نەبوونی یەکڕیزیی سیاسی، گەورەترین هەڕەشەیە بۆسەر خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی کوردستان
کوردپرێس: پەیمانگەی چاتم هاوس لە شیکارییەکدا سەبارەت بە بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هۆشداری داوە کە بنبەستی سیاسیی نێوان ئەم دوو حزبە، دامەزراوە هاوبەشەکانی هەرێمی کوردستان لاواز دەکات و زەمینە بۆ پەرەسەندنی دەستتێوەردانی بەغداد و هێزە ناوچەیییەکان خۆش دەکات.
وینتروپ ئێم. ڕاجرز، توێژەر لە بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای چاتم هاوس، لەم شیکارییەدا دەنووسێت کە دوو ساڵ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە تشرینی یەکەمی ۲۰۲۴دا، دوو حزبی سەرەکیی هەرێمی کوردستان هێشتا نەیانتوانیوە سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێ بگەنە ڕێککەوتن و حکومەتی کاربەڕێکەر هەر بەردەوامە لە کارەکانی.
هەر بەپێی چاتم هاوس، جیاوازی و ناکۆکیی هەردوو پارت تەنیا لەسەر دابەشکردنی وەزارەتەکان نییە، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ستراتیژیی ساڵی ۲۰۰۶ و نەبوونی دیدگایەکی هاوبەش دەربارەی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان. لە ئەنجامدا، هەرێم بەکردەوە بۆ سەر دوو ناوچەی نفوز دابەش بووە؛ پارتی لە هەولێر و دهۆک و یەکێتیش لە سلێمانی و هەڵەبجە دەسەڵاتی زاڵیان بەدەستەوەیە.
ئەم دۆخە وا دەکات دامەزراوە حکومییەکان و هێزە ئەمنییەکان لە باتی وەڵامدەرەوەبوون بۆ وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە جاران فەرمانبەرداری ڕێبەرە حزبییەکان بن. چاتم هاوس پێی وایە بەردەوامیی ئەم بونیادە، یەکپارچەییی سیاسی و کارگێڕیی هەرێمی لەبەرامبەر مەترسییەکی جیدیدا هێشتووەتەوە.
لە لایەکی ترەوە، یەکێتیی نیشتمانی پێشنیازی کردووە کە بەشێک لە دەسەڵاتە کارگێڕی و داراییەکانی حکومەتی هەرێم بدرێنە پارێزگاکان و ئیدارە خۆجێییەکان. لایەنگرانی ئەم پێشنیازە ئاماژە بە مۆدێلی کانتۆنەکانی سویسرا و میرنشینەکانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دەکەن، بەڵام بەپێی هەڵسەنگاندنی چاتم هاوس، جێبەجێکردنی لە دۆخی ئێستادا دەتوانێت دابەشبوونی دەسەڵات لە نێوان هەردوو پارتدا فەرمی بکات و درزی جوگرافی و سیاسیی هەرێم قووڵتر بکاتەوە. پارتی دیموکراتی کوردستانیش دژایەتیی ئەم پێشنیازە دەکات.
چاتم هاوس هۆشداری دەدات کە ئەم ناکۆکییانە لە دۆخێکدا درێژەیان هەیە کە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، بە قۆستنەوەی نەبوونی یەکڕیزی لە نێوان هەردوو پارتدا، هەنگاو بە هەنگاو دەسەڵاتە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستانی سنووردار کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، کەمبوونەوەی ئامادەیی و نفوزی ئەمریکا دوای تەواوبوونی کشانی سەربازیی ئەم وڵاتە لە هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ئەیلوولی ۲۰۲۶دا، پێگەی هەرێمی لە بەرامبەر هێزە ناوچەیییەکاندا زیاتر بەرەو لاوازی بردبوو. بە نووسینی ڕاجرز، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی لە نەتوانینی نزیککردنەوەی هەڵوێستی هەردوو پارت بێئومێد بوون و تورکیا و هەندێک لە وڵاتانی تریش بەراورد بە هێزەکانی ڕۆژئاوا، توانا و زەمینەی زیاتریان هەیە بۆ پەرەپێدانی نفوزی خۆیان لەسەر ئاستی خۆجێیی.
سەبارەت بە تورکیا، پارتی و یەکێتی پشتیوانییان لە ڕێڕەوی ئاشتی و چەکداماڵینی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) کردووە و لە ڕەوتی ئاوێتەکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە نێو بونیادی حکومەتی نوێی سووریاشدا هەڵوێستێکی هاوبەشیان هەبووە. بەم حاڵەشەوە، چاتم هاوس هۆشداری دەدات کە بەردەوامیی ناکۆکییە ناوخۆییەکان ڕەنگە لە داهاتوودا هەماهەنگیی هەردوو پارت لەسەر پرسەکانی کورد لە تورکیا و سووریادا لاواز بکات.
ئەم پەیمانگەیە لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامیی بنبەستی سیاسیی نێوان پارتی و یەکێتی دەتوانێت ئەو بونیادە هاوبەشانە لەناوببات کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بنەمای خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی کوردستان بوون. بەپێی هەڵسەنگاندنی چاتم هاوس، هەردوو پارت بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە دەبێت بگەنە ڕێککەوتنێک کە لە باتی جێگیرکردنی دابەشبوونی دەسەڵاتی حزبی، دامەزراوە هاوبەشەکان، یەکڕیزیی سیاسی و بنەما دیموکراتییەکان بەهێز بکات؛ ئەگەر وانەبێت، هەرێمی کوردستان زیاتر لە جاران دەکەوێتە بەر مەترسیی دەستتێوەردان و نفووزی ئەکتەرە دەرەکییەکانەوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران