کورتەی هەواڵەکانی 13ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵ی هەتاوی
بایکۆتکردنی پۆلەکانی خوێندن لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سنووردارکردنی خوێندنی زمانی کوردی
قوتابییانی چەند شار و ناوچەیەک لە پارێزگای حەسەکە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی دەوڵەتی کاتیی سووریا سەبارەت بە سنووردارکردنی خوێندنی زمانی کوردی بۆ سێ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا، پۆلەکانی خوێندنیان بایکۆت کردووە و داوای بەڕەسمیناسینی زمانی کوردیان وەک زمانی فەرمیی خوێندن لە قوتابخانەکان و گوتنەوەی تەواوی بابەتەکان بەم زمانە کردووە.
دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیای DNO دەگەیەنێتە بەرزترین ئاستی داهات لە مێژووی ٥٥ ساڵەیدا
کۆمپانیای نەوتی نەرویژی (DNO) لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا ئاشکرای کرد، دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە داهاتی کۆمپانیاکەیان. بەپێی ئامارەکان، قازانجی کۆمپانیاکە بە ڕێژەی ٤٦٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٦٤١.١ ملیۆن دۆلار، کە ئەمەش بە بەرزترین ئاستی داهات لە مێژووی ٥٥ ساڵەی دامەزراندنی DNO ئەژمار دەکرێت.
ململانێ لەسەر ناسنامەی ئێزدییەکان هاوکات لەگەڵ گۆڕانی هاوکێشە ئەمنییەکانی شنگال
بڕیاری دەوڵەتی عێراق بۆ تێکەڵکردنی هەزاران هێزی سەربە یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال لە ناو چوارچێوەی هێزە فیدراڵییەکانی ئەم وڵاتەدا، هاوکێشە ئەمنییەکان و سیاسییەکانی ناوچەی شنگالی گۆڕیوە و ناکۆکیی لەسەر ناسنامە و نوێنەرایەتیی سیاسیی ئێزدییەکانی توندتر کردووەتەوە.
پرۆسەی ئاشتی بەردەوامە و پێشهاتەکانی ناوچەکەش سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن
جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدان ڕایگەیاند کە پرۆسەی چارەسەری بێ هیچ کێشە و ئاستەنگێک لە بەڕێوەچووندایە و بەپێی ئەو پلان و بەرنامەیە دەچێتە پێشەوە کە پێشتر بۆی دانرابوو و تووشی هیچ پەک کەوتن یان پاشەکشەیەک نەبووەتەوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران