بەهۆی هەنگاونەنانی ئەنقەرەوە پرۆسەی ئاشتی چەقیبەستووە؛ بەفەرمیکردنی پێگەی ئۆجەلان مەرجی پێشڕەوییە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (KCK)، ڕەخنەی توند لە هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا دەگرێت سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری و ڕایدەگەیەنێت کە بەهۆی دەستپێشنەکردنی حکوومەتەوە جۆرێک لە چەقبەستووی لە ئارادایە. لە هەمان کاتدا جەخت دەکاتەوە تا ڕێبەر ئاپۆ (عەبدوڵا ئۆجەلان) کە ئیرادەی گەلی کوردە بە فەرمی نەکرێت، گەریلا یەک هەنگاوی دیکە بەرەو پێشەوە نانێت، چونکە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ مانای چارەسەرکردنی پرسی کوردە و بەفەرمیکردنی پێگەکەی هەنگاوی پێویست و بنەڕەتییە بۆ بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک.
ئەم هەڵوێستەی کەجەکە لە کاتێکدایە کە پرۆسەی چارەسەری یان پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە ساڵی 2026دا، دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر دەستپێشخەرییە نوێیەکەی کۆتایی ساڵی 2024 کە بە بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکرد، هێشتا لەنێوان هەوڵە یاساییەکانی حکوومەت و گومان و ڕەخنەکانی لایەنی کوردیدا لە دۆخێکی هەستیار و سستیدا دەخولێتەوە.
لە بەشێکی ئاخاوتنەکەیدا لە بەرنامەیەکی تایبەتی مەدیا خەبەر تیڤیدا، بەسێ هۆزات سەرنجی خستە سەر هەڵوێست و ڕەفتارەکانی هەردوو لایەنی پرۆسەکە و ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئێستادا دەوڵەت و دەسەڵات لە بری هەنگاونان بۆ بەرەوپێشچوونی یاساییانەی پرۆسەکە، وەک هەمیشە پەرە بە "سیاسەتی شەڕی تایبەت" دەدات.
لەم چوارچێوەیەدا قسەکانی محەمەد ئۆچوم، ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری تورکیا و هەڵکشانی پێشێلکارییەکان لە زیندانەکانی تورکیای بە گوزارشتێکی ڕوونی ئەم دۆخە لێکدایەوە. لە بەرامبەردا جەختی کردەوە کە وەک تەڤگەر پێداگرن لەسەر مەرجی بەفەرمیکردنی پێگە و ستاتۆی عەبدوڵا ئۆجەلان و بێ ئامادەیی گەریلا بۆ نانی هیچ هەنگاوێکی تر بەبێ هێنەدیی ئەم مەرجە.
سەبارەت بە دۆخی باشووری کوردستان و پرسی کشانەوەی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوسەرۆکی کەجەکە ئەوەی خستەڕوو کە ئەو دەنگۆیانەی باس لە کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن دوورن لە واقیعەوە. ناوبراو ڕوونی کردەوە کە هەرچەندە ئەمریکا هێزە زەمینییەکانی خۆی لە عێراق و باشووری کوردستان کشاندووەتەوە و تەنیا چەند یەکەیەکی زۆر کەمی هێشتووەتەوە، بەڵام وەک هێزێکی هەژموونخواز لە عێراق و ناوچەکەدا ماوەتەوە، چونکە لە ناو شەڕێکی گەورەدایە لەگەڵ ئێراندا و ڕۆڵێکی دیاریکەر و کاریگەری لە داڕشتنەوەی ناوچەکەدا هەیە کە هێشتا بەدی نەهاتووە.
جەختیشی کردەوە کە واشنتن دەستی لە هەژموونی جیهانی هەڵنەگرتووە، چونکە هر هێزێک ببێتە هەژموونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێتە هەژموونی جیهانیش؛ هەر بۆیە ئەمریکا هێشتا خاوەن کاریگەریی بنەڕەتی سەربازی، سیاسی و ئابوورییە و لە ناوچەکانی نزیک لە ئێران بنکە و بارەگای زۆر کاریگەری هەیە کە شەڕەکەی لێوە بەڕێوە دەبات، بەمەش بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا بەردەوامن.
لەلایەکی دیکەوە، بەسێ هۆزات هۆشداریدا لە سیاسەتی ئێستای ئەمریکا کە لەسەر بنەمای بەهێزکردنی دەوڵەتە ناوەندییەکانی ناوچەکە بنیات نراوە، و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ستراتیژە مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ سەر پێگەی قەوارەی فیدراڵی کوردستان و پارچەکانی دیکەش دروست دەکات، چونکە بەهێزبوونی دەوڵەتە ناوەندییەکان ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی پاشەکشێ بە پێگەی قەوارە هەرێمی و فیدراڵییەکان.
ڕاشیگەیاند کە لێدوانەکانی پێشووی دۆناڵد ترەمپ و تۆم باراک بە ڕوونی چاوەڕوانیی هێرشی نوێیان خستووەتەڕوو، کە جێبەجێکارییەکەی لە سوریا و لوبنان بینرا و ئێستا لە عێراقیشدا هەمان دۆخ هەیە.
لە کۆتاییدا، هاوسەرۆکی کەجەکە ڕێگای دەربازبوونی لەم قەیرانە خستەڕوو و وتی بۆ ڕەواندنەوەی تەواوی ئەم مەترسییانە، پێویستییەکی بەپەلە بە یەکێتیی دیموکراتی و نەتەوەیی کوردان هەیە. داواشی لە سەرجەم ڕێکخراو و پێکهاتە سیاسییەکانی کورد کرد کە خوێندنەوەی قووڵ و پێشبینییان بۆ ئەم قۆناغە هەبێت، خۆیان لەسەر ئەم بنەمایە بگۆڕن و وەرچەرخان دروست بکەن.
هەروەها گەشەسەندنی ئەو یەکێتییەی بەستەوە بە دیموکراتیزەکردنی سیستەمی بەڕێوەبردن لە باشووری کوردستان و ئەوەی ڕوونکردەوە کە لە کاتێکدا لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا هۆشیارییەکی نەتەوەیی بەهێز، ڕۆحی یەکێتی و تێکەڵاوبونێکی کۆمەڵایەتیی ڕژد هەیە، بەڵام کێشەکە لە نێوان ڕێکخراو و پێکهاتە سیاسییەکان دایە.
جەختیشی کردەوە کە ئەگەر لە باشووری کوردستان پرۆسەی دیموکراتیزەبوون لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە و کایەی مەدەنی گەشە بکات و یەکێتیی دیموکراتیکی کورد پەرە بپۆشێت، تەواوی مەترسییەکان لەسەر باشوور دەڕەوێنرێنەوە، چونکە بەبێ دیموکراتیزەبوونی باشوور و عێراق، مەحاڵە ڕێگە لەم مەترسییە جیۆپۆلەتیکییانە بگیرێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران