خبر 2026-11-04 15:33 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

ڕاگەیێندراوێک لە پارتییەوە سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، پاش کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی لە ڕۆژی چوارشەممە (04-11-2026)، ڕاگەیێندراوێکی فەرمیی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە دژی هیچ کەس و لایەنێک نییە و دەرگا بۆ سەرجەم لایەنەکان کراوەیە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای کارا کردنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، ​گوتەبێژی پارتی ڕایگەیاند کە کاراکردنەوەی پەرلەمان، ئەگەرچی هەنگاوێک بوو لە کاتی خۆی دواکەوتبوو، بەڵام بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان پێویستییەکی حەتمی بوو. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە ئەم دامەزراوە شەرعییەی نوێنەرایەتیی ئیرادەی خەڵک دەکات، بەهۆی بڕیاری سیاسیی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی و نەوەی نوێوە ماوەی دوو ساڵ بوو تووشی پەککەوتن ببوو.

​لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە کە زۆرینەی پەرلەمانتاران لە فراکسیۆنە جیاوازەکان، لەسەر بنەمای ئەرکی نیشتمانی، ڕێزگرتن لە دەنگی هاووڵاتییان و پابەندبوون بە سوێندی یاسایی، بەشدارییان لە سەرخستنی پرۆسەی دیموکراتی کرد و کۆتاییان بە بۆشایی یاسایی و سەپاندنی ئیرادەی کەمینەیەک هێنا.

​هەروەها گوتەبێژی پارتی سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە پرۆسەی کاراکردنەوەکە لە کاتێکدا بەڕێوە چووە کە هەڕەشە لە هەندێک پەرلەمانتار و کەسوکاریان کراوە. ناوبراو ئەم ڕەفتارەی بە ئاماژەیەکی مەترسیدار بۆ سەر دیموکراسی و ئیرادەی گەل و ئاستەنگێک لە ڕێگەی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە وەسف کرد.

​مەحموود محەممەد جەختی لەوە کردەوە کە پەرلەمانی کوردستان شوێنی ڕاستەقینەی دانوستاندنی سیاسی و یاسایی و هۆکاری یەکڕیزیی ناوخۆیییە. ئومێدی خۆشی دەربڕی کە هەموو لایەک ڕێز لە ئیرادەی خەڵک بگرن و فراکسیۆنی لایەنەکانی دیکەش بڕیاری ئەرێنی بدەن بۆ بەشداریکردن لە پاراستنی شەرعیەت و قەوارەی هەرێم.

​لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم هەنگاوە دەتوانێت ببێتە پاڵنەرێک بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارەتیی هاوبەش، لێکنزیککردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان و برەودان بە هەرێمی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا بۆ خزمەتی هاووڵاتییان.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.