ڕاوێژکارێکی زەیدیی بۆ بارزانی: توندیی لێدوانەکان دوای زیانگەیشتن بەبەرژەوەندییەکان سەریهەڵداوە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدولئەمیر تەعیبان ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق وەڵامی لێدوانەکانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی دایەوەو ڕایگەیاند، توندیی لێدوانەکانو هەڵوێستەکانی ڕەتکردنەوە لەدەرەنجامی زیانگەیشتن بەبەرژەوەندییەکانەوە هاتون بەهۆی بڕیارەکانی عەلی زەیدییەوە.
لەمیانی بەشداریکردنی لەبەرنامەی «علنا»ی کەناڵی ئاسمانیی (سۆمەرییە)، عەبدولئەمیر تەعیبان لەوەڵامی تۆمەتبارکردنی هێزە سیاسییەکانی بەغدا بەبڕوانەبون بەسیستمی فیدراڵی لەلایەن مەسعود بارزانییەوە، وتی، "سیستمی فیدراڵی لەو دەستورەدا جێگیرکراوە کە گەلی عێراق دەنگی پێداوە، بۆیە ئەو لێدوانانەی بارزانی لەجێی خۆیاندا نین".
ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردەوە، توندیی ئەم لێدوانانەو هەڵوێستەکانی ڕەتکردنەوەو دژایەتیکردن، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی زیانگەیشتنە بەبەرژەوەندییەکان بەهۆی ئەو زنجیرە بڕیارانەی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەریکردون.
ئەم لێدوانەی ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکاتێکدایە، بڕیارەکانی بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانو کێڵگە نەوتییەکان گرژییەکی سیاسیی لەنێوان هەولێرو بەغدا دروستکردوەو بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوش کۆبونەوەیەکی باڵا لەبەغدا بۆ تاووتوێکردنی ئەو دۆسیانە بەڕێوەبچێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران