کورتەی هەواڵەکانی 11ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵ی هەتاوی
ڕوانگەی دوو حزبە سەرەکییەکەی ئەمریکا لەبارەی کوردەوە زۆر جیاواز نییە
ئامۆس هوکشتاین، جێگری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سەرچاوەکانی وزە، بە ئاماژەدان بە پشتیوانیی حکوومەتی دیموکراتەکان لە کورد لە سووریا و عێراقدا، گوتی سیاسەتی واشنتۆن بەرامبەر سووریا لە ئەگەری هاتنە سەر کاری دیموکراتەکان بە ئەگەری زۆرەوە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی نەدەکرد.
تێچووی ۲.۳ تریلیۆن دۆلاریی ململانێ؛ تورکیای ناچار کرد بە دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورددا
ئەو خەمڵاندنانەی کە بەرپرسانی تورکیا خستوویانەتەڕوو، دەریدەخەن کە چوار دەیەی شەڕ و پێکدادان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تێچوویەکی لە نێوان ۱.۸ بۆ ۲.۳ تریلیۆن دۆلاری بەسەر ئابووریی ئەم وڵاتەدا سەپاندووە و ئێستاش پێویستییە ئابوورییەکان، تورکیایان بەرەو کەمکردنەوەی گرژییەکان پاڵ ناوە.
پرۆسەی ئاشتی وەستاوە و دەبێت دەوڵەتی تورکیا لە هەڵوێستی ڕەقی خۆی پاشەکشە بکات
لە نوێترین پێشهاتدا سەبارەت به پرۆسەی چارەسەری و دۆخی عەبدوڵا ئۆجەلان، ئەندامێکی شاندی ئیمراڵی ڕایدەگەیەنێت کە ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە گواستراوەتەوە بۆ شوێنە نوێیەکەی لە دوورگەی ئیمراڵی، جەختیش دەکاتەوە کە پرۆسەکە ماوەی دوو مانگە تووشی وەستان بووە و پێویستە تورکیا دەستبەرداری توندوتیژی و هەڵوێستی ڕەق بێت.
نیو ملیۆن گەشتیار بەشداریی دوانزەیەمین فیستیڤاڵی هەناریان لە هەڵەبجە کرد
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری کۆتایی و فەرمیی دوانزەیەمین فیستیڤاڵی هەنار و پاییزی ڕاگەیاند و بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی چوار ڕۆژی بەڕێوەچوونی کەرنەڤاڵەکەدا پێشوازی لە ٥٠٢ هەزار گەشتیار و سەردانیکەر کراوە، هەروەها زیاتر لە ٩٦ هەزار ئۆتۆمبێلی بچووک لە دەروازە جیاوازەکانی شارەکەوە هاتوونەتە ژوورەوە، بەبێ ئەوەی هیچ قەرەباڵغییەکی ئاستەنگ دروست ببێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران