محەمەد حاجی مەحموود بۆ مەحموود عوسمان: هەموو حزبەکانی هەرێم پارەیان لە وەزارەتی دارایی بەعس وەرگرتووە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەبارەت بە لێدوانەکانی د. مەحموود عوسمان کە ئاماژەی بە وەرگرتنی پارە لەلایەن ناوبراوەوە لە عەلی حەسەن مەجید کردبوو، محەمەد حاجی مەحموود وتی: "نامەوێت لەسەر ئەو بابەتە قسە بکەم، چونکە 25 ساڵ لەمەوبەر باسم کردووە؛ لەو سەردەمەدا دوو شاند چوونە بەغدا، شاندی یەکەم بە سەرۆکایەتیی مام جەلال بوو کە کاک رەسوڵ مەمهند نوێنەرایەتیی حزبی سۆسیالیستی تێدا دەکرد، شاندی دووەمیش بە سەرۆکایەتیی کاک مەسعود بارزانی بوو کە د. مەحموود عوسمان نوێنەری سۆسیالیست بوو تێیدا".
ناوبراو روونیکردەوە کە هەردوو شاندەکە بۆ ماوەی 42 رۆژ (کۆی گشتی 84 رۆژ) لە بەغدا مانەوە، لەو کاتەشدا هێزەکانی ئەمریکا و (ئێم سی سی) هاتنە کوردستان و سەرجەم لایەنەکان لە دانوستاندا بوون و بابەتەکە لەو چوارچێوەیەدا بووە.
محەمەد حاجی مەحموود سەبارەت بە سەرچاوەی پارەکان جەختی کردەوە: "هەموو حزبەکان لەو کاتەی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بوو پارەیان لە عێراق وەرگرتووە، راستە هەر لایەنە و بە شێوازێک وەریگرتووە، بەڵام سەرجەمیان لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بووە؛ تەنانەت حزبی سۆسیالیست کە د. مەحموود عوسمان خۆی سەرۆکی شاند بووە لەگەڵ کاک عەدنان موفتی و مامۆستا سەعد پارەیان لە عێراق وەرگرتووە".
سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکرات ئەوەشی خستەڕوو کە باسکردنی ئەم پرسە بە تەنها لەسەر حزبی سۆسیالیست، پەیوەندی بە خودی د. مەحموود عوسمانەوە هەیە و "رەنگە لە دژی مێژووی خۆی بێت".
ئەم وەڵامدانەوەیەی محەمەد حاجی مەحموود لە کاتێکدایە، پێشتر د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری دیاری کورد لە بەشێک لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا ئاماژەی پێداوە و وێستگەنیوز بڵاویکردەوە، کە لە ساڵی 1993دا گلەیی لە محەمەد حاجی مەحموود کردووە لەسەر ئەوەی بۆ بەستنی پلینیۆم بڕی 3 ملیۆن دیناری سویسری لە عەلی حەسەن مەجید (کیمیایی) وەرگرتووە و پێی وتووە "لە ژێر دارێکدا پلینیۆمتان بکردایە باشتر نەبوو لەوەی خۆتان تووشی پارەی عەلی حەسەن مەجید بکەن"، ئاماژەی بەوەش کردبوو کە لەو کاتەدا وەڵامەکەی کاکە حەمە لاواز بووە.
بۆچوونی بەکارهێنەران