خبر 2026-11-01 10:33 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ
مەدحەت سانجار:

پرۆسەی ئاشتی وەستاوە و دەبێت دەوڵەتی تورکیا لە هەڵوێستی ڕەقی خۆی پاشەکشە بکات

لە نوێترین پێشهاتدا سەبارەت به پرۆسەی چارەسەری و دۆخی عەبدوڵا ئۆجەلان، ئەندامێکی شاندی ئیمراڵی ڕایدەگەیەنێت کە ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە گواستراوەتەوە بۆ شوێنە نوێیەکەی لە دوورگەی ئیمراڵی، جەختیش دەکاتەوە کە پرۆسەکە ماوەی دوو مانگە تووشی وەستان بووە و پێویستە تورکیا دەستبەرداری توندوتیژی و هەڵوێستی ڕەق بێت.

کوردپرێس: بەپێی ئەو زانیارییانەی کە مەدحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵی لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی «مێدیا خەبەر» خستوویەتیەڕوو، عەبدوڵا ئۆجەلان بە فەرمی گواستراوەتەوە بۆ شوێنە نوێیە دروستکراوەکەی لە دوورگەکەدا.

لەبارەی پڕۆسەی ئاشتیشەوە، سانجار ئاماژەی بەوە داوە کە هەرچەندە چەند بەروارێک بۆ هەنگاوەکان دیاری کرابوون، بەڵام جێبەجێ نەکراون و پرۆسەکە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا کەوتووەتە دۆخی چەقبەستنەوە. ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە کە دوای هەنگاوەکانی بزووتنەوەی کوردی، پێویستە کۆمیسیۆنی ئاشتی و بەسیاسیكردن سەردانی ئیمراڵی بکات، چونکە بۆ سەرخستن و بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە، دەبێت ئۆجەلان خۆی وەک کۆردیناتۆر ڕۆڵ بگێڕێت.

ئەندامەکەی شاندی ئیمراڵی دەڵێت کە نابێت ئەم قۆناغە بە چاوی گومان و هەڵخڵەتاندنی یەکدی سەیر بکرێت، چونکە دەروازەیەکی بۆ فەزایەکی فراوانی سیاسی کرەوەتەوە و ئامانجی سەرەکیی ئۆجەلان ئەوەیە کە کورد وەک ئەکتەرێکی سیاسی کۆبکاتەوە. ناوبراو هۆشداریی دا کە کۆتاییهێنان بە کێشەکان تەنها لەو کاتەدا لە توانادایە کە دەوڵەتی تورکیا واز لە هەڵوێستی توندی بهێنێت و ڕێگری لە دروستکردنی کۆسپ و ڕێگرەکان نەکات.

سانجار لە درێژەی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە کە پڕۆسەکە هەرگیز لەسەر بنەمای چاوەڕوانی و داواکاریی یەکلایەنە بەرەو پێش ناتوانێت هەنگاو بنێت، بەڵکو هەنگاوی یەکلاکەرەوە کە بنبەستەکە دەشکێنێت لەلایەن بەڕێز ئۆجەلانەوە دەبێت، هاوکات ڕازیبوونی ناوبراو بۆ گواستنەوەی بۆ شوێنە نوێیەکەی، بە مانای پێویستیی خێراكردنی پرۆسەکە دێت.

ئەم لێدوانانە هاوکاتن لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی کە پێتر سۆزدار ئاڤێستا، سەركردەی كەجەكە باسی کردبوو سەبارەت بەوەی پەكەكە لە مەتینا پاشەكشەی كردوە، کەچی تورکیا زیاتر لە بیست ڕۆژە بێدەنگە و کۆمیسیۆنی چاودێریی پێکنەهێناوە. جێی باسە کە پرۆسەی چارەسەری کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ەوە و لەسەر دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی دەستی پێکردبوو، لە نێوان پرسی چەکدانانی گەریلا و دابینکردنی «مافی هیوا» بۆ ئۆجەلاندا لە گەرمەی مشتومڕدایە. لە لایەکی ترەوە، پێشتر عومەر شێخ موس، سەرکردەی دێرینی یەکێتی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی حزبەکە، ئاماژەی بەوە کردبوو کە دۆخی ئۆجەلان باشترە و لە ڤێلایەکدا لە ئیمراڵی دەژیت، لە کاتێکدا چەند جارێک بەشێک لە سەردار و بەرپرسە باڵاکانی پەکەکە و قەندیل سەردانیان کردووە و بینیویانە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.