پێویستە سەرجەم لایەنەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بەهێزکردنی دامەزراوەکان ڕێکبکەون
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمریکا سهبارهت بە ئاڵۆزییە سیاسیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتگیری لە هەرێمێکی بەهێز و خۆڕاگری کوردستان دەکات، کە وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی پەیوەندییە بەرفراوانەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق دەمێنێتەوە".
ئەم کاردانەوەیەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کاراکردنەوەی پەرلەمانی ڕەتکردبووەوە و کشانەوەی حزبەکەی لە حکوومەتی هەرێم ڕاگەیاندبوو؛ هاوکات واشنتن جەخت دەکاتەوە کە چارەسەری کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و پاراستنی سەقامگیریی هەرێمەوە دەبێت و نایانەوێت ململانێکان ببنە هۆی لاوازبوونی پێگەی دەستووریی کوردستان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامە فەرمییەکەیدا جەختیکردەوە: "ئەمریکا پشتگیری لە هەرێمێکی بەهێز و خۆڕاگری کوردستان دەکات کە وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی پەیوەندییە بەرفراوانەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق دەمێنێتەوە؛ هەروەها پابەندین بە هاوبەشەکانمان لە سەرتاسەری عێراقدا بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی پڕ لە سەروەری و سەقامگیر".
ئەم هەڵوێستەی کۆشکی سپی دوای ئەوە هات کە ڤیکتۆریا تایلۆر، یاریدەدەری پێشوی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی زیان بە هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان واشنتن و کورد دەگەیەنێت.
ئەوەش دوای ئەوە هات ڕۆژی چوارشەممە پەرلەمانی کوردستان بە بەشداریی 52 پەرلەمانتاری پارتی و هاوپەیمانەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژارد و د. ڤاڵا فەرید دەستپێکردنی ڕێکارەکانی ڕاگەیاند؛ لە بەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، حزبەکەی دان بهکاراکردنهوهی پهرلهماندا نانێن و ههر حکوومەتێکیش لهو پهرلهمانهوه دروستبکرێت، دانی پێدانانێن.
بۆچوونی بەکارهێنەران