فراکسیۆنی پارتی: هیچ پاساوێک بۆ دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان نەماوە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، د. ڤاڵا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەخنەی لە مەرجەکانی محەمەد سلێمان، سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان گرت و ڕایگەیاند: "هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، ئەرکێکی سەرەکی و دەستوریی سەرۆکی تەمەنە و پێویستە بەبێ دانانی هیچ مەرج و کۆتوبەندێک ئەو ئەرکە ڕاپەڕێنێت، چونکە لەم قۆناغەدا هیچ پاساو و بیانوویەک بۆ دواخستنی کارەکانی پەرلەمان بوونی نییە".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی داوای لە سەرۆکی تەمەن کرد بە زووترین کات بانگهێشتی سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان بکات بۆ تەواوکردنی کۆبوونەوەی یەکەم، و دووپاتیشیکردەوە که ئامادەییی تەواویان هەیە بۆ بەشداریکردن و کاراکردنەوەی پەرلەمان. هاوکات هۆشداریی دا کە هەر لایەنێک ئامادەی دانیشتنەکە نەبێت، بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی بەرامبەر گەل و خوێنی شەهیدان لە ئەستۆ دەگرێت.
ئەم هەڵوێستەی پارتی لە کاتێکدایە کە محەمەد سلێمان، سەرۆکی تەمەنی خولی شەشەمی پەرلەمان، پێشتر مەرجی بۆ بەستنی دانیشتنەکان دانابوو و ڕایگەیاندبوو تەنها لە حاڵەتێکدا بانگهێشتی پەرلەمانتاران دەکات کە سەرجەم لایەنەکان، بەتایبەت خاوەن زۆرینەی کورسییەکان، پێشوەختە ئامادەییی خۆیان ڕابگەیەنن.
جێی باسە، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 ئەنجامدرا، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پۆستە باڵاکان، دانیشتنی یەکەم بە كراوەیی ماوەتەوە و پڕۆسەی یاسایی پەرلەمان پەکخراوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران