دوو ساڵ دوای بانگەوازەکەی باخچەلی؛ پرۆسەی ئاشتی لە چاوەڕوانیی جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە و دیاریکردنی پێگەی ئۆجەلاندایە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا یەکێک بوو لە گرنگترین بابەتە سیاسییەکانی تورکیا، کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای پەسەندکردنی یاسای چوارچێوە چووە قۆناغێکی نوێوە؛ بەڵام بە تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر پەسەندکردنی ئەم یاسایەدا، هێشتا کاتێکی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی ڕانەگەیەندراوە.
جێبەجێکردنی یاساکە بەستراوەتەوە بە ڕاپۆرتی پەسەندکردن و هەڵسەنگاندنی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا (MGK). لە هەمان کاتدا، مەرجەکانی چالاکیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پێگەی لە پێکهاتەی دانوستانەکاندا، یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێوان حکومەت، دەم پارتی و بزووتنەوەی کورد.
دەستپێکردنی پرۆسەکە بە بانگەوازەکەی باخچەلی
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (MHP)، لە ۲۲ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۴دا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی حیزبەکەیدا داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بانگەواز لە پەکەکە بکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی.
ئەو وتی دەبێت ئۆجەلان داوا لە ڕێکخراوەکەی بکات کۆتایی بە چالاکییەکانی بهێنێت و دواتر بە سوودوەرگرتن لە «مافی هێوا» لە پەرلەمانی تورکیادا وتار پێشکەش بکات.
ڕۆژێک دوای ئەم بانگەوازە، عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، چوو بۆ دوورگەی ئیمڕاڵی و دوای ۹ ساڵ لە ڕێگریی توند، دیداری ڕووبەڕووی لەگەڵدا کرد.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەم دیدارەدا ڕایگەیاند کە ڕێگرییە پەیوەندییەکان هێشتا بەردەوامن؛ بەڵام ئەگەر مەرجە پێویستەکان بڕەخسێندرێن، توانا و ئیرادەی گواستنەوەی ململانێکان بۆ گۆڕەپانی یاسایی و سیاسیی هەیە.
ئەم پەیامە دوای شکستی پرۆسەی دانوستانەکانی ساڵانی ۲۰۱۳ تا ۲۰۱۵ و نزیکەی دەیەیەک لە ململانێ، بووە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی حکومەتی تورکیا و بزووتنەوەی کورددا.
بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ۲۷ی شوباتی ۲۰۲۵دا بانگەوازی ناسراو بە «ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک»ی بڵاو کردەوە. ئەو لەم پەیامەدا وتی بوونی کورد چیتر حاشاهەڵنەگرە، پەکەکە ئەرکە مێژووییەکەی خۆی جێبەجێ کردووە و دەبێت بە سازدانی کۆنگرە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم بانگەوازە، گفتوگۆ دەربارەی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و گواستنەوەی پرسی کورد بۆ گۆڕەپانی یاسایی، سیاسی و دیموکراتیک خرایە کارنامەی کارکردنەوە.
ئەم بانگەوازە لە تورکیا، ناوچە کوردنشینەکان و بازنە نێودەوڵەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی فرەوانی هەبوو و وەک خاڵی دەستپێکی فەرمیی قۆناغی نوێی پرۆسەی ئاشتی هەڵسەنگێندرا.
پەکەکە هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند
پەکەکە کە لە ۲۷ی تشرینی دووەمی ۱۹۷۸دا لە شارۆچکەی لیجەی پارێزگای دیاربەکر دامەزرابوو، لە ڕۆژانی پێنجەم تا حەوتەمی مانگی ئایاری ۲۰۲۵دا دوازدەهەمین کۆنگرەی خۆی بەڕێوە برد.
ئەم ڕێکخراوە لە ۱۲ی ئایاردا ڕایگەیاند کە پێکهاتەی ڕێکخستنی خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و کۆتایی به ئاستراتیژیی خەباتی چەکداری هێناوە. دوای ئەم بڕیارە، پرسی ڕەخساندنی چوارچێوەی یاسایی بۆ چەکداماڵین، گەڕانەوەی ئەندامانی ڕێکخراوەکە و چوونەناویان بۆ ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی خرایە کارنامەی حکومەت و پەرلەمانەوە.
بزووتنەوەی کورد ئەم بڕیارەی وەک هەنگاوێکی مێژوویی وەسف کرد و داوای لە حکومەت کرد لە بەرامبەردا، زەمینەی یاسایی و سیاسیی پێویست دابین بکات.
بڵاوبوونەوەی یەکەم پەیامی وێنەییی ئۆجەلان دوای ۲۶ ساڵ
لە ۹ی تەممووزی ۲۰۲۵دا، بۆ یەکەم جار دوای ۲۶ ساڵ، وێنە و دەنگی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمڕاڵییەوە بڵاو کرایەوە.
لە تەقسیرە ڤیدیۆییەکەدا، حامیلی یڵدرم، عومەر خەیری کۆنار، وەیسی ئاکتاش، ئەرگین ئاتابی، زەکی بایهان و مەحمود یامالاک، زیندانییانی تری ئیمڕاڵیش ئامادەییان هەبوو.
ئۆجەلان لە پەیامە وێنەیییەکەیدا جارێکی تر ڕایگەیاند کە پەکەکە کۆتایی بە خەباتی چەکداری هێناوە و داوای «تێپەڕین بۆ سیاسەتی دیموکراتیک»ی لە تورکیادا کرد.
بڵاوبوونەوەی ئەم وێنانە لە نێو کورداندا دەنگدانەوەیەکی فرەوانی هەبوو و ژمارەیەک لە نووسەران، ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان و سیاسییەکانیش پشتیوانیی خۆیان بۆ بەردەوامیی پرۆسەکە ڕاگەیاند.
سووتاندنی چەکی ۳۰ ئەندامی پەکەکە
دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان، گرووپێک کە لە ۳۰ ئەندامی پەکەکە لەژێر ناوی «گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک» پێکهاتبوو، لە مەراسیمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە پارێزگای سلێمانیی هەرێمی کوردستان، چەکەکانی خۆیان بە شێوەیەکی هێمایی سووتاندند.
ئەم گرووپە لە ۱۵ ژن و ۱۵ پیاو پێکهاتبوو و بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری کجک-یش لە مەراسیمەکەدا ئامادە بوو.
دەقی بەیاننامەی ئەم گرووپە بە زمانی تورکی لەلایەن بەسێ هۆزات و بە زمانی کوردی لەلایەن بەهزاد چارچەل-ەوە خوێندرایەوە. لە بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی ئەنجامدانی چاکسازی و دەستەبەرکردنی مەرجە یاساییەکان بۆ بەردەوامیی پرۆسەکە کرایەوە.
ڕۆژنامەنووسان، یاسادانەران، نووسەران، سیاسییەکان، ڕۆشنبیران و نوێنەرانی دامەزراوە مەدەنییەکان لە وڵاتە جیاوازەکانەوە لە مەراسیمەکەدا ئامادە بوون.
پێکهێنانی کۆمیسیۆنی پرۆسەی ئاشتی لە پەرلەمان
دوای ئەم پێشهاتانە، کۆمیسیۆنێک لەژێر ناوی «دیموکراسی، برایەتی و تەبایی نیشتمانی» لە ۵ی ئابی ۲۰۲۵دا لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێنرا.
ئەم کۆمیسیۆنە لەگەڵ نوێنەرانی دایکانی ئاشتی، سەندیکاکانی پارێزەران، دامەزراوە یاساییەکان، یەکێتییە پیشەیییەکان، ناوەندەکانی توێژینەوە، ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان، ئەکادیمیستەکان و بەشەکانی تری کۆمەڵگە کۆ بووەوە.
حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان لە دەستپێکی چالاکیی کۆمیسیۆنەکەوە داوای سەردانی ئەندامانیان بۆ دوورگەی ئیمڕاڵی و دیداری ڕاستەوخۆ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد.
کۆمیسیۆن دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکانی گوێگرتن، لە ۲۱ی تشرینی دووەم و لە هەژدەهەمین کۆبوونەوەی خۆیدا ڕەزامەندیی لەسەر سەردانی شاندێک لە ئەندامانی بۆ ئیمڕاڵی دەربڕی. پارتی کۆماریی گەل (CHP) و گرووپی ڕێگەی نوێ نوێنەریان بۆ ئەم شاندە دیاری نەکرد.
یەکەم دیداری فەرمیی نوێنەرانی حیزبەکان لەگەڵ ئۆجەلان
گولستان کڵیچ کۆچیگێت، سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، فەتحی یڵدز، جێگری سەرۆکی MHP، و حسێن یایمان، جێگری سەرۆکی AKP، لە ۲۴ی تشرینی دووەمدا چوونە ئیمڕاڵی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆ بوونەوە.
ئەمە یەکەم جار بوو کە ئۆجەلان لە زیندانی ئیمڕاڵیدا، جگە لە بنەماڵە، پارێزەران و ئەندامانی شاندی ئیمڕاڵیی دەم پارتی، بە شێوەیەکی فەرمی لەگەڵ نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکاندا کۆ ببێتەوە.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئۆجەلان لەم دانیشتنەدا دەربارەی پەیوەندییە مێژووییەکانی کورد و تورک قسەی کرد و داوای بەڕەسمیناسینی مافەکانی کوردی لە چوار وڵاتی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریادا کرد.
کۆمیسیۆنی پەرلەمان لە نۆزدەهەمین کۆبوونەوەی خۆیدا لە ۴ی کانوونی یەکەمدا، دەقی تەواوی دانوستانەکانی ئیمڕاڵیی بڵاو نەکردەوە و بەشگەلێکی لە دوای سڕینەوە خستە بەردەست بیروڕای گشتی. ئەم ڕەفتارە ناڕەزایەتیی دەم پارتی و دروستبوونی ناکۆکی لە کۆمیسیۆندا لێ کەوتەوە.
کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لە خاکی تورکیا
بەڕێوەبەرایەتیی بزووتنەوەی کورد لە ۲۶ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۵دا لە بەیاننامەیەکدا لە قەندیل ڕایگەیاند بۆ کردنەوەی ڕێگەی پرۆسەی ئاشتی، تەواوی هێزەکانی خۆی لە خاکی تورکیا و کوردستانی تورکیا دەکشێنێتەوە.
لە بەیاننامەکەدا وترا کشانەوەی هێزەکان بە دەستپێشخەریی ئۆجەلان و بۆ تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووییەی لە پرۆسەکەدا دروست بووبوو ئەنجام دراوە.
بزووتنەوەی کورد دوای ئەم هەنگاوە ڕایگەیاند کە ئەرکە لەسەرشانەکانی جێبەجێ کردووە و ئێستا نۆرەی حکومەتی تورکیایە کە هەنگاوە یاسایی و سیاسییە بەرامبەرەکان دەست پێ بکات.
ڕاپۆرتی حەوت ماددەییی کۆمیسیۆنی پەرلەمان
کۆمیسیۆنی پەرلەمان دوای شەش مانگ لە چالاکی، لە بیستویەکەمین کۆبوونەوەی خۆیدا لە ۱۸ی شوباتی ۲۰۲۶دا ڕاپۆرتێکی هاوبەشی بە ڕەزامەندیی حیزبەکان پەسەند کرد و کۆتایی بە چالاکییەکانی هێزەکان هێنا.
لەو ڕاپۆرتەدا، پرسی کورد بۆ یەکەم جار لە چوارچێوەی چالاکیی کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانیدا و لە ڕوانگەی یاساییەوە تاوتوێ کرا. ڕاپۆرتی کۆمیسیۆن لە حەوت ماددە پێکهاتبوو. چوار ماددەی یەکەم تەرخان کرابوون بۆ ئامانج و ناوەڕۆکی یاسا پێویستەکان. ماددەی پێنجەم، پێشنیاری ئامادەکردنی یاسایەکی کاتیی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە، و ماددەی شەشەمیش چاکسازیی یاسایی لەخۆ دەگرت.
ماددەی حەوتەمی ڕاپۆرتەکە تەرخان کرابوو بۆ چاکسازیی دیموکراتیک؛ لەوانەش لادانی بەربەستەکانی ئازادیی دەربڕین و مافی ڕێکخستن، هەڵگرتنی مەرجەکانی تورکیا سەبارەت بە بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکان، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا و پەسەندکردنی یاسای تریش بۆ فراوانکردنی ماف و ئازادییە دیموکراتیکەکان.
پەسەندکردنی یاسای چوارچێوە بە ۴۶۸ دەنگ
پرۆسەی داڕشتنی یاسای چوارچێوە دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆن چەندین جار دواخرا. نعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، پێشتر وتبووی یاسایەک لەسەر بنەمای ماددەی پێنجەمی ڕاپۆرتەکە لە کورتترین کاتدا ئامادە دەکرێت؛ بەڵام بەرنامەی کاتییەکەی چەندین جار گۆڕانکاریی بەسەردا هات.
دوای دانوستانە سیاسییەکان و دیدارە ئەنجامدراوەکان لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمڕاڵی، دەقی ۱۲ ماددەییی یاسای چوارچێوە لە ۵ی ئابی ۲۰۲۶دا خسترا بەردەستی بیروڕای گشتی. ئەم دەقە لە ۷ی ئابدا نێردرا بۆ کۆمیسیۆنی داد لە پەرلەمان و لە ۱۰ی ئابدا بە ۴۶۸ دەنگ لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەماندا پەسەند کرا.
جێبەجێکردنی یاساکە بەستراوەتەوە بە ڕاپۆرتی پەسەندکردن و هەڵسەنگاندنی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا. بەپێی بەندەکانی، ئەندامانی پەکەکە دەتوانن بێ دادگاییکردن بگەڕێنەوە بۆ تورکیا؛ بەڵام سزای ئەگەریی ئەوان بۆ قۆناغی ۵ یان ۱۰ ساڵە ڕادەگیرێت. ئەو کەسانەی بەر لە ساڵی ۲۰۰۵ سزای زیندانی هەتاهەتاییی قورسیان بەسەردا سەپێنراوە و هەروەها سزادراوانی دۆسیەکانی کوشتن، لە هەندێک لە دەستکەوتەکانی ئەم یاسایە بەدەر کراون.
بەپێی یاساکە، دەرفەتی ئازادکردنی ئەو کەسانەی دوای ساڵی ۲۰۰۵ سزای زیندانی هەتاهەتاییی قورسیان بەسەردا سەپێنراوە، بە ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزاکەیان دابین دەکرێت. ئەو کەسانەشی بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە ناچار بە جێهێشتنی وڵات بوون، دەتوانن بە ڕاگرتنی سزاکەیان بگەڕێنەوە.
ئۆجەلان: یاسای چوارچێوە خاڵی دەستپێکە
عەبدوڵڵا ئۆجەلان دوای پەسەندکردنی یاسای چوارچێوە، لە پەیامێکدا کە شاندی ئیمڕاڵیی دەم پارتی گواستیانەوە، ئەم یاسایەی وەک «دەستپێکی ڕێگەیەکی درێژخایەن» وەسف کرد.
ئەو وتی: «گەشتی هەزار کیلۆمەتری بە هەنگاوێک دەست پێ دەکات. بەم یاسایە بۆ چارەسەرکردنی پرسێکی مێژوویی، جووڵەی درێژخەنی خۆمان دەست پێ دەکەین. لە سەرەتای پرۆسەیەکی دیموکراتیزەبوونداین کە بە قەدەر دامەزراندنی کۆمار گرنگیی هەیە.»
ئۆجەلان زیادی کرد: «ئەم پرۆسەیە تەنیا بۆ گەلی کورد یان بەشێکی کۆمەڵگە نییە؛ بۆ تەواوی ئەو کەسانەی لەم خاکەدا دەژین پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. هەنگاوێک کە دەنرێت، کاریگەری لەسەر چارەنووسی وڵات و ناوچەکە دادەنێت و ڕێگە بۆ فراوانکردنی مافە دیموکراتیکەکان و دەرفەتە ئابوورییەکان دەکاتەوە.»
ئەو جەختی کردەوە کە هێشتا تەواوی پرسەکان چارەسەر نەبوون، بەڵام هیچ بارودۆخێکیش نییە کە ڕوانگەیەکی نەرێنی ڕەوا بکاتەوە: «گرنگ ئەوەیە ئەم هەنگاوە بە دروستی تێبگەین و هەمووان بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە بەرپرسیارێتی هەڵبگرن. یاسایەک کە سیاسەت دادەڕێژێت، کلیلی کردنەوەی ڕێگەکەیە و دەرگەی کۆماری دیموکراتیک دەکاتەوە.»
پێکهێنانی شاندی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن
دوای بڵاوبوونەوەی یاسای چوارچێوە لە ڕۆژنامەی فەرمیی تورکیادا، شاندی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بە سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆککۆمار، پێکهێنرا.
وەزیرانی داد، ناوخۆ، کاروباری دەرەوە و بەرگری، سکرتێری گشتیی سەرۆکایەتیی کۆمار، سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگەی هەواڵگریی تورکیا (میت)، لەم شاندەدا ئامادەییان هەیە.
