کوردانی سووریا گەیشتوونە قۆناغی خۆسەلماندن لە ئاستی نێودەوڵەتی
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیلهام ئەحمەد، لە زانکۆی سلێمانی ڕاگەیاند، "گەلی کورد لە ڕۆژاڤای کوردستان بە قوربانیدان و فیداکارییەکانی بونی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سەلماندوە، بۆیە پێویستە دەوڵەتی سووریا دان بەم ناسنامەیەدا بنێت کە لە مێژودا لەژێر حوکمی بەعس لێی سەندرابوەوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، کێشەی کورد تەنها لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نییە، بەڵکوو ژمارەیەکی زۆری کورد لە پارێزگاکانی تری سووریا دەژین وەک حەلەب، حەما، دیمەشق و لازقیە و پێویستە مافی ئەو هاوڵاتییە کوردانەش پارێزراو بێت کە لەوێ دەژین، ئەوەش لە ڕێگەی دەستەبەرکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایک و گۆڕینی پڕۆگرامی خوێندنی بەعس.
لە بارەی داهاتووی سیستەمی حوکمڕانییەوە، ئیلهام ئەحمەد جەختی لە گرنگیی بەلامەرکەزیکردنی دەوڵەت و ڕۆڵی پێشەنگی ژنان لە بەڕێوەبردندا کردەوە وتی: "زۆر ترسمان لە عەقڵیەتی مەرکەزی و تاکڕەوی هەیە کە لە دیمەشقدا زاڵە. بڕوامان وایە دەبێت سووریا ببێتە دەوڵەتێکی لامەرکەزی". هاوکات دووپاتیکردەوە کە پێویستە کورد بەپێی قەبارەی ڕاستەقینەی خۆی (نێوان 20% تا 25%) لە پەرلەمان، وەزارەتەکان، باڵیۆزخانەکان و کۆمیتەی داڕشتنەوەی دەستوری نوێی سووریادا نوێنەرایەتی بکرێت.
ئیلهام ئەحمەد لە وتەکانیدا لە زانکۆی سلێمانی وتیشی: "ئێمە دەمانەوێت تێکەڵ بە سیستەمی گشتیی سووریا ببینەوە بە مەرجی پاراستنی ناسنامە و تایبەتمەندییەکانمان، نەک بتوێینەوە و بچینەوە ژێر دەسەڵاتی تاکڕەوی ناوەندیی دیمەشق؛ هەروەها پێشنیازی دیمەشق بۆ تەنها 2 سەعات خوێندنی زمانی کوردی وەک وانەیەکی ئارەزومەندانە بە توندی ڕەتدەکەینەوە و بە سوکایەتیکردن بە مافەکانمانی دەزانین".
بۆچوونی بەکارهێنەران