خبر 2026-10-27 11:09 کاتی خوێندنەوە: 5 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

پاشەکشەی پەکەکە و داهاتووی ئامادەییی سەربازیی تورکیا لە عێراق

گۆڤاری «ئەمواج میدیا» لە ڕاپۆرتێکدا تیشکی خستووەتە سەر لێکەوتەکانی چۆڵکردنی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن پەکەکەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم گۆڕانکارییە دەکرێت گوشارەکان لەسەر تورکیا بۆ کەمکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی زیاتر بکات، بەڵام هێشتا هیچ ئاماژەیەکی ڕوون لە ئارادا نییە کە نیشانی بدات ئەنقەرە بڕیاری پاشەکشەی تەواوەتی لە عێراق داوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاپۆرتە شیکارییەکەدا کە لەلایەن محەمەد ئاڵجە-وە نووسراوە، ڕوون کراوەتەوە کە چۆڵکردنی چوار مۆڵگە و ئەشکەوت/تونێلەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) لە چیای مەتینای سەر بە پارێزگای دهۆک، جارێکی دیکە پرسی ئامادەییی سەربازیی تورکیای لە عێراق کردووەتەوە بە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆ لە بەغدا و هەولێر. ئەم پاشەکشەیەی پەکەکە بە تەنیا بە مانای چۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە نایەت، بەڵام دەکرێت بیانووەکانی ئەنقەرە بۆ بەردەوامیی جێگیربوونی سەربازی لە عێراق لاواز بکات و گوشاری سیاسی لەسەر حکومەتی بەغدا زیاتر بکات تا دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچە سنوورییەکان و سەربازگەکاندا بسەپێنێتەوە.

لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە، حکومەتی تورکیا و پەکەکە پرۆسەیەکیان دەست پێ کردووە کە بەرپرسانی تورکیا بە دەستپێشخەریی «تورکیایەکی بەتاڵ لە تیرۆر» ناوی دەبەن. پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا لە ٨ی تشرینی یەکەمدا ڕایگەیاند کە هێزەکانی چوار مۆڵگەیان لە کێوی مەتینا چۆڵ کردووە. ئەم گرووپە بە ئاماژەدان بەو یاسایەی لە ئابی ٢٠٢٦دا لە پەرلەمانی تورکیا بۆ چوارچێوەی یاسایی هەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینی پەکەکە پەسەند کرا، ڕایگەیاند کە بەردەوامیی پاشەکشەی هێزەکانی دەبێت ئەنقەرە بێبەش بکات لە پاساوهێنانەوە بە هەڕەشەی سەربازی بۆ پاساوپێدانی سیاستە ئەمنییەکانی.

بەڵام پەکەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕوونی نەکردووەتەوە کە هێزە پاشەکشەکراوەکان بۆ کوێ گواستراونەتەوە، چارەنووسی چەکەکانیان چی بەسەر دێت و ئایا چالاکییەکانی ئەم گرووپە لە خاکی عێراقدا دەوەستێت یان نا. لە ڕوانگەی «ئەمواج میدیا»وە، ئەم تەمومژاوییانە بایەخی بنەڕەتییان هەیە؛ چونکە بڕیاری ئەنقەرە بۆ کەمکردنەوەی ئامادەییی سەربازی، بە پلەی یەکەم بەستراوەتەوە بە چارەنووسی چەکەکانی پەکەکە و توانای حکومەتی عێراق بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی ئاسایشی ئەو ناوچانەی پێشتر پەکەکەی تێدا بووە.

ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی تشرینی یەکەم ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزەکانی تورکیا دوای چۆڵکردنی چوار مۆڵگەکەی کێوی مەتینا، دەستیان بەسەر هەندێک لە مۆڵگە دێرینەکانی پەکەکەدا گرتووە. لە کەشێکی وەهادا، پاشەکشەی پەکەکە بە ناچاری نابێتە هۆی کەمبوونەوەی ئامادەییی سەربازی، بەڵکو دەکرێت جێگرتنەوەی هێزێکی چەکدار بە هێزێکی دیکەی لێ بکەوێتەوە، کە ئەمەش هاوتا نییە لەگەڵ ئامانجی ڕاگەیەندراو بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و دەکرێت هەستیارییەکان لەسەر سەروەریی عێراق زیاتر بکات.

یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، لە ٢٠ی تشرینی یەکەمدا ڕایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی تا ئەو کاتەی ئەنقەرە لە دابینکردنی ئاسایشی سنوورەکان دڵنیا دەبێتەوە لە عێراق دەمێننەوە. بەرپرسێکی ئەمنیی تورکیاش لە لێدوانێکدا بۆ «ئەمواج میدیا» جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامیی ئامادەییی سەربازی بەستراوەتەوە بە کۆتاییهاتنی تەواوەتیی هەڕەشە ئەمنییەکان، و ئاماژەی بەوە دا کە جێگیربوونی هێزەکانیان ئەنجامی ساڵانێک لە بێتوانایی یان نەویستنی بەغدا بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە.

تەنانەت بەپێی «ئەمواج میدیا»، ئەگەر ئەو هەڕەشەیەی ئەنقەرە پشتی پێ دەبەستێت بۆ پاساوهێنانی بوونی خۆی کەم ببێتەوە، بەردەوامیی جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا بەم قەبارەیەی ئێستا دژوارتر دەبێت. لە بارودۆخێکی وەهادا، بەغدا و ئەنقەرە ناچار دەبن لەسەر ڕێکخستنەوەی ئەمنیی نوێ ڕێک بکەون؛ ڕێکخستنێک کە هەم نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا لە بەرچاو بگرێت و هەم ڕێگە بە حکومەتی عێراق بدات کۆنترۆڵی کاراتری بەسەر خاکەکەیدا هەبێت.

ئاماژەیەکی بۆ ئەم گۆڕانکارییە، لە ڕێککەوتنی پەیوەندیدار بە سەربازگەی بەعشیقە - زێلکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی مووسڵدا دەبینرێت. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ٢٣ی ئەیلوول لە نیویۆرک لەسەر ڕادەستکردنی پلەبەپڵەی ئەم سەربازگەیە بە حکومەتی عێراق ڕێک کەوتن. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش لە ١ی تشرینی یەکەمدا ڕایگەیاند کە گواستنەوەی سەربازگەکە بەپێی خشتەیەکی کاتیی ڕێککەوتوولەسەر ئەنجام دەدرێت. ئەم ڕێککەوتنە بە پێشکەوتنی هەنگاوە ئەمنییەکانی حکومەتی عێراق لە شنگال بەستراوەتەوە.

تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا سوودی لە سەربازگەی بەعشیقە وەرگرتووە. بەڵام ئەم سەربازگەیە جیاوازە لە مۆڵگە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە بەعشیقە لە هێڵی پێشەوەی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا دژ بە پەکەکە دوورە و ڕادەستکردنەوەی بۆ بەغدا ئاسانترە لە پاشەکشە لە تۆڕی سەربازگە سنوورییەکان کە ئەنقەرە لە ساڵانی ڕابردوودا دروست کردوون.

تورکیا لە ساڵی ٢٠١٩ەوە و بە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی «چنگ»، تۆڕێک لە مۆڵگە و سەربازگەی سەربازی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان فراوان کردووە. لەبەر ئەوە، ڕادەستکردنی سەربازگەی بەعشیقە بە تەنیا نیشانەی بڕیاری تورکیا نییە بۆ کۆتاییهێنان بە ئامادەییی سەربازی لە سەرانسەری عێراقدا.

لەگەڵ ئەوەشدا، پرسی شنگال دەکرێت زەمینە بۆ گۆڕانکاری لە هاوکێشە ئەمنییەکانی باکووری عێراق بڕەخسێنێت. تورکیا چەندین جار چالاکییەکانی «هێزەکانی بەرەنگاریی شنگال»ی وەک هەڕەشە بینیوە و چەکداماڵینی ئەم گرووپەی کردووەتە مەرجی کەمکردنەوەی هێزەکانی. لە تازەترین گۆڕانکاریدا لە ٢٦ی تشرینی یەکەمدا، بەرپرسانی عێراقی ڕایانگەیاند کە هێزەکانی بەرەنگاریی شنگال پێکهاتەی سەربازیی سەربەخۆی خۆیان هەڵدەوەشێننەوە و ئەندامانیان دەچنە ناو دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقەوە، و هاوکات هێزە ئەمنییەکانی عێراق کۆنترۆڵی ژمارەیەک مۆڵگەی ئەو گرووپەیان گرتووەتە دەست.

سەرەڕای ئەمەش، حکومەتی عێراق ڕووبەڕووی کێشەیەکی ئاڵۆزتر بووەتەوە؛ بەشێک لە گرووپە چەکدارە عێراقییەکان خروج و چەکداماڵینی تورکیا و پەکەکەیان کردووەتە مەرجی ڕادەستکردنی چەکەکانی خۆیان بە دەوڵەت. گردانەکانی سەیدولشوهەدا لە ئابی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە دەبێت دەرچوونی هێزەکانی تورکیاش بخرێتە ناو مەرجەکانی چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکانەوە. هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، داوای دەرچوونی هێزەکانی تورکیا و چەکداماڵینی ئەو گرووپە چەکدارانەی کرد کە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکان دروست دەکەن.

حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەم هاوکێشەیەدا پێگەیەکی گرنگی هەیە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ١٢ی تشرینی یەکەمدا پرۆسەی ئاشتیی نێوان تورکیا و پەکەکەی بە جدی وەسف کرد و ڕایگەیاند حکومەتی هەرێم هەنگاوی پێویستی لەگەڵ ئەنقەرە و قەندیل ناوە. ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمیش پشتیوانیی لە سیاسەتی بەغدا بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هێزە بیانییەکان و لایەنە چەکدارە نادەوڵەتییەکان کرد.

لە کۆتاییدا، «ئەمواج میدیا» جەخت لەوە دەکاتەوە کە پاشەکشەی پەکەکە بە تەنیا نابێتە هۆی کۆتاییهاتنی ئامادەییی سەربازیی تورکیا لە عێراق، بەڵکوو دەرچوونی تەواوەتیی تورکیا بەستراوەتەوە بە توانای حکوومەتی عێراق لە دابینکردنی ئاسایشی ناوچە چۆڵکراوەکان، کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەنقەرەدا. ئەگەرنا، ئەگەری هەیە پاشەکشەی پەکەکە زیاتر لەوەی کۆتایی بە ئامادەییی بیانی بهێنێت، تەنیا ڕیزبەند و ئارایشی هێزە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا بگۆڕێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.