خبر 2026-11-28 12:22 کاتی خوێندنەوە: 3 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

کەجەکە: ده‌بێت عێراق دەست لە هەنگاوە هەژمونگەرا و ناوەندگەراکانی هەڵبگرێت

کەجەکە رەخنە لە بڕیارەکەی حکوومەتی بەغدا بۆ سنووردارکردنی مافەکانی هه‌رێمی کوردستان دەگرێت و هاوکات داوای یەکڕیزیی کورد و ڕاگرتنی هەنگاوە ناوەندگەراکانی عێراقی کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌: "حکوومەتی عێراق هەنگاوێکی هەڵە دەنێت، هەنگاوێکی هەڵەی ناوە کە لە ڕووی یەکێتیی دیموکراتی و سەقامگیریی عێراقەوە دەتوانێت کێشەی جددی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، هەم بۆ تەواوی عێراق و هەم بۆ کوردان، باشترین و خێرترین شت ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق دەست لەم هەنگاوە هەڵەیە هەڵبگرێت و بەو عەقڵییەتە بجوڵێتەوە کە یەکێتیی دیموکراتیی عێراق بەهێز دەکات".

کەجەکە پێكهێنانی "حکوومەتێکی یەکێتیی نیشتمانی دیموکراتیکانە" لە هه‌رێمی کوردستان بە ڕێگە و دەرچەی ڕزگاری لە مەترسییەکانی سەر باشور دادەنێت و لەم ڕوەوە دەڵێت، "بۆ ئەوەی کورد ڕوبەڕوی دۆخی لەم شێوەیە نەبێتەوە، یەکێتیی دیموکراتیی کورد زۆر گرنگە، کوردیش دەبێت لە ڕوی سیاسییەوە دەست لە عەقڵییەتی ناوەندگەرایی هەڵبگرێت و عەقڵییەتی یەکێتیی دیموکراتی بۆ خۆی بکاتە بنەما، عەقڵییەتی پارتەکان بۆ سەپاندنی سەروەریی خۆیان، کوردان و فیدراسیۆنەکە بەهێز ناکات، هەرخۆی هۆکاری ئەو لاوازییەی تا ئێستا ڕویداوە، دروستنەکردنی یەکێتیی دیموکراتیی کوردە".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "زه‌یدی ده‌ڵێت بڕیاریان داوە کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنورییەکانی باشوری کوردستان ڕادەستی حکوومەتی ناوەندی بکرێن. ئەوەش بەو واتایە دێت کە تەواوی سەرچاوە ئابورییەکانی هه‌رێم رادەستی حکوومەتی ناوەندی بکرێن. کۆمەڵگە و سیستەمێکی سیاسی کاتێک لە سەرچاوە داراییەکان بێبەش بکرێت، ئەوکاتە بە تەواوی کۆت دەکرێت. بەتایبەتی لە سەردەمی ئێستادا سەرچاوە داراییەکان لە ڕوی بنیاتنان و پاراستنی سیستومی سیاسی، کولتوری، کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە".

كه‌جه‌كه‌ ده‌ڵێت، "هەوڵی حکوومەتی عێراق بۆ دوبارە کەوتنەوە ناو عەقڵییەتی ناوەندگەرایی و هەوڵی کەمکردنەوەی مافەکانی باشووری کوردستان، بە واتای دوبارە سەپاندنەوەی عەقڵییەتی ناوەندگەرایی پێشوو دێت. کەچی ئەم عەقڵییەتە ببوە هۆی ئەوەی عێراق بە دەیان ساڵ لەگەڵ کورددا بکەوێتە ناو کێشەی جددییەوە، بۆیە حکوومەتی عێراق هەنگاوێکی هەڵە دەنێت، هەنگاوێکی هەڵەی ناوە کە لە ڕوی یەکێتیی دیموکراتی و سەقامگیریی عێراقەوە دەتوانێت کێشەی جددی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، هەم بۆ تەواوی عێراق و هەم بۆ کوردان، باشترین و خێرترین شت ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق دەست لەم هەنگاوە هەڵەیە هەڵبگرێت و بەو عەقڵییەتە بجووڵێتەوە کە یەکێتیی دیموکراتیی عێراق بەهێز دەکات".

هاوسه‌رۆكایه‌تی كه‌جه‌كه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا رونیكردوه‌ته‌وه‌، "یەکێتیی دیموکراتیی کورد زۆر گرنگە، کوردیش دەبێت لە ڕوی سیاسییەوە دەست لە عەقڵییەتی ناوەندگەرایی هەڵبگرێت و عەقڵییەتی یەکێتیی دیموکراتی بۆ خۆی بکاتە بنەما، ئەوەی ئێستا باشووری کوردستان پێویستی پێی هەیە، پێکهێنانی حکوومەتێکی یەکێتیی نیشتمانیی دیموکراتییە کە هەمو پارتە سیاسییەکانی تێدا بێت. حکوومەتێک نە هی یەک پارت و نە هی دو پارت بێت، بەڵکو حکوومەتێک کە هەمو توێژە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی هەمو پارتە کوردییەکانی تێدا نوێنەرایەتی بکرێت".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "تێکۆشانی 54 ساڵەمان لە بنیاتنانی ئەم دەستکەوتانەدا پشکێکی گەورەی هەیە، بۆیە تەواوی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی گەلی کورد خاوەندارێتی لە دەستکەوتەکانی باشوری کوردستان دەکەن، تەڤگەری ئازادیمان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی باشوری کوردستان وەک پێشتر، لەمەودواش بە بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵدەستێت".

په‌یوه‌ست به‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان، كه‌جه‌كه‌ ده‌ڵێت، "رێبەر ئاپۆ ماوەی دو ساڵە پێشنیاری پێکهێنانی حکوومەتێکی یەکێتیی دیموکراتی دەکات کە هەمو پارتە کوردییەکانی باشوری کوردستان تێیدا جێبگرن، بانگەوازەکانیشی بەم ئامانجە ڕاستەوخۆ گەیاندە پارتی و یه‌كێتی. دەبێت هێزە سیاسییەکانی باشوری کوردستان چارەسەری کێشەکان لە یەکێتیی دیموکراتیدا ببیننەوە".

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، ئۆجه‌لان وتویه‌تی، "ئەوەی کوردان بەهێز دەکات ئەو حکوومەتە یەکێتییە دیموکراتییەیە". كه‌جه‌كه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "ئێمە بە مانگانە بۆ ئەمە بانگەواز دەکەین و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین. ئەمڕۆ زیاتر و باشتر لەوە تێگەیشتراوە کە پێشنیار و بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ چەندە گرنگە".

هه‌روه‌ها داوا ده‌كات "عێراق دەست لە هەنگاوە هەژمونگەرا و ناوەندگەراکان هەڵبگرێت و کوردیش دەبێت لە قۆناغی وەهادا بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی لە ناو یەکێتیدا بجووڵێتەوە".

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.