خبر 2026-10-28 15:38 کاتی خوێندنەوە: 5 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ
ئەحمەد سوها ئۆمار:

تورکیا لە ناو گەمارۆی قەیرانەکاندایە و دەکرێت ڕابکێشێنرێتە ناو جەنگەوە

شرۆڤەکاری سیاسیی تورک بە لێکۆڵینەوە لە پێشهاتەکانی ئوکرانیا، دەریای ڕەش، دەریای سپیی ناوەڕاست، پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و باکوو و دکتۆرینی ئەمنیی نوێی ئیسرائیل، هۆشداری دا کە تورکیا لە چەندین لایەنەوە ڕووبەڕووی مەترسیی ئەمنی بووەتەوە و دەبێت خۆ لە تێوەگلان لەو جەنگانە بەدوور بگرێت کە ئەوانی تر نەخشەیان بۆ کێشاون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەحمەد سوها ئۆمار، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی، لە وتارێکدا بە وردبینی لە بارودۆخەکانی ئوکرانیا، دەریای ڕەش، دەریای سپیی ناوەڕاست، ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەنقەرە و باکوو و دکتۆرینی ئەمنیی نوێی ئیسرائیل، هۆشداری دا کە تورکیا لە چەندین لایەنەوە تووشی هەڕەشەی ئەمنی بووە و ئەگەر هەیە ڕابکێشرێتە ناو ئەو جەنگانەی کە لایەنەکانی تر دیزاینیان کردوون.

ئەم ڕۆژنامەنووسە لە وتارێکدا بە ناونیشانی «چی چاوەڕێی تورکیا دەکات؟» کە لە ٢٨ی تشرینی یەکەم لە ڕۆژنامەی «جۆمهووریەت»دا بڵاو بووەوە، نووسیویەتی کە گۆڕانکارییەکان پێداچوونەوە بە سیاسەتی دەرەوە و هەڵسەنگاندنەوەی پێگەی ئەمنیی تورکیای کردووەتە ئەرکێکی سەرەکی.

مەترسیی تێوەگلانی تورکیا لە جەنگی ئوکرانیا

ئۆمار بە ئاماژەدان بە گۆڕانی هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ لە بەرامبەر جەنگی ئوکرانیا نووسیویەتی کە سەرۆککۆماری ئەمەریکا کە تا ئەم دواییانە پشتگیری لە ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی دەکرد، ئێستا نیشانەکانی نزیکبوونەوەی لە ڤلادیمیر پوتین و سەپاندنی ڕێککەوتنێک نیشان دەدات کە بە پێی ئەوە ڕووسیا دەتوانێت ناوچە داگیرکراوەکانی ئوکرانیا بۆ خۆی بهێڵێتەوە.

بە نووسینی ئەو، ئەم گۆڕانکارییە لە هەڵوێستدا پرسیاری جددی لە بارەی ڕادەی متمانەپێکراوی و شایستەیی ئەمەریکا و ناتۆ دروست کرد. ئەحمەد سوها ئۆمار هەروەها هۆشداری دا کە ئەورووپا ڕەنگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەریدا لەگەڵ ڕووسیا، داوای بەکارهێنانی هێزە سەربازییەکانی تورکیا بکات و لەو ڕێگەیەوە ئەنقەرە ڕابکێشێتە ناو جەنگێکی ڕاستەوخۆوە.

ئەگەری کرانەوەی دۆسیەی ڕێککەوتننامەی مۆنتڕۆ

ئەحمەد سوها ئۆمار یەکێک لە مەترسییە چاوەڕوانکراوەکانی تری بەردەم تورکیای بە گۆڕانکارییەکانی دەریای ڕەش وەسف کرد. بە نووسینی ئەو، بولگاریا و ڕۆمانیا بە پشتبەستن بە هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای ڕەشدا، داوای پشتگیریی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆیان کرد؛ داواکارییەک کە دەکرێت زەمینە بۆ هێنانەپێشەوەی دیسانەوەی ڕێککەوتننامەی مۆنتڕۆ و هەوڵدان بۆ هەموارکردن یان هەڵوەشاندنەوەی دابین بکات.

ئەو جەختی کردەوە: «تورکیا دەبێت ئەو ڕاستییە لە بەرچاو بگرێت کە بولگاریا و ڕۆمانیا ئێستا ئەندامی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپان و ئەمەریکاش ساڵانێکە بۆ ڕزگاربوون لە سنووردارکردنەکانی ڕێککەوتننامەی مۆنتڕۆ هەوڵ دەدات.»

ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە لە دەریای سپیی ناوەڕاستدا

نووسەری ڕۆژنامەی جۆمهووریەت پەسەندکردنی ڕێککەوتنی دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکانی نێوان تورکیا و لیبیاش لێک داوەتەوە و کاتدانانی ئەم هەنگاوەی بە شایانی سەرنج زانیوە؛ چونکە لیبیا کاتێک ئەم ڕێککەوتنەی پەسەند کرد کە تورکیا و میسر هەنگاوی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان هەڵگرتبوو.

ئۆمار نووسیویەتی کە کاردانەوەی میسر و دەستپێکردنی هەنگاوی بەرامبەر لەلایەن یۆنان، ئیسرائیل و قوبرسی باشوورەوە، کێشەکەی ئاڵۆزتر کرد. بە پێی هەڵسەنگاندنی ئەو، گەشەی خێرای هاوکاریی سەربازی لە نێوان یۆنان، ئیسرائیل و قوبرسی باشووردا دەرخەری ئەوە بوو کە پەسەندکردنی ڕێککەوتنی تورکیا و لیبیا دەکرێت هاوپەیمانیی ئەم وڵاتە دژی ئەنقەرە بەهێزتر بکات.

ئەو داوای کرد کە حکومەتی تورکیا لێکەوتە ئەگەرییەکانی ئەم گۆڕانکارییە و ڕێکارە پێویستەکان لە بەرامبەریدا بە وردی لێک بداتەوە.

ئاڵۆزیی نێوان ئەنقەرە و باکوو لە دەرەوەی ناکۆکییەکی کاتییە

ئەحمەد سوها ئۆمار لە بارەی ئاڵۆزیی نێوان تورکیا و کۆماری ئازەربایجانەوە نووسیویەتی کە گەڕاندنەوەی ئەم جیاوازییە تەنیا بۆ کێشەی حیجاب یان بە هەندورگرتنی وەک ناکۆکییەکی تێپەڕ لە نێوان «یەک نەتەوە و دوو دەوڵەت»، ڕاستەقینە نییە.

ئەو جەختی کردەوە کە کۆماری ئازەربایجان بە هۆی هەستکردن بە هەڕەشە لەلایەن ئێرانەوە، نزیک بووەتەوە لە بەرەی ئەمەریکا و ئیسرائیل و هاوکات گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ئەرمینیا و دەروازەی زەنگەزووری لە خەمڵاندنەکانیدا لە بەرچاو گرتووە.

بە نووسینی ئۆمار، ئەگەر هەیە باکوو «ڕێککەوتنی مەکە» و «لێکتێگەیشتنی بەدر»ی وەک پشتگیریی ناڕاستەوخۆی تورکیا بۆ بەرەی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لێک داوەتەوە. ئەو زیادی کرد کە تورکیا کە لە سێ بەرەوە ڕووبەڕووی کێشەی جددیی ئەمنی بووەتەوە، دەبێت خۆ لە دەوەردان لە کاروباری ناوخۆیی کۆماری ئازەربایجان بەدوور بگرێت و هەوڵ بدات ئەم وڵاتە تا ئەو جێگەی دەکرێت لە بەرەی دژە ئیرانی بەدوور بگرێت تا لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتیشدا تووشی مەترسییەکی ئەمنیی نوێ نەبێتەوە.

هۆشداری لە بارەی دکتۆرینی ئەمنیی نوێی ئیسرائیلەوە

ئەحمەد سوها ئۆمار لە بەشێکی تری وتارەکەیدا باسی لە دکتۆرینی نوێی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل کرد. بە نووسینی ئەو، لەم دکتۆرینەدا ناوی تورکیا، میسر، پاکستان و عەرەبستانی سعودی وەک «هاوپەیمانیی سنی» هێنراوە.

ئەو بە ئاماژەدان بە لێدوانەکانی بنیامین ناتانیاهۆ لە بارەی هەوڵدان بۆ ڕێگری لە پێکدادان لەگەڵ تورکیا، نووسیویەتی کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هاوکات باس لە بوونی جیاوازی لە نێوان تەلئابیڤ و واشنتۆن لە بارەی سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر ئەنقەرە و پەیوەندییە نزیکەکانی ترەمپ و ئەردۆغان کردووە: «ئەم وتانە نیشان دەدەن کە لە کاتی لادانی ئێران لە هاوکێشەکانی دەسەڵاتدا، تورکیا دەکرێت ببێتە ڕکابەری نوێی ئیسرائیل.» ئەو داوای لە حکومەتی تورکیا کرد لێکەوتە ئەگەرییەکانی ئەم دکتۆرینە بە وردی هەڵسەنگێنێت.

ڕێککەوتنی مەکە و ئەگەری فراوانبوونی کۆمەڵگەی سەربازی ـ پیشەسازی

ئۆمار هەروەها سەبارەت بە ڕێککەوتنی مەکە و لێکتێگەیشتنی بەدر نووسیویەتی کە هێشتا ڕوون نییە پەیوەستبوونی تورکیا بەم میکانیزمانەوە بە وردی خزمەتی کام لە بەرژەوەندییە ئەمنییە نیشتمانییەکانی ئەم وڵاتە دەکات.

ئەو ئەم ئەگەرەی خستە ڕوو کە ئەنقەرە بە ئامانجی دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ پیشەسازییە بەرگرییەکان و دابینکردنی بەرژەوەندیی گرووپێکی سنووردار و نزیک لە دەسەڵات چووەتە ناو ئەم ڕێککەوتنانەوە. بە پێی هەڵسەنگاندنی ئەو، ئەگەر ئەم ئەگەرە ڕاست بێت، دەکرێت بگوترێت تورکیاش کەوتووەتە ژێر کاریگەریی «کۆمەڵگەی سەربازی ـ پیشەسازی»یەوە؛ پێکهاتەیەک کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان دەوڵەتان بەرەو گرتنەبەری سیاسەتی جەنگخوازانە ڕادەکێشێت.

ئەحمەد سوها ئۆمار ئەم ڕەفتارەی بە دوورکەوتنەوە لە پرەنسیپی «ئاشتی لە ناوخۆدا، ئاشتی لە جیهاندا» وەسف کرد و لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: «لەو بارودۆخەی کە لە دەوروبەری تورکیادا پەرەسەندن دیزاین و جێبەجێ دەکرێت کە دەکرێت ئەم وڵاتە ڕابکێشێتە ناو جەنگەوە، سیاسەتی کۆماری تورکیا دەبێت نەکەوتنە ناو ئەم داوانە و دوورکەوتنەوە لە جەنگی ئەوانی تر بێت.»

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.