ئایا نوخبەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەنگی ناڕەزایەتییەکان دەبیسێت؟
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێشهاتەکانی ئەمدواییە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، لە ڕاگەیاندنی بەرنامەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەوە تا دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی و هەوڵدان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، ئاماژەن بۆ جووڵەیەکی نوێ لە نێوان سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمدا؛ بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە ئایا ئەم هەنگاوانە دەبنە هۆی چاکسازیی دامەزراوەیی و کەمکردنەوەی هەژموونی حزبەکان بەسەر پێکهاتەکانی حکومەتدا، یاخود تەنها ڕێککەوتنێکی کاتی دەبن بۆ بەڕێوەبردنی ناکۆکییە سیاسییەکان.
بەمۆ نووری، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی وێست لەندەن و شرۆڤەکاری پرسەکانی کوردستان، لە شیکارییەکدا لە گۆڤاری "ئامارگی" جەخت لەوە دەکاتەوە کە نوخبەی سیاسیی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی بارودۆخێک بوونەتەوە کە تێیدا بەردەوامبوونی بەڕێوەبردنی هەرێم لەسەر بنەمای دەستکەوتە مێژوویییەکان، دڵسۆزییە حزبییەکان و پشتیوانیی دەرەکی، ئیتر بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی خۆژێنیی سیاسی بەس نییە.
بەڕای بەمۆ نووری، گۆڕانکاری و پێشهاتە ناوچەیییەکان، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، لاوازبوونی خۆبەڕێوەبەریی کورد لە سووریا و هەوڵەکانی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی توانای حکومڕانی، پێویستیی داڕشتنەوەی شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستانی لە دەستکەوتەکانی ڕابردوو زیاتر دەرخستووە. لە بارودۆخێکی وەهادا، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا هاوکارییە نوێیەکانی نێوان سەرکردە کوردەکان دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دامەزراوە گشتییەکان، یاخود جارێکی تر بەرەو ڕێککەوتنێکی سنوورداری نێوان حزبەکان بۆ دابەشکردنی دەسەڵات دەچێتەوە.
یەکێک لە گرنگترین پێشهاتەکانی دوایی، ڕاگەیاندنی بەرنامەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستاندا. بەپێی ئەم بەرنامەیە، بڕیارە هێزەکانی سەر بە یەکەکانی ٨٠ و ٧٠—کە بەپێی ڕیزبەندی پەیوەستن بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە—لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی سەربازی لە ١١ فرکە (لشکر) و یەکەکانی پشتیوانیدا ڕێک بخرێنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، گرنگیی یەکخستنەوەی پێشمەرگە تەنها لە گۆڕینی پێکهاتەی ڕێکخستنیدا کورت نابێتەوە. پرسی سەرەکی، کۆتاییهێنانە بە وابەستەییی مەیدانی و فەرماندەییی هێزە سەربازییەکان بۆ حزبەکان و گواستنەوەی دەسەڵاتە بۆ دامەزراوە ڕەسمییەکانی هەرێم. گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە پێویستی بە فەرماندەیییەکی یەکگرتوو، دامەزراندنی پیشەیی و چاودێریی مەدەنی بەسەر هێزە چەکدارەکاندا هەیە؛ بە پێچەوانەوە، گۆڕانکارییە ڕێکخراوەیییەکان مەرج نییە ببەخشێتە دروستبوونی هێزێکی نیشتمانی و پیشەیی.
لە گۆڕەپانی سیاسییچدا، گفتوگۆ نوێیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان گرنگیی خۆیان هەیە. هەڵبژاردنی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ نەبووە هۆی پێکهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی و ناکۆکییەکانی هەردوو حزب، پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێمی دواخست. دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی پەرلەمان دەکرێت هەنگاوێک بێت بۆ دەربازبوون لەم بنبەستە، بەڵام بە بڕوای بەمۆ نووری، پەرلەمان کاتێک ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی دەگێڕێت کە بتوانێت سەربەخۆ لە ڕێککەوتنی سەرکردە حزبییەکان چالاکی بکات، چاودێری بەسەر ئەدا و کارکردنی حکومەتەوە بکات و بڕیارە جێبەجێکارییەکان تاوتوێ بکات.
لە ڕوانگەی ئەم شرۆڤەکاریەوە، هاوکاریی سیاسی کاتێک بەهادارە کە دامەزراوە گشتییەکان بەهێز بکات، نەەک تەنها دەسەڵات لە نێوان نوخبە سیاسییەکاندا دابەش بکاتەوە. پەرلەمانێک کە چالاکییەکەی بەستراوە بێت بە ڕێککەوتنی بەردەوامی سەرکردەی حزبەکانەوە، ناتوانێت بە تەواوی لە دەسەڵاتە یاسایییەکان و نوێنەرایەتیکردنی خەڵک بەهرەمەند بێت.
پێشهاتەکانی عێراق و سووریاش پێویستیی ئەم گۆڕانکارییە لە ڕوانگەدا تۆختر دەکەنەوە. دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بە دارشتنی پڕۆژە لە بواری نیشتەجێبوون و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا هەوڵ دەدات لێهاتووییی خۆی دەربخات؛ هەنگاوێک کە دەکرێت چاوەڕوانیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش بەرز بکاتەوە. لە بارودۆخێکی وەهادا، شەرعییەتی بەڕێوەبردنی هەرێم تەنها لەسەر بنەمای دەستکەوتە مێژوویییەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کورد یاخود دەستڕاگەیشتن بە دەسەڵاتە یاسایییەکان هەڵناسەنگێندرێت، بەڵکو توانای لە دابینکردنی هەلی کار، نیشتەجێبوون، دابەشکردنی ڕێکخراوی مووچە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان گرنگیی زۆرتر پەیدا دەکات.
لە سووریاش لاوازبوونی پێگەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ڕێککەوتنیان بۆ تێکەڵکردنی پێکهاتە سەربازی و ئیدارییەکان لە دەوڵەتی ناوەندیدا، هۆشیارکردنەوەیەکە دەربارەی لەقبوونی ڕێکخستنەکانی خۆبەڕێوەبەری لە بەرامبەر گۆڕانی هاوسەنگییە سەربازییەکان و پەیوەندییە دەرەکییەکاندا. ئەگەرچی پێگەی یاساییی هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ دۆخی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا جیاوازە، ئەزموونی سووریا نیشانی دەدات کە کۆنتڕۆڵی هەرێمی و دەستڕاگەیشتن بە پشتیوانیی دەرەکی، بە تەنیا ناتوانێت بەردەوامیی خۆبەڕێوەبەریی سیاسی مسۆگەر بکات.
بە هەموو لەوانەشەوە، بەمۆ نووری جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت هەنگاوە چاکسازییەکان لە پێشدا بێبایەخ سەیر بکرێن. ڕاگەیاندنی یەکخستنەوەی پێشمەرگە و دەستپێکردنەوەی دانوستانە سیاسییەکان دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆ تێگەیشتنی گەشەسەندووی پێویستیی چاکسازی؛ بەڵام هەڵسەنگاندنی کۆتایی بەستراوەتەوە بە شێوازی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەوە.
پرسی بنەڕەتی بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان، تێپەڕینە لەو پێکهاتانەی لە سەردەمی خەبات و بەرخۆداندا دروست بوون بەرەو دامەزراوەی وەڵامدەرەوە، شەفاف و سەقامگیر کە بتوانن سەربەخۆ لە سەرکردە و حزبە سیاسییەکان بەردەوامی بە چالاکییەکانی خۆیان بدەن. پێشمەرگە دەبێت پارێزەری ئاسایشی هەموو هاووڵاتییان بێت—بەبێ گوێدانە وابەستەییی حزبییان—پەرلەمان دەبێت نوێنەری دەنگدەران بێت و دامەزراوە گشتییەکانیش دەبێت لەسەر بنەمای یاسا و ڕێسای شەفاف بەڕێوە ببرێن، نەەک پەیوەندییە سیاسییەکان.
کەواتە، هێشتا ناتوانرێت بە دڵنیایییەوە بگوترێت کە نوخبەی سیاسیی هەرێمی کوردستان گوێبیستی دەنگی ڕەخنەکان بوون. پێشهاتەکانی ئەمدواییە ئاماژەی هیوابەخش ئەژمار دەکرێن، بەڵام پێوەری ڕاستەقینەی گۆڕانکاری، ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی نوێ نییە، بەڵکوو جێبەجێکردنی چاکسازییەکان، بەهێزکردنی دامەزراوە گشتییەکان و باشترکردنی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان دەبێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران