نیو ملیۆن گەشتیار بەشداریی دوانزەیەمین فیستیڤاڵی هەناریان لە هەڵەبجە کرد
کوردپرێس: بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی چوار ڕۆژی بەڕێوەچوونی کەرنەڤاڵەکەدا پێشوازی لە ٥٠٢ هەزار گەشتیار و سەردانیکەر کراوە، هەروەها زیاتر لە ٩٦ هەزار ئۆتۆمبێلی بچووک لە دەروازە جیاوازەکانی شارەکەوە هاتوونەتە ژوورەوە، بەبێ ئەوەی هیچ قەرەباڵغییەکی ئاستەنگ دروست ببێت.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە جەختی لەوە کردەوە کە بەپێی ئەو پلانە تۆکمە و سەرکەوتووەی پێشوەختە داڕێژرابوو، وە بەهۆی درێژکردنەوەی ماوەی فیستیڤاڵەکە لە سێ ڕۆژەوە بۆ چوار ڕۆژ، توانیویانە بە سەرکەوتوویی ئیدارەی ئەو ژمارە پێوانەیییەی گەشتیاران و ئۆتۆمبێلەکان بدەن. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە هاوئاهەنگییەکان بوونە هۆی ئەوەی ڕەوتی هاتوچۆ بە شێوەیەکی زۆر ئاسایی بەڕێوە بچێت و ئاستی قەرەباڵغی لە نزمترین ئاستدا بێت.
بەپێی کۆتا داتا فەرمییەکان، لە ماوەی بەڕێوەچوونی کەرنەڤاڵەکەدا ٩٦ هەزار و ٨٥٠ ئۆتۆمبێلی بچووک، زیاتر لە سێ هەزار مینی پاس، دوو هەزار و ٥٠٠ پاسی گەورە، ٤٤٤ مەنشەئە (پاسی گەورەی گەشتیاری) و پێنج هەزار ماتۆڕسکیل ڕوویان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کردووە. ئەم ڕێکخستنە دقیقەی دەروازەکان و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی هاتوچۆ بە دەستکەوتێکی گەورەی گەشتیاری و کارگێڕی بۆ پارێزگاکە هەژمار دەکرێت.
چیا قاسم دووپاتی کردەوە: "بەپێی ئەو پێشبینی و بەرنامەرێژییەی داماننابوو، بەهۆی زیادکردنی ڕۆژێکی تر بۆ فیستیڤاڵەکە، توانیمان بە پلانێکی تەواو سەرکەوتووانە بەرەو پێشەوە بچین. لە هەمان کاتدا ئاستی قەرەباڵغی زۆر کەم بوو، بۆیە سوپاسی بێپایانی هەموو لایەک و تیمە بەشداربووەکان دەکەین بۆ سەرخستنی ئەم کەرنەڤاڵە نیشتمانییە."
شایانی باسە، فیستیڤاڵی ساڵانەی هەنار و پاییز لە پارێزگای هەڵەبجە یەکێکە لە گەورەترین و دیارترین چالاکییە ئابووری، کشتوکاڵی و گەشتیارییەکانی سەرانسەری هەرێمی کوردستان و عێراق. ئەم چالاکییە بە ئامانجی ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵیی باخەوانانی ناوچەکە و ڕاکێشانی سەدان هەزار گەشتیار بەڕێوە دەچێت. هەناری هەڵەبجە و ناوچەی سازان لە ڕووی کوالیتی و تامەوە ناوبانگێکی تایبەتی هەیە، و کردنی ئەم پێشانگە جەماوەرییە ساڵانە جوڵەیەکی دارایی گەورە و بەهای ملیۆنان دۆلار لە بازاڕەکانی هەڵەبجە و ناوچەی هەوراماندا دروست دەکات.
بۆچوونی بەکارهێنەران