خبر 2026-10-31 12:30 کاتی خوێندنەوە: 5 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان بەدوای ڕێڕەوێکی نوێدایە بۆ دروست کردنی پەیوەندی لەگەڵ ئێران

سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بە جەختکردنەوە لەسەر ڕێگری لە بەکارهێنانی خاکی هەرێم لەلایەن گرووپە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانەوە دژی تاران، هاوکات جەختیان لەسەر پێویستیی دیالۆگ و دانوستان لەگەڵ تاراندا کردووەتەوە؛ ڕوانگەیەک کە ئاماژەیە بۆ هەوڵی هەولێر بۆ نەخشاندنی ڕێڕەوێکی نوێ لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ ئێران و گێڕانی ڕۆڵێکی دیپلۆماسی لەم دۆسیەدا.

کوردپرێس: گۆڤاری «مەنارە» لە ڕاپۆرتێکدا بە پێنووسی د. فەهیل ع. عەبدولکەریم، ئاوڕی لە هەڵوێستە تازەکانی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەربارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران و پرسی گرووپە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران داوەتەوە.

لێدوانی سەرکردە باڵاکانی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی «پەیمانگەی توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێری)» کە لە ۱۲ تا ۱۴ی تشرینی یەکەم لە هەولێر بەڕێوە چوو، پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێرانی خستووەتە ناوەندی گفتوگۆیەکی سیاسیی بەرفراوانترەوە.

ئەم هەڵوێستانە، هەوڵەکان بۆ ڕێگری لە هێرشی گرووپە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە خاکی عێراقەوە لەگەڵ داواکارییەکان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ تاران تێکەڵ دەکەن.

ئەم کۆدەنگییە دیارە نیشانەی خاڵێکی ڕێککەوتنی دەگمەنە لە نێوان ڕێبەرانی کوردی عێراقدا، هەرچەندە وا دەرکەوت کە کۆڕبەندەکە ناکۆکییەکانی ناوخۆی «پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)»یشی بەرجەستە کردووەتەوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە توندی ڕەخنەی لە چالاکیی گرووپە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە کاتی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران گرت.

ئەو ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان سنوورەکانی خۆی لەگەڵ ئێراندا داخستووە و هۆشداریی دا لەسەر ڕێگەدان بە گرووپە چەکدارەکان بۆ بەکارهێنانی خاکی کوردستانی عێراق بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرش دژی وڵاتانی هاوسێ.

لە پەرچەکردارێکدا، خالید عەزیزی لە «پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران» دیسانەوە جەختی لەسەر پابەندبوونی حزبەکەی کردەوە کە خاکی هەرێمی کوردستان وەک بنکەی پشتیوانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکار ناهێنن.

لە دانیشتنی ۱۲ی تشرینی یەکەمی کۆڕبەندەکەدا، بافل تاڵەبانی، سەرۆکی «یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان»، بەدیلێکی دیپلۆماسیی ئەگەریی بۆ ئۆپەراسیۆنە چەکدارییەکانی سەرچاوەگرتوو لە کوردستانی عێراق خستە ڕوو.

تاڵەبانی ڕایگەیاند کە یەکێتیی نیشتمانی گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا دەست پێ کردووە دەربارەی پرۆسەیەکی ڕەنگە درێژخایەن بە ئامانجی ئاوڕدانەوە لە کێشەی کورد لە ئێراندا.

لە ناوەڕاستی گومانەکان دەربارەی شێوازی نوێنەرایەتیکردنی هێزە سیاسییە کوردییەکانی دەرەوەی عێراق لەم کۆڕبەندەدا، نووسینگەی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ۱۳ی تشرینی یەکەمدا خۆی لەم ڕووداوە جیا کردەوە. ئەم ڕاگەیەندراوە هەروەها ببووە هۆی دروستبوونی گومان دەربارەی بوونی ناکۆکی لە نێوان ڕێبەرانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا.

هەندێک لە شرۆڤەکارەکان، ئامادەییی دیاری دیپلۆماسیی نێچیرڤان بارزانی و بافل تاڵەبانییان وەک نیشانەیەک بۆ گۆڕانکاری لە ئاستی نفوز و کاریگەریدا لە سیاسەتی کوردستانی عێراقدا لێک داوەتەوە.

هەندێکی تر ئەم ڕاگەیەندراوەیان بە نیشانەی ئەوە زانی کە مەسعوود بارزانی زیاتر لەوەی لەگەڵ برازاکەی (نێچیرڤان بارزانی) هاوڕا بێت، لە مەسروور بارزانیی کوڕییەوە (سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان) نزیکترە. هەڵوێستە خستراوەکانی ناو ئەم کۆڕبەندە، ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارین لە هاوکێشە سیاسییەکانی کورد لە کاتی دەستپێکردنی گرژییە ناوچەیییەکان بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ۲۸ی شوباتەوە.

لە سەرەتای ئەم گرژییانەدا، ڕاپۆرتگەلێک خرانە ڕوو کە باسیان لەوە دەکرد ڕەنگە گرووپە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە کوردستانی عێراق بە پشتیوانیی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێک بڕەخسێنن بۆ ئەوبەری سنوورەکان. بەڵام ئەم ئامادەباشییە سەربازییە هەرگیز نەهاتە دی.

گرووپە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران پێک دێن لە پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، کۆمەڵە، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و پارتی ئازادیی کوردستان (پاک). چەند کۆمەڵێک لەم گرووپانە ساڵانێکی زۆرە بنکە و بارەگایان لە کوردستانی عێراقدا هەیە.

ئەگەرچی گرووپی جیاواز لقی سەربازیی خۆیان ڕاگرتووە، بەڵام کەمتر خەریکی هەڵمەتی سەربازیی بەردەوام بوون لە دژی تاران. بوونی گرووپە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە مێژەوە هەولێری خستووەتە نێوان گوشارەکانی تاران و بەستەرە سیاسی و کلتورییەکانی خۆی لەگەڵ کوردەکانی ئەوبەری سنووری ئێراندا.

عێراق لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنیی نێوان بەغداد و تاران لە ئاداری ۲۰۲۳دا، بەڵێنی دا کە ئەم گرووپانە چەک دابماڵێت و ڕاگوێزیان بکات بۆ ناوچە دوورەکان لە سنوور.

تاران هاوشانی ئەنجامدانی هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەم گرووپانە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، هێشتا داوای سەپاندنی سنووردارکردنی توندتر بەرامبەریان دەکات. لە هەمان کاتدا، ڕێبەرانی کوردی عێراق هەوڵیان داوە هەرێمی کوردستانی عێراق بخەنە پێگەی ناوبژیوانێک لە نێوان واشنتۆن و تاراندا. بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا، نێچیرڤان بارزانی لە چوارچێوەی هەوڵێکدا وابەستە بە دەوڵەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندیی بە بەرپرسانی باڵای ئێرانەوە کردووە.

دەگوترێت بەرپرسانی ئێران پێشنیازەکەی بارزانییان بۆ میوانداریکردنی دانوستانی نهێنی لە هەولێر لە نێوان نوێنەرانی ئەمریکا و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا ڕەت کردووەتەوە. بۆ دۆزینەوەی کەناڵێکی تر، بافل تاڵەبانی لە ۱۵ی ئەیلوولدا بۆ دیداری بەرپرسانی باڵای ئێران سەردانی تارانی کرد. دوور لە ڕکابەرییە ناوخۆییەکانی نێوان پارتەکانیان، وا دەرکەوێت نێچیرڤان بارزانی و بافل تاڵەبانی پشتیوانی لە دیپلۆماسیی ناوچەیی دەکەن.

لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ۲۰ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۴دا، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێشتا نەیانتوانیوە سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم بگەنە ڕێککەوتن. بەم شێوەیە، ئەم کۆڕبەندە زیاتر لەوەی نیشانەی ئاشتەوایی بەرفراوانتر بێت لە نێوان کوردەکاندا، ئاماژە بە سیاسەتڕێژیی بەش بەش دەکات.

پارتی و یەکێتی لە ناوخۆدا ڕکابەری نێوانیان بەردەوامە، لە کاتێکدا لە پرسە ئەمنییە ناوچەیییەکاندا کە باجی ناکۆکی تێیاندا زۆر بەرزە، گەیشتوونەتە خاڵی هاوبەش. لە ۱۹ی تشرینی یەکەمدا، نوێنەرانی تاران، حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداد بۆ گفتوگۆ دەربارەی داهاتووی پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کۆ دەبنەوە. لە ۱۳ی تشرینی یەکەمدا، قاسم ئەلعەبود، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، ڕایگەیاند کە بەغداد «پابەندە بە یەکلاییکردنەوەی پرسی گرووپە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران.»

جیا لەوەش، ئەلعەبود گوتی بەغداد گوشار دەهێنێت بۆ سەر تاران تا هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر ئەم گرووپانە ڕابگرێت. بەم حاڵەشەوە، وا دەرکەوێت هر جۆرە گفتوگۆیەک لە قۆناغی سەرەتاییدایە.

خالید عەزیزی، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت ئەگەر تاران داواکاریی فەرمی پێشکەش بکات بۆ بەستنی پەیوەندی، حزبەکەی ئامادەی وەڵامدانەوە دەبێت، بەڵام لە ئێستادا هیچ دەرفەتێک بۆ دیالۆگ نابینێت.

عەزیزی زیادی کرد کە هاوپەیمانیی بەرفراوانتری پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران هێشتا دەربارەی ئەگەری دانوستاندن لەگەڵ تاراندا قسەی نەکردووە.

گفتوگۆ پێشنیازکراوەکان دەتوانن ئەوە نیشان بدەن کە ئایا چوارچێوە ئەمنییەکەی ساڵی ۲۰۲۳ دەتوانێت لە پاڵ بڕگە ئەمنییە بەردەستەکانیدا، ڕێڕەوێکی سیاسییش دروست بکات یان نا. لە باری بەردەوامیی هێرشەکانی ئێراندا، دەستکەوتنی ئەم مەبەستە زۆر دژوارتر دەبێت.

ڕێڕەوە دیپلۆماسییە سەرهەڵداوەکە هەروەها دەتوانێت تاقیکردنەوەیەک بێت بۆ ئەو هاوکارییە سنووردارەی لەم کۆڕبەندەدا نیشان درا. پێشکەوتن لە دانوستانەکان لەگەڵ تاران یان واشنتۆندا ڕەنگە ناکۆکییەکانی ناوخۆی کوردەکان توندتر بکاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر ڕێبەرە ڕکابەرەکان هەوڵ بدەن دەست بەسەر کەناڵەکانی پەیوەندیدا بگرن.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.