ڕەخنەی هاوپەیمانەکانی ترەمپ لەسەر ڕۆڵی تۆم باراک لە پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستاندا
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەخنەکانی دوو کەسایەتیی خاوەن هەژموونی ڕەوتی موحافیزەکاری ئەمریکا لە تۆم باراک، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە تورکیا و نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سووریا، دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە ڕۆڵی ئەو لە هاندانی حکوومەتی عێراق بۆ زیادکردنی کۆنتڕۆڵ بەسەر هەرێمی کوردستاندا، ڕەهەندی تازەیان پەیدا کردووە. ئەم ڕەخنانە لە بارودۆخێکدا دەخرێنە ڕوو کە هاوکات پرسیارگەلێک سەبارەت بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی باراک و ڕۆڵی دیپلۆماسیی ئەو لە پڕۆژەکانی گواستنەوەی نەوتی ناوچەکەدا سەریان هەڵداوە و هەندێک لە نزیکانی ڕەوتی «ماگا» داوای لێکۆڵینەوە لە کارکرد و پەیوەندییە ئابوورییەکانی دەکەن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی یۆنانیی «تۆ ڤیما» لە ٢٩ی تشرینی دووەمدا، ماتیۆ بۆیڵ، بەرپرسی نووسینگەی واشنتنی ماڵپەڕی هەواڵیی برەیتبارت، و مارک لێڤین، پێشکەشکاری کەناڵی فۆکس نیوز و کەسایەتیی ناسراوی میدیا موحافیزەکارەکانی ئەمریکا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا داوای لێکۆڵینەوەی وردتریان لە کارکردی تۆم باراک کردووە. ئەم ڕەخنانە دوای ئەوە توندتر بوونەوە کە ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە هاندانی بەغدا لە لایەن باراکەوە بۆ هەنگاونان دژی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بڵاو کرانەوە؛ هەنگاوێک کە لە درێژەدا بووە هۆی فەرمانی حکوومەتی عێراق بۆ زیادکردنی کۆنتڕۆڵ بەسەر دەروازە سنوورییەکان و هەندێک لە کێڵگە نەوتییەکانی ژێر بەڕێوەبردنی کاربەدەستانی کوردستاندا.
ماتیۆ بۆیڵ ڕۆژی هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، تۆم باراکی بە هەبوونی پەیوەندیی ئەگەری بە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان لە پڕۆژەکانی هێڵی بۆریی نەوتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تۆمەتبار کرد و داوای لێکۆڵینەوەی میدیاکان و کۆنگرێسی ئەمریکای سەبارەت بە کارکردی ئەو کرد. بۆیڵ لە یەکێک لە پەیامەکانیدا هۆشداریی دا کە ئەم بابەتە دەتوانێت ببێتە ئابڕووچوونێکی گەورە و بەردەوامبوونی پشتگیریی دۆناڵد ترەمپ لە باراک، تێچووی سیاسیی ئەم دۆخە زیاد دەکات.
مارک لێڤینیش بە بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی بۆیڵ، داوای لەکارلادانی باراک و چاودێریی وردی چالاکییەکانی کرد. گرنگیی ئەم ڕەخنانە لەوەدایە کە هەر دوو کەسایەتییەکە بە پشتگیرە دێرینەکانی دۆناڵد ترەمپ هەژمار دەکرێن و دەستیان بە ناوەندە سیاسی و میدیایییە نزیکەکانی حکوومەتەکەی دەگات. لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ کامیان بانگەشەی ئەوەیان نەکردووە کە هەڵوێستەکانیان ڕەنگدانەوەی بیروڕای ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکایە.
بۆیڵ لە کاتێکدا داوای لێکۆڵینەوە لە کارکردی باراک دەکات کە پێشتریش سەبارەت بە پەیوەندی و چالاکییە بازرگانییەکانی ئەو پرسیارگەلێک خرابوونە ڕوو. ئاژانسی هەواڵیی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریدا لە ٩ی تشرینی یەکەم، پەیوەندییە بازرگانییەکانی باراکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان بە ناوی تی ئای کاپیتاڵ و ڕۆڵی ئەم کۆمپانیایەی لە پڕۆژەی پێشنیارکراوی دروستکردنی هێڵی بۆریی گواستنەوەی نەوت لە کەرکووکی عێراقەوە بۆ بەندەری بانیاسی سووریا پشکنیبوو.
ئەم پڕۆژەیە کە بەهاکەی بە نزیکەی ١٥ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، بڕیارە ڕێڕەوێکی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق بڕەخسێنێت و وابەستەییی ئەم وڵاتە بە گەرووی هورمزەوