

بانگەواز بۆ حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ وەرگرتنی بەرپرسایەتیی هاوبەش

بەکرخان بە دیاریکردنی ئەوەی سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی دەتوانێت فەزای چالاکیی سیاسی بۆ تەواوی حزبەکان فراوانتر بکاتەوە، لە حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنیشی داوا کرد بەرپرسایەتیی زیاتر بگرنە ئەستۆ. ئەو گوتی: «ئەم ڕەوتە هی هەموومانە. ئەگەر پێشکەوتنی بتوانێت کار بکاتە سەر ژیانی هەمووان، لە دیموکراسی و ئابوورییەوە تا نیشتەجێبوون، گواستنەوە، مافەکانی خانەنشینان و کەمترین مووچە، دەبێت هەموومان لە ئاستیدا بەرپرسایەتیی هاوبەش بگرینە ئەستۆ.»

بەکرخان زیادی کرد گرنگیی پڕۆسەی ئاشتی هێشتا لە هەڵوێستەکانی دەوڵەت و ئۆپۆزسیۆندا بە ڕادەی پێویست ڕەنگی نەداوەتەوە و ناتوانرێت تەواوی بەرپرسایەتیی تەنیا بخرێتە ئەستۆی کوردەکان و حکومەت.

پرسی کورد کەیسێکی ئەمنی نییە

هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی کردەوە کە دواکەوتنی هەڵگرتنی هەنگاوە کردارییەکان، ئومێدەکانی کۆمەڵگە دەکاتە نیگەرانی: «دەوڵەت دەبێت هەنگاوێک بنێت کە متمانە و پشتگیری لە ڕەوتەکە بەرز بکاتەوە. حکومەت نابێت لە چاوێلکەی ئەمنییەوە تەماشای ئەم پرسە بکات. پرسی کورد کەیسێکی ئەمنی نییە و دیموکراتیکبوونی وڵاتیش نابێت وەک پرسیارێکی ئەمنی لەبەرچاو بگیرێت.»

بەکرخان پڕۆسەی ئاشتیی بە دەرفەتێکی گرنگ بۆ تورکیا زانی و زیادی کرد: «ئەم ڕەوتە ڕێگەی دەرچوونی تورکیایە لە قەیرانەکان و نابێت ئەم دەرفەتە لە دەست بدرێت.»

هۆشداری لەبارەی گەڕانەوەی «ئیدارەی دووئیدارەیی» لە هەرێمی کوردستان

بەکرخان لە بەشێکی تری قسەکانیدا پەرژایە سەر قەیرانی سیاسیی هەرێمی کوردستانی عێراق و نیگەرانیی خۆی لە ئەگەری دووبارە دروستبوونەوەی بونیادی دووئیدارەیی سیاسی و کارگێڕی لەم هەرێمەدا دەربڕی. ئەو گوتی پەرلەمانی هەرێم بێ ئامادەبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی نەوەی نوێ دانیشتنی ئەنجام دا و لە دوای ئەوەش یەکێتیی نیشتمانی لە حکومەتی هەرێم هاتە دەرەوە: «بەو جۆرە، مەترسیی ئیدارەی دووئیدارەیی جارێکی تر سەری هەڵدایەوە.»

بەکرخان بە وەبیرهێنانەوەی ناکۆکییە سیاسییەکانی سەرەتای دەیەی ۲۰۰۰ گوتی: «کوردەکان هێشتا لە دروستکردنی بونیادێکی هاوبەشدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە و بەشێکی گەورەی کێشەکانمان لەم ناکۆکییانەوە سەرچاوە دەگرێت. من وەک کوردێک و شۆڕشگێڕێک، بە کەسەرەوە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆخە دەکەم.»

ئەو هۆشداریی دا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێک لە مەترسیدارترین قۆناغە مێژوویییەکانی خۆی تێدەپەڕێنێت و لە بارودۆخێکدا کە هاوسەنگییەکانی دەسەڵات دووبارە شێوە دەگرنەوە، دابەشبوونی کرداریی هەرێمی کوردستان بۆ دوو گۆڕەپانی سیاسیی جیاواز، توانای دانوستانی کورد لە بەرامبەر حکومەتی ناوەندیی عێراقدا لاواز دەکات.

داواکاری بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان حزبە کوردییەکاندا

بەکرخان گوتی کێبڕکێ لەسەر پۆستە سیاسییەکان نابێت ئەولەویەتی هەبێت بەسەر پاراستنی دەستکەوتەکاندا کە لە ماوەی ساڵانێک خەباتدا بەدەست هاتوون: «دەم پارتی بەرگری لە یەکێتیی نەتەوەییی دیموکراتیکی کوردەکان دەکات. ئەم یەکێتییە پرسی داهاتووی نەتەوەیەکە. دەبێت ڕێککەوتنێکی نوێ و پەیماننامەیەکی بەشداریی دیموکراتیکی نوێ واژوو بکرێت.»

هاوسەرۆکی دەم پارتی بە ڕاگەیاندنی ئامادەییی حزبەکەی بۆ هاوکاری لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان زیادی کرد: «کوردەکان چاوەڕوانی ئەوەتان لێ دەکەن کە لە پشت یەک مێز دابنیشن و لەگەڵ یەکتر گفتوگۆ بکەن.»

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.