ئەم شاندە تا ئێستا دوو کۆبوونەوەی بەڕێوە بردووە و چوار کۆمیتەی لاوەکیش لەژێر چەتری ئەودا پێکهێنراون.
بەپێی بەرنامەی خستراوەکە، بڕیارە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە سازوکاری «هەماهەنگیی ئاشتی و چوونەناوەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی»دا ڕۆڵی هەبێت و لە بەڕێوەبردنی پرۆسەکەدا بەشدار بێت؛ سەرەڕای ئەوەش، ناونیشانی فەرمی، دەسەڵاتەکان و مەرجەکانی چالاکیی ئۆجەلان هێشتا بە شێوەیەکی ئاشکرا دیاری نەکراون.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت نعمان کورتولموش لەگەڵ حیزبە سیاسییەکاندا کۆ ببێتەوە و زەمینەی پێکهێنانی شاندی چاودێریی پەرلەمان دابین بکات. ئەم شاندە دەتوانێت لە کاتی پێویستدا پێشنیاری یاسایی نوێ پێشکەش بکات و دەربارەی چۆنییەتیی جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە داوای ڕاپۆرت لە شاندی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بکات.
جێبەجێکردنی یاساکە لە چاوەڕوانیی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیدایە
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بڕیارە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئۆردۆغان کۆبوونەوە ساز بکات. یەکێک لە بابەتە سەرەکییە چاوەڕوانکراوەکانی ئەم دانیشتنە، تاوتوێکردنی ڕاپۆرتی پەسەندکردن و هەڵسەنگاندن و ڕەخساندنی زەمینەی جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوەیە.
دوای کەوتنەکاری یاساکە، چاوەڕوان دەکرێت قۆناغی داهاتووی پرۆسەکە بە سەرنجدان لەسەر ماددەی حەوتەمی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەمان و چاکسازییەکانی پەیوەندیدار بە دیموکراتیزەبوون دەست پێ بکات.
سەرەڕای ئەوەش، بە تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر پەسەندکردنی یاساکەدا، هێشتا خشتەیەکی کاتیی ڕوون بۆ جێبەجێکردنی نییە. بزووتنەوەی کورد دەڵێت تەواوی ئەو هەنگاوانەی لێی چاوەڕوان دەکرا جێبەجێی کردوون و ئێستا نۆرەی حکومەتی تورکیایە کە هەنگاوی بەرامبەر بنێت.
پێگەی ئۆجەلان؛ پرسی سەرەکیی قۆناغی ئێستا
دیاریکردنی پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و باشترکردنی مەرجەکانی چالاکی و پەیوەندییەکانی، ئێستا یەکێکە لە بابەتە سەرەکییە ناکۆکەکان لە پرۆسەکەدا.
نوێنەرانی بزووتنەوەی کورد و حیزبە سیاسییە کوردییەکان دەڵێن بێ دابینکردنی دەرفەتی چالاکیی ئازادانەی ئۆجەلان، دیداری ئەو لەگەڵ توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و گواستنەوەی تێڕوانینەکانی بۆ بیروڕای گشتی، پێشڕەویی پرۆسەکە ئەستەم دەبێت.
بەرپرسانی AKP لە مانگی ئابدا ئاماژەیان بە ئەگەری دیداری ڕۆژنامەنووسان لەگەڵ ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمڕاڵی کردبوو؛ بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک لەم بارەیەوە نەنراوە.
بزووتنەوەی کورد جەخت دەکاتەوە کە وێڕای ئەو هەنگاوانەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا لەلایەن پەکەکەوە نراون، حکومەت هێشتا هەنگاوێکی دیاریکراوی بۆ باشترکردنی مەرجە یاسایی و پەیوەندییەکانی ئۆجەلان نەنێوە. لە تێڕوانینی ئەم ڕەوتەدا، جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە و دیاریکردنی فەرمیی پێگەی ئۆجەلان، دوو مەرجی سەرەکین بۆ تێپەڕاندنی پرۆسەی ئاشتی لە قۆناغی ئێستا.
سەرچاوە: ئاژانسی وڵات
نووسەر: مەحموود ئالتین تاش
وەرگێڕان: بەشی کوردیی کوردپرێس
بۆچوونی بەکارهێنەران