لە حەسەکە بەهۆی تەقینەوەی مینێک ژمارەیەک هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون
لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک لە ناو حەوشەی قوتابخانەیەکدا لە شارۆچکەی زەرگان سەر بە پارێزگای حەسەکە، قوتابییەکی تەمەن ١٢ ساڵ گیانی لەدەستدا و ١٩ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کاوە خدر بەڕێوەبەری تەندروستی حەسەکە ڕایگەیاند: ڕووداوەکە لە ناو حەوشەی قوتابخانەکە ڕوویداوە و ئاماژەی بەوەشدا، لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا قوتابییەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و ١٩ کەسی دیکەش بریندار بوون کە تەمەنیان لە ٩ تا ١٤ ساڵ دەبێت.
سەبارەت بە دۆخی بریندارەکان کاوە خدر باسی لەوەکرد، بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی تەل تەمر و حەسەکە.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف)، لە ماوەی نێوان ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ تا ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، لە سووریا هەزار و ٥١ ڕووداوی پەیوەست بە مین و پاشماوەکانی جەنگ و تەقەمەنییە تەقیوەنەکان تۆمار کراوە.
هەروەها ئەم ڕووداوانە بوونەتە هۆی مردنی ٦٩٨ کەس و برینداربوونی هەزار و ١٩٣ کەسی دیکە کە ژمارەیەکی زۆریان منداڵن.
زیاتر بخوێنەوە
هەواڵی پێشوو و داهاتوو
بۆچوونی بەکارهێنەران