ململانێکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕێگرن لە چاکسازییە ئابوورییەکانی عێراق
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێگەی ئەورووپیی «EU Reporter» لە ڕاپۆرتێکی ئابووری و ستراتیژیدا، خراپبوونی ڕەوشی کەرتی دارایی عێراقی ڕاگەیاندوە و ئاماژەی بەوە داوە کە بەردەوامیی ناکۆکییە دیرۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر مووچەی فەرمانبەران، پشکی بوودجە و بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و گاز، متمانەی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە بیانییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.
ئەم ڕاپۆرتە ئەورووپییە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم کەڵێنە دارایی و دەستوورییانە بوونەتە هۆی تێکچوونی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ناسەقامگیری لە پرۆسەی گواستنەوەی سەرچاوە داراییەکاندا.
ڕاپۆرتەکە داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکات بە زووترین کات چاکسازیی بنەڕەتی لە کەرتی دارایی و کارگێڕیدا بکەن؛ چونکە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی دەرەکی ناتوانێت شوێنی لاوازیی دامەزراوە نیشتمانییەکان و سستیی پرۆسەی وەبەرهێنان بگرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە پاشەکشەی هێزەکانی پەکەکە لە بەشێک لە مۆڵگەکانیان لە هەرێمی کوردستان لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ کراوە و ئەوەش خراوەتە ڕوو کە ئەم گۆڕانکارییە دەکرێت بێتە زەمینەیەک بۆ ئاشتی و کەمکردنەوەی ئاوارەبوونی مەدەنییەکان لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیادا، بەڵام بە تەنیا نابێتە هۆی چاکسازی و پێویستی بە گەرەنتیی یاسایی هەیە.
پێگەی «EU Reporter» هۆشداریی داوە کە بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر مووچەی فەرمانبەران، بوودجە و نەوت و گاز، متمانەی وەبەرهێنەرە بیانییەکانی زۆر لاواز کردووە، و داوای لە ئەورووپا کردووە پشتگیری لە پرۆسەی چاکسازی و گفتوگۆی تەکنیکیی نێوان هەردوو لایەن بکات.
بۆچوونی بەکارهێنەران