خبر 2026-11-04 12:09 کاتی خوێندنەوە: 7 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

ڕیشەی قەیرانی کۆچکردنی کوردانی عێراق بۆ بەریتانیا

گۆڤاری «ئامارگی»، لە ڕاپۆرتێکدا دەنووسێت: بەستنەوەی هەلی کار بە پەیوەندییە حزبییەکانەوە، قەیرانی پێدانی مووچەی کارمەندانی دەوڵەت و چڕبوونەوەی چالاکییە ئابوورییەکان لە دەستی تۆڕەکانی نزیک لە دەسەڵات، لە گرنگترین هۆکارەکانی کۆچکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی عێراقن بۆ بەریتانیا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دکتۆر بەمو نووری، شرۆڤەکاری پرسی کورد، لە شیکارییەکدا سەبارەت بە زیادبوونی کۆچی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ بەریتانیا، بنچە و ڕەگەکانی ئەم ڕەوتەی نە تەنیا لە کاری قاچاخچییەکانی مرۆڤ یان ڕێوشوێنەکانی کۆچبەریی ئەورووپا، بەڵکوو لە بونیادی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستاندا دۆزیوەتەوە. بە باوەڕی ئەو، پاشکۆبوونی هەلەکانی کار بە حزبە دەسەڵاتدارەکان، چڕبوونەوەی چالاکییە ئابوورییەکان لە دەستی تۆڕەکانی نزیک لە دەسەڵات، قەیرانی درێژخایەنی پێدانی مووچە و لاوازیی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، دۆخێکی دروست کردووە کە بەشێک لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، کۆچکردن وەک ڕێگەیەک بۆ دەستگەیشتن بە داهاتوویەکی جێگیرتر دەبینن.

ئەم شیکارییە لە کاردانەوە بەرامبەر بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی نایجل فاراژ، سیاستوانی بەریتانی، سەبارەت بە بەلەمێکی هەڵگری کۆچبەران کە بە ڕەنگەکانی ئاڵای کوردستانەوە لە ڕێڕەوی پەڕینەوە لە کەناڵی مانشدا جووڵابووەوە، لە گۆڤاری ئامارگی بڵاو کراوەتەوە. نایجل فاراژ لە ۲۹ی تشرینی یەکەمدا ئەم هەنگاوەی بە گاڵتەپێکردنی بەرپرسانی بەریتانیا لەلایەن قاچاخچییەکانی مرۆڤەوە لێک دایەوە و خستیە چوارچێوەی قەیرانی کۆچبەری بۆ ئەم وڵاتە. بەم حاڵەشەوە، بەمو نوری پێی وابوو کە پرسی گرنگتر ئەوەیە بۆچی هاووڵاتییانی هەرێمێک کە دەیان ساڵ بۆ ئازادی و خۆبەڕێوەبەری تێکۆشاون، بۆ دەستگەیشتن بە هەل و ئاسایش، گیانی خۆیان لە ڕێگەی کۆچدا دەخەنە مەترسییەوە.

نووسەر بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی باڵادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بونیادی سیاسی و ئابووریی هەرێمدا، بەڵگە دێنێتەوە کە نفوزی ئەم دوو حزبە لە هەڵبژاردنەکاندا کورت نەبووەتەوە و بوارەکانی وەک دامەزراندن لە کەرتی گشتییدا، دەزگا ئەمنییەکان، گرێبەستە ئابوورییەکان و تۆڕە بازرگانییەکانیشی گرتووەتەوە. لە بونیادێکی لەم شێوەیەدا، دەستگەیشتن بە هەلە ئابووری و کارییەکان لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا بە پەیوەندی و پاشکۆیەتیی حزبییەکانەوە گرێ دراوە.

توێژینەوەکانی قوتابخانەی ئابووریی لەندەنیش ئاماژەیان بە مێژووی دابەشکردنی هەلەکانی کار، گرێبەستە حکومییەکان و سەرچاوە گشتییەکان لە ڕێگەی تۆڕەکانی پاشکۆپەروەریی حزبی لە هەرێمی کوردستاندا کردووە. بە نووسینی بەمو نوری، ئەم دۆخە سەربەخۆیی دەزگا حکومییەکانی لاواز کردووە و سنووری نێوان هەڵبژاردنی سیاسی و پێداویستیی ئابووریی کاڵ کردووەتەوە. لە ئەنجامدا، هاووڵاتییان ئەگەرچی خاوەنی مافی دەنگدانن، بەڵام وابەستەییی بژێوی بە بونیادە حزبییەکانەوە دەتوانێت ئازادیی هەڵبژاردنی ئەوان سنووردار بکات.

قەیرانی پێدانی مووچەی کارمەندانی حکوومەت یەکێکی تر لە هۆکارە بەرچاوەکانی نووسەرە. بە نووسینی ئەو، زیاتر لە یەک ملیۆن کارمەند و مووچەخۆر و خانەنشین لە هەرێمی کوردستاندا لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی دواکەوتن، کەمکردنەوە یان ڕاگرتنی پێدانی مووچە بوونەتەوە و کۆی داواکارییە دواکەوتووەکانیان گەیشتووەتە ۲۱ ملیار دۆلار. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ۲۷ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۶دا بە فەرمی داواکارییە نەدراوەکانی کارمەندانی وەک قەرزی حکوومەت بە ڕەسمی ناساند.

سەرەڕای ناکۆکییە بەردەوامەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر بەرپرسایەتیی دابینکردنی سەرچاوە داراییەکان و پێدانی مووچە، هاووڵاتییانی ئاسایی زۆرترین باجی ئەم قەیرانە دەدەن. لە ڕوانگەی نووسەرەوە، دژبەریی سەرەکی لەوەدایە کە بونیادی ئابووریی هەرێم هاووڵاتییانی بە دامەزراندن لە کەرتی گشتییەوە بەستووەتەوە، بەڵام تەنانەت لە دابینکردنی بەردەوامی مووچەکانیشیان نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت.

بەمو نووری لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا دەپەرژێتە سەر چڕبوونەوەی چالاکییە ئابوورییەکان لە دەستی کۆمپانیاکانی نزیک لە حزبە دەسەڵاتدارەکان. توێژینەوەکانی قوتابخانەی ئابووریی لەندەن، گرووپی ئابووریی کار لە کۆمپانیاکانی پەیوەندیدار بە پارتی دیموکراتی کوردستان و گرووپی قایوان لە کۆمەڵە پەیوەندیدارەکان بە یەکێتیی نیشتمانییان وەک نموونەی دیاری بەستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و چالاکییە بازرگانییەکان ناساندووە. توێژینەوەکانی زانکۆی نیوکاسلیش پەرژاونەتە سەر پەیوەندییە مێژووییەکانی گرووپی نوکان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی و دەستگەیشتنی تایبەتیی ئەو بۆ بەشێک لە گرێبەستەکان و هەلە بازرگانییەکان.

نووسەر جەخت دەکاتەوە کە ئەم دەستکەوتانە بە مانای سەلماندنی سەرپێچی لەلایەن تەواوی کۆمپانیاکان یان کەسانی پەیوەندیدار بەم کۆمەڵانەوە نییە، بەڵکوو ئاماژە بە بوونی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییە کاریگەرەکان لەسەر کێبڕکێی بازاڕ دەکات. بە باوەڕی ئەو، کاتێک دەستگەیشتن بە سەرمایەگوزاری، گرێبەستەکان و بازاڕەکان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی پەیوەندییە سیاسییەکانەوە، سەرمایەدارە سەربەخۆکان و بازرگانانی بێ‌پەیوەندیی حزبی ڕووبەڕووی ئاستەنگە بونیادییەکان دەبنەوە. ئەم دۆخە جگە لە زیادکردنی نابەرامبەری، کێبڕکێی ئابووری و توانای داهێنان لاواز دەکات و لەناوی دەبات.

وابەستەییی دژواری هەرێمی کوردستان بە هاوردەکردنەوە، بابەتێکی تری ئەم شرۆڤەکارییەیە. لەسەر بنەمای زانیارییەکانی یەکێتیی هاوردەکاران و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان، بەهای هاوردەکردنی ئەم ناوچەیە لە ساڵی ۲۰۲۵دا لە ۱۲ ملیار دۆلار تێپەڕیوه و نزیکەی ۹۵ لە سەدی بازرگانیی پێکهێناوە. تورکیا و ئێران لە گرنگترین دابینکەرانی کەلوپەلە پێویستەکانی بازاڕی هەرێم بوون. لە دۆخێکدا کە بەشێکی بەرچاوی پێداویستییەکانی بازاڕ لە دەرەوە دابین دەکرێت، پیشەسازییە ناوخۆییەکان ڕووبەڕووی سەختیی کێبڕکێ دەبنەوە و تۆڕە بازرگانییەکانی نزیک لە دەسەڵات خاوەنی پێگەیەکی ئابووریی کاریگەرن.

ڕاپۆرتەکە هەروەها ئاماژە بە ڕۆڵی حزبە دەسەڵاتدارەکان لە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و داهاتە گومرکییەکان دەکات. لەسەر بنەمای توێژینەوەکانی قوتابخانەی ئابووریی لەندەن، پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەر دەروازە سنوورییەکانی تورکیادا و یەکێتیی نیشتمانی لەسەر دەروازەکانی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە نفوزیان هەیە و داهاتە گومرکییەکان یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی دەسەڵاتی دارایی ئەم دوو حزبە ئەژمار دەکرێن.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، لە ساڵی ۲۰۲۲دا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە داهاتەکانی دەروازەی سنووریی پەروێزخان لە نێوان یەکێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕاندا دابەش کراوە و کۆمپانیاکانی نزیک لە ڕەوتە سیاسییەکان لەم میکانیزمە سوودمەند بوون. ئەم بانگەشانە بە ڕێکارە دیارەکان لە ڕابردوودا بەستراونەتەوە، بەڵام نووسەر ئەوانە بە نیشانەیەک لە پێویستیی شەفافییەت سەبارەت بە چۆنیەتیی دابەشکردنی داهاتە بازرگانییەکانی هەرێم دەزانێت.

لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، دەروازە سنوورییەکانی ئەم ناوچەیە لە نێوان ساڵانی ۲۰۱۹ تا ۲۰۲۵دا نزیکەی ۶ ملیار و ۸۰۰ ملیۆن دۆلار داهاتی گومرکیان دروست کردووە. توێژینەوەکانی دامەزراوەی چەتەم هاوسیش دەستبەسەرداگرتنی داهاتە بازرگانییەکان و هەلە ئابوورییەکان لەلایەن تۆڕەکانی وابەستە بە حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە وەک یەکێک لە کێشە بونیادییە کاریگەرەکان لەسەر کۆچکردنی کوردان ناساندووە. بەمو نوری ئەم دۆخە بە دژبەرانە دەزانێت؛ چونکە لە کاتێکدا ملیارەها دۆلار لە چالاکییە بازرگانییەکانی سنوورەکانی هەرێمەوە داهات دروست دەبێت، بەشێک لە هاووڵاتییانی ئەم ناوچەیە بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و داهات ڕوو لە ئەورووپا دەکەن.

نووسەر لە درێژەدا ئاماژە بە ئاماری کۆچکردن و لێکەوتە مرۆییەکانی دەکات. لەسەر بنەمای مەزەندەی ئەنجومەنی پەنابەرانی گەڕاوە، نزیکەی ۶ هەزار و ۵۰۰ کەس لە ساڵی ۲۰۲۵دا لە هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە و لانیکەم ۱۱ کەسیش لە ڕێگە پرمەترسییەکاندا گیانیان لە دەست داوە. ئەم ئامارە مەزەندەی دامەزراوەیەکی چاودێریکاری کۆچە، بەڵام بە وتەی نووسەر، ڕەهەندە مرۆییەکانی ئەم ڕەوتە نیشان دەدات.

لە هەمان کاتدا، ئاماری چاودێرگەی کۆچی بەریتانیا نیشان دەدات کە هاووڵاتییانی عێراق لە نێوان ساڵانی ۲۰۱۸ تا ۲۰۲۵دا نزیکەی ۱۰ لە سەدی هاتنەژوورەوە تۆمارکراوەکانی لە ڕێگەی بەلەمی بچووکەوە بۆ بەریتانیا پێکهێناوە؛ ئەم پشکە لە ساڵی ۲۰۲۵دا بۆ ۴ لە سەد کەم بووەتەوە. بەڵام هەموو کۆچبەرە عێراقییەکان کورد نین و هۆکارەکانی کۆچکردنیش لە هۆکارە ئابوورییەکاندا کورت نابێتەوە.

بەمو نووری پێی وابوو کە کۆچکردن جگە لە لێکەوتە مرۆیی و ئابوورییەکان، دەتوانێت ببێتە ڕێگەچارەیەک بۆ کەمکردنەوەی فشار و ناڕەزایەتییە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستاندا. ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی سنوورداربوونی هەلی کار و بواری ئابووری دەبنەوە، لە بری بەدواداچوونی چاکسازی لە ناوخۆی هەرێمدا، نیشتمان بەجێ دەهێڵن. ئەم ڕەوتە ڕەنگە لە فشارە کۆمەڵایەتییەکان بۆ چاکسازیی بونیادە سیاسی و ئابوورییەکان کەم بکاتەوە، هەرچەندە کۆمەڵگە کۆچبەرەکان هێشتا دەتوانن داواکارییە چاکسازیخوازانەکان لە دەرەوەی هەرێم شوێنپێ هەڵبگرن. لە لایەکی ترەوە، حەواڵە داراییەکانی کۆچبەران بۆ بنەماڵە ماوەکان لە هەرێمدا، لە هەندێک حاڵەتدا دەبێتە ئامرازێک بۆ دابینکردنی بژێویی خانەوادەکان.

نووسەر لە کۆتاییدا، بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی مێژوویی بەریتانیا لە گۆڕانکارییەکانی عێراق لە دوای هێرشی ساڵی ۲۰۰۳دا، پێی وابوو کە ئەم وڵاتەش ناتوانێت بە تەواوی خۆی لە لێکەوتەکانی گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییەکانی عێراق جیا بکاتەوە. بەم حاڵەشەوە، ئەو جەخت دەکاتەوە کە ئەم مێژووە و دەستکەوتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەرپرسایەتیی حزبە دەسەڵاتدارەکان بەرامبەر بە کێشە ئابووری و دامەزراوەییەکانی ناوچەکە لە نێو نابات.

بە باوەڕی بەمو نووری، بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچییەکانی مرۆڤ و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی ئەورووپا بە تەنیا ناتوانێت قەیرانی کۆچبەری چارەسەر بکات و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بۆ دروستکردنی بازاڕی کێبڕکێکار، بەهێزکردنی دەزگا سەربەخۆکان، ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی بەرهەمهێن و دابینکردنی هەلی کاری سەربەخۆ لە پاشکۆیەتیی حزبی هەنگاو بنێت.

ئەو لە کۆتاییدا، وێنەی ئاڵای کوردستان لەسەر بەلەمی کۆچبەران تەنیا وەک بابەتێکی پەیوەندیدار بە سیاسەتی کۆچبەریی بەریتانیا سەیر ناکات، بەڵکوو پێی وابوو ئەم وێنەیە دەبێت بۆ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان پرسیارێکی جدی سەبارەت بە چەمکی ئازادی و داهاتووی ناوچەکە دروست بکات؛ چونکە بە وتەی ئەو، تا ئەو کاتەی بونیادی سیاسی و ئابووریی هەرێم نەتوانێت بۆ هاووڵاتییانی خۆی هەل و ڕوانگەیەک لە داهاتوویەکی ڕوون دابین بکات، بەشێک لە هاونیشتمانیان هێشتا بۆ دەستگەیشتن بە داهاتوویەکی باشتر ناچار بە جێهێشتنی نیشتمانی خۆیان دەبن.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.