خبر 2026-11-02 07:55 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

لە ڕۆژی جیهانیی هاوپشتی لەگەڵ کۆبانێدا؛ TEV-DEM جەخت لەسەر دەستەبەرکردنی مافی کورد دەکاتەوە

جڤاتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (TEV-DEM) و ئەنجومەنی ژنانی ئەم جڤاتە بە بۆنەی یەکی نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیهانیی هاوپشتی لەگەڵ کۆبانێدا، بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی جیاوازەوە جەختیان لەسەر پێویستیی دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد، پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان و هێنانەدیی ڕەوتی ڕاستەقینەی ئاوێتەبوونی نەتەوەیی لە سووریادا بە بەشداریی تەواوی پێكهاتە و گرووپەکان کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جڤاتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤ‌دەم) لە بەیاننامەی خۆیدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی هاوپشتی لەگەڵ کۆبانێدا، بەرخۆدانی ئەم شارەی وەک ڕووداوێکی مێژوویی وەسف کرد کە لە سنوورە جوگرافی و سیاسییەکان تێپەڕی و بووە هێمایەکی جیهانی بۆ بەرخۆدانی مرۆڤایەتی لە بەرامبەر تیرۆریزم و بەرگریکردن لە ئازادی، فرەدەنكی و کەرامەتی مرۆیی.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هێزە دیموکراتەکان، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، دەزگا مرۆڤدۆستەکان، بیرمەندان و کەسایەتییە دیارەکانی جیهان لە کۆبانێ، ڕۆڵێکی بەرچاوی لەم بەرخۆدانەدا بینی. کۆبانێ بووە تاقیکردنەوەیەک بۆ ویژدانی مرۆڤایەتی و نیشانی دا کە بەرگریکردن لە مرۆڤایەتی کورت نابێتەوە لە سنوورە نەتەوەیی و ئایینییەکاندا.

تەڤ‌دەم لە درێژەدا بە ئاماژەدان بە هەوڵەکان بۆ بەئامانجگرتنی گەلی کورد و پەراوێزخستنیان لە ڕەوتی داڕشتنەوەی سووریای نوێدا، هۆشداریی دا لە لێکەوتەکانی ئاوێتەبوونی یەکلایەنە و جەختی کردەوە کە ئاوێتەبوون نابێت بە مانای تواندنەوەی ناسنامەی گەل، دەستبەرداربوون لە وابەستەیییە نەتەوەیی، کلتوری و سیاسییەکان یان پشتگوێخستنی مافەکانیان بێت.

ئەم جڤاتە ڕوونی کردەوە کە ئاوێتەبوونی ڕاستەقینە دەبێت لەسەر بنەمای بەشداریی نەتەوەیی و هاوکاریی هاوبەش شێوە بگرێت و لە چوارچێوەی ئەوەدا، تایبەتمەندیی کۆمەڵگە جیاوازەکان، مافەکان و دەستکەوتەکانیان بپارێزرێن.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەی تەڤ‌دەمدا جەخت کرایەوە ئەو کەسانەی بەرگرییان لە کۆبانێ کرد و لە بەرامبەر هەڕەشەکانی داعشدا وەستانەوە، شایستەی ژیانن لە ئاشتی، ئاسایش، ئازادی و کەرامەتدا. ئەم جڤاتە هەروەها داوای لە هێزە نەتەوەیی و دیموکراتەکان، بیرمەندان و کەسایەتییانە کرد کە پشتیوانییان لە کۆبانێ کرد، درێژە بە ڕۆڵی خۆیان بدەن و لە پاڵ مافەکانی گەلی کورددا بوەستن.

لە لایەکی ترەوە، ئەنجومەنی ژنانی تەڤ‌دەم بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی هاوپشتی لەگەڵ کۆبانێدا بەیاننامەیەکی سەربەخۆی دەرکرد کە شێرزاد یوسف، ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری ئەم ئەنجومەنە خوێندییەوە.

ئەنجومەنی ژنانی تەڤ‌دەم لەم بەیاننامەیەدا یەکی نۆڤەمبەری بە بۆنەیەکی مێژوویی و هێمایەک لە ئیرادەی گەلان و هاوپشتییان لە بەرامبەر تیرۆریزمدا زانی و ڕایگەیاند داعش بە بیرۆکە و هەنگاوەکانی خۆی، بوون و ئازادیی ژنانی بەئامانج گەرتبوو.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە بەرخۆدانی گەلی کورد، گەنجان و ژنانی گەنج لە چوارچێوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و بە پشتیوانیی هێزەکانی پێشمەرگە، داستانێکی مێژووییان تۆمار کرد کە بووە هۆی ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گەلانی ئازادیخوازی جیهان، یەکی نۆڤەمبەر وەک ڕۆژی جیهانیی هاوپشتی لەگەڵ کۆبانێدا بە ڕەسمی بناسن.

ئەنجومەنی ژنانی تەڤ‌دەم هەروەها بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی ژنانی کورد لە بەرخۆدانی کۆبانێدا ڕایگەیاند ژنانی کورد بوونە پێشەنگی خەبات و توانای خۆیان لە بەڕێوەبردن و وەدەستهێنانی دەستکەوتە گرنگەکاندا سەلماند.

ئەم ئەنجومەنە لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە خەباتی خۆی لە گۆڕەپانە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتوری، دیپلۆماسی و دەستوورییەکاندا بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان درێژە پێ دەدات.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.