خبر 2026-11-03 12:15 کاتی خوێندنەوە: 3 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

بایکۆتکردنی پۆلەکانی خوێندن لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سنووردارکردنی خوێندنی زمانی کوردی

قوتابییانی چەند شار و ناوچەیەک لە پارێزگای حەسەکە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی دەوڵەتی کاتیی سووریا سەبارەت بە سنووردارکردنی خوێندنی زمانی کوردی بۆ سێ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا، پۆلەکانی خوێندنیان بایکۆت کردووە و داوای بەڕەسمیناسینی زمانی کوردیان وەک زمانی فەرمیی خوێندن لە قوتابخانەکان و گوتنەوەی تەواوی بابەتەکان بەم زمانە کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناڕەزایەتیی قوتابییان بەرامبەر بە سیاسەتی پەروەردەیی دەوڵەتی کاتیی سووریا سەبارەت بە زمانی کوردی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی جەزیرە بەردەوامە. قوتابییان و بنەماڵەکانیان بە سازدانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و دەرکردنی بەیاننامە، بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی سووریایان بۆ تەرخانکردنی تەنیا سێ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا بۆ خوێندنی زمانی کوردی لە ساڵی خوێندنی ۲۰۲۶-۲۰۲۷دا خستە بەر ڕەخنە و بە پێچەوانەی مافە زمانی و پەروەردەییەکانی کوردانیان زانی.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی هاوار، لە نوێترین ڕووداودا، قوتابییانی قوتابخانەی «یوسف ئەلعەزیمە» لە شاری دێریک لە ۸ی ئەیلوولدا دەستیان داوە بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. قوتابییان سەرەتا لە حەوشەی قوتابخانەکەدا کۆ بوونەوە و بە خوێندنەوەی سروودی کوردی، ڕێپێوانی خۆیان بەرەو کۆمەڵگەی پەروەردەیی ئەم شارە دەست پێ کرد.

ناڕازییان لەئەم ڕێپێوانەدا بە گوتنی دروشمگەلێک لەوانە «زمانمان ناسنامەمانە»، «بەبێ زمانی کوردی ژیان بوونی نییە» و «زمانی خۆمان دەوێت»، داوای بەهێزکردنی پێگەی زمانی کوردی و گۆڕینی بۆ زمانی سەرەکیی گوتنەوەی بابەتەکان لە تەواوی قوتابخانەکاندا کرد.

قوتابییان دوای کۆبوونەوە لە بەرامبەر کۆمەڵگەی پەروەردەیی، چوونە نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی دێریک و لەگەڵ شیرۆ شەرۆ، بەڕێوەبەری ئەم ناحیەیە، کۆ بوونەوە. ئەوان لەم دیدارەدا داوای بەڕەسمیناسینی زمانی کوردی، گوتنەوەی تەواوی بەرنامەکانی خوێندن بەم زمانە و ڕاگرتنی ئامادەبوون لە پۆلەکاندا تا کاتی جێبەجێبوونی ئەم داواکارییانە کرد.

شیرۆ شەرۆش لە کاردانەوە بەرامبەر بە داواکارییەکانی قوتابییان، پشتگیریی خۆی لە مافی خوێندن بە زمانی دایک ڕاگەیاند و گوتی: «ئێمە پشتگیری لە مافی قوتابییان بۆ خوێندن بە زمانی دایکیان دەکەین و بۆ فەرمیبوونی زمانی کوردی لە سووریای نوێدا هەوڵ دەدەین.»

ئەو هەروەها جەختی کردەوە کە داواکارییەکانی قوتابییان لە ڕێگە یاساییەکانەوە دەگەیەنرێنە دەزگا بەرپرسەکان. شەرۆ بە ئاماژەدان بە بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ پاراستنی زمانی کوردی، جەختی لەسەر مافی تەواوی پێکهاتەکانی سووریا بۆ پەروەردە و بەکارهێنانی زمانی دایکیان لە تەواوی قۆناغەکانی خوێندنیدا کردەوە.

هاوکات، لە ناوچەی گەركەلگەش قوتابییان و بنەماڵەکانیان ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی سووریا دەربڕی. قوتابییانی قوتابخانەی شەهید سەردار لە شارۆچکەی ڕێمیلان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، تەرخانکردنی تەنیا سێ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا بۆ خوێندنی زمانی کوردییان ڕەت کردەوە و داوای دەستەبەرکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایکیان کرد.

ئەم بەیاننامەیە کە لەلایەن قوتابییەک بە ناوی حەسەن عەلییەوە خوێنرایەوە، بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی بە پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی کورد وەسف کرد و ئەو بڕیارەی لە ڕووی پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی و دیموکراتیکەوە بە نەگونجاو و قبووڵنەکراو زانی. لەم بەیاننامەیەدا هەروەها جەخت کرایەوە کە سنووردارکردنی خوێندنی زمانی کوردی لەگەڵ مافە یاساییەکانی گەلان لە بواری بەکارهێنانی زمانی دایکدا پێچەوانەیە.

قوتابییان و بنەماڵەکانیان لە وەزارەتی پەروەردەی دەوڵەتی کاتیی سووریا داوایان کرد ئەم بڕیارە هەڵوەشێننەوە و چاکی بکەن و زەمینەی گوتنەوەی تەواوی بابەتەکانی قوتابخانەکان لە ناوچە کوردنشینەکاندا بە زمانی کوردی دابین بکەن. ئەوان ڕایانگەیاند تا ئەو کاتەی زمانی کوردی وەک زمانی خوێندن لە تەواوی بابەتەکاندا قبووڵ نەکرێت، لە پۆلەکانی خوێندنیدا ئامادە نابن.

لە گوندی سەقرا لە نزیک شاری گەركەلگەش قوتابییانی قوتابخانەی شەهید شیوان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی جیاواز، دژایەتیی خۆیان بۆ سنووردارکردنی خوێندنی زمانی کوردی ڕاگەیاند. ئەم بەیاننامەیە لەلایەن قوتابییەک بە ناوی سۆتلانا حاجووەوە خوێنرایەوە.

قوتابییانی ئەم گوندەش لە دەوڵەتی کاتیی سووریا داوایان کرد لە بڕیارەکەیاندا چاوپێداخشاندنەوە بکەن و مافی درێژەدان بە خوێندن بە زمانی کوردی دەستەبەر بکەن. ئەوان جەختیان کردەوە تا کاتی بەڕەسمیناسینی مافی خوێندن بە زمانی دایک، بۆ قوتابخانەکان ناگەڕێنەوە.

ئەم ناڕەزایەتییانە لە دۆخێکدا بەردەوامن کە بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی دەوڵەتی کاتیی سووریا بۆ سنووردارکردنی خوێندنی زمانی کوردی بۆ سێ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا، بووەتە یەکێک لە تەوەرەکانی ناکۆکی لە نێوان داواکارییە پەروەردەیی و زمانییەکانی کورد و سیاسەتە پەروەردەیییەکانی دەوڵەتی نوێی سووریادا.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.