خبر 2026-10-28 08:45 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم ڕێککەوتنی تاکلایەنە لە شنگال ڕەت دەکاتەوە

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بەو لێکتێگەیشتنانە دەربڕی کە حکوومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی تاکلایەنە و بەبێ ڕاوێژکردن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دۆخی شنگال ئەنجامیان دەدات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە، پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی شنگالە کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کراوە.

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی ناوخۆ قوربانیدانی هێزەکانی پێشمەرگەی بەبیر هێنایەوە و ڕایگەیاند کە شنگال و چیای شنگال بە خوێنی ئاڵی ٥٠٠ شەهید و ٣٠٠٠ برینداری پێشمەرگە قارەمانەکان ئازاد کراوە و دەبێت ڕێز لەو قوربانیدان و تێکۆشانە بگیرێت. لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا کە سەپاندنی واقیعێکی ئەمنی و کارگێڕیی نەخوازراو لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکان، دۆخی دەڤەرەکە ئاڵۆزتر دەکات و پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەباردەبات.

وەزارەتی ناوخۆ جەختی لەوە کردەوە کە تاکە ڕێگەچارەی دروست، جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەی شنگالە؛ چونکە تاکە زامنی پێکهێنانی ئیدارەیەکی شەرعییە لەلایەن نوێنەرانی ڕاستەقینەی ناوچەکەوە، هەروەها ڕێگەخۆشکەرە بۆ دەستپێکردنەوەی ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیرکردنی ئاسایش، کە مەرجی سەرەکین بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانەی سەدان هەزار خوشک و برای ئێزدی بۆ سەر زێدی خۆیان.

لە کۆتاییدا، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ کرا کە پابەندی ڕێککەوتننامەی شنگال و سەرجەم ئەو ڕێککەوتنە سیاسی و بەرنامانەی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی فیدراڵ بێت کە لە بوارەکانی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەدا ئەنجام دراون. وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنانە ئەستەمە، با بگەڕێنەوە بۆ ڕا و ئیرادەی خەڵکی شنگال بەتایبەتی ئێزدییەکان، تا خۆیان بڕیار لەسەر ئایندەی خۆیان بدەن و هەمووان پشتیوانی هەڵبژاردەکەیان بن؛ چونکە سەقامگیریی دەڤەرەکە و ئارامیی خەڵکەکەی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی ترەوەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.