خبر 2026-11-27 14:39 کاتی خوێندنەوە: 4 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

کوردستان؛ کۆمەڵگەیەک کە ناگەڕێتەوە سەر عێراق/ سەلاحەدین خەدیو

وێنەکەی سەرەوە خۆپیشاندانە نەتەوەیییەکەی هەرێمی کوردستان نیشان دەدات بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر فەرمانەکانی عەلی زەیدی.

​یەکێک لەو ڕەهەندە کەمتر بینراوانەی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی عێراق، ئەزموونی مێژوویی جیاوازی هەردوو کۆمەڵگەی کورد و عەرەبە. لە ڕاستیدا، درزێکی قووڵی دامەزراوەیی و دیوارێکی ئەستووری کۆمەڵایەتی لە نێوان ئەم دوو پێکهاتە گەورەیەی دانیشتووانی عێراقدا دروست بووە؛ دۆخێک کە پێش گۆڕانکارییەکانی ساڵی ۱۹۹۱ مەرج نەبوو بە شێوەی ئێستا بوونی هەبووبێت.
​دوای پەسەندکردنی بڕیارنامەی ناوچەی قەدەغەکراوی فڕین لە ئەنجومەنی ئاسایش و کشانەوەی سوپای عێراق لە کوردستان، پێشمەرگەکان بۆ یەکەم جار ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەڕێوەبردنی کاروباری خاکێک بوونەوە کە لە دەستی دەسەڵاتی ناوەندی دەرچووبوو؛ بەرپرسیارێتییەک کە ئامادەکارییەکی ئەوتۆیان بۆی نەبوو.
​دانوستانکارانی کورد لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ دەسەڵاتی سەدام، بە پێداگرییەوە داوای گەڕانەوەی دامودەزگا کارگێڕییەکان و بە واتایەکی تر کەرتی مەدەنیی حکوومەتیان دەکرد. بەڵام وەڵامەکەی سەدام ڕوون بوو: «یەک حەبی ئەسپرینیش بەبێ حزبی بەعس نانێرین!» بە دەربڕینێکی تر، کوردەکان دەبوایە گەڕانەوەی سوپا، دەزگا ئەمنییەکان و بارەگاکانی حزبی بەعسیان قبووڵ بکردایەت، ئەگینا هیچ باسێک لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان نەبوو.
​کوردەکان بە ناچاری بەرەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و دامەزراندنی حکوومەتی خۆیان هەنگاویان نا.
​ئێستا ۳۵ ساڵ بەسەر ئەو کاتەدا تێپەڕیوە. دوو نەوەی کورد لە ژێر سایەی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا گەورە بوون و ئەزموونێکی ژیانی جیاوازیان لە کۆمەڵگەی عێراق هەیە. بابەتەکە ئەوە نییە کە دامەزراوە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێم دیموکراتتر یان کاراتر بن لە هاوتا عێراقییەکانیان؛ چونکە هەردووکیان، سەرەڕای جیاوازییەکانیان، هەر یەک قوماشن. بابەتەکە ئەوەیە کە کۆمەڵگەی کوردی لە ماوەی ئەم ۳۵ ساڵەدا، ئەزموونێکی مێژوویی جیاوازی تێپەڕاندووە و ڕێڕەوێکی جیاوازی لە گەشەی دامەزراوەیی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیدا بڕیوە.
​یادەوەریی بەکۆمەڵ، عادەتە زمانەوانییەکان، تۆڕە ئابوورییەکان، بەها کولتوورییەکان و ئارەزووە سیاسییەکانی ئەم کۆمەڵگەیە، وردە وردە لەوەی کە لە بەشە عەرەبنشینەکەی عێراقدا دروست بووە، دوور کەوتووەتەوە. شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، لە ژێر سایەی گەشەی پیشەسازیی بیناسازی، گەشتوگوزار و سەرهەڵدانی چینە شارییە نوێیەکاندا، لە زۆر ڕووەوە کەمتر لە شارەکانی تری عێراق دەچن. ئاستی خۆشگوزەرانیش لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمدا بەرزترە.
​لە لایەکی ترەوە، زۆرێک لە لەدایکبووانی دوای ساڵی ۱۹۹۱ زمانی عەرەبی نازانن یان لە باشترین حاڵەتدا وەک زمانی دووەم و لە کاتی پێویستدا بەکاری دەهێنن. زمانی کوردی لەم سێ دەیەیەدا بووەتە زمانی سەرەکیی خوێندن، پەیوەندییەکان، ڕاگەیاندن و ژیانی ڕۆژانە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمدا و بە ئاسانی جێگەی ناگیرێتەوە.
​لە ڕووی سیاسییەوە، ئەگەری لاوازکردنی خۆبەڕێوەبەریی هەرێم، گەڕانەوەی سوپای عێراق و سەپاندنی کۆنترۆڵی ئابووریی زیاتر لە لایەن بەغداوە هەیە. تەنانەت ڕەنگە هەرێم زیاتر لە جاران لە پێکهاتەی ئابووری و سیاسیی عێراقدا تێکەڵ بکرێت؛ بەڵام تێکەڵکردنی شوناس و پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەکەی لە ناو کۆمەڵگەی عەرەبی عێراقدا بە کردەیی مەحاڵ دێتە بەرچاو.
​ڕوونە کە خەڵکی هەرێم لە حزبە دەسەڵاتدارەکان و سەرکردە کوردەکان ناڕازین، بەڵام گەڕاندنەوەی کۆمەڵگە بۆ دۆخی پێش ساڵی ۱۹۹۱ شتێکە ناچێتە ئەقڵەوە. عێراقی دوای سەدام، سەرەڕای هەبوونی پێکهاتەیەکی یاسایی یەکگرتوو، بە قووڵی تووشی لێکترازانی کولتووری و کۆمەڵایەتی بووە لە نێوان باکووری کوردنشین و ناوەڕاست و باشووری عەرەبنشیندا.
​ئەم قسەیە بە مانای کراوەبوونی ڕێگای سەربەخۆیی تەواوەتیی هەرێم نییە لە عێراق. لە داهاتوویەکی نزیک و تەنانەت مامناوەندیشدا، هەرێم بەختێکی ئەوتۆی بۆ جیابوونەوە نییە. هەروەک چۆن ڕێگای گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش ساڵی ۱۹۹۱یش بە تەواوی داخراوە.
​بەم پێیە، ئەم دۆخە ناوەندییەی ئێستا ئەگەری زۆرە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت و ناو بە ناو ببێتە بنەمای قەیران و گرژی لە نێوان هەولێر و بەغدادا.
​گریمانەیەکی چاوەڕوانکراو، کەمبوونەوەی ئاستی خۆبەڕێوەبەریی هەرێمە بە بەراورد بە سەردەمی لووتکەی گەشانەوەی، لە نێوان ساڵانی ۲۰۰۳ تا ۲۰۱۷دا. گریمانەیەکی تر کە ڕەشبینانەترە، رووتکردنەوەی خۆبەڕێوەبەرییەکەیە لە ناوەرۆکەکەی لە ڕێگەی لەدەستدانی زۆرێک لە توانا و لێهاتووییە دامەزراوەییەکانییەوە. بەڵام تەنانەت لەو حاڵەتەشدا ناتەبایی نێوان دوو ئەزموونی کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی جیاواز لە ناو ناچێت.
​بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتەکە دەکرێت ئاماژە بە ئەزموونی هۆنگ کۆنگ بکرێت. بەریتانیا دوای ۱۵۰ ساڵ ناچار بوو ئەم دوورگەیە بگەڕێنێتەوە بۆ چین، بەڵام هۆنگ کۆنگ لەم ماوە درێژەدا ببووە کۆمەڵگەیەک بە پێکهاتەی یاسایی، ئابووری و کولتووریی جیاوازەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ڕێککەوتن کرا کە لە چوارچێوەی چینی یەکگرتوودا، بە پاراستنی سیستەمی کارگێڕی و ئاستێک لە خۆبەڕێوەبەری، بەردەوام بێت لە ژیان. ئەمە هەمان هاوکێشەی «یەک وڵات، دوو سیستەم» بوو کە پەکین دواتر کردی بە بنەمای پێشنیارەکەی بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ تایوانیش.
​پێشتر نووسیبووم: «کوردستان؛ تایوانی ڕۆژئاوای ئاسیایە». چارەنووسی ئەویش، هاوشێوەی هاوتا ڕۆژهەڵاتییەکەی لە ئاسیا، بە توانا دامەزراوەییەکان و هاوکێشە جیۆپۆلیتیکییەکانەوە گرێدراوە. ڕەنگە چین بتوانێت بە زەبری چەک تایوان داگیر بکات، بەڵام ناتوانێت لە ڕووی شوناسەوە لە ناو خۆیدا بتوێنێتەوە.
عێراقیش ناتوانێت ۳۵ ساڵ ئەزموونی جیاوازی مێژوویی و کۆمەڵایەتی بگەڕێنێتەوە بۆ دواوە.

زیاتر بخوێنەوە
هەواڵی پێشوو و داهاتوو
هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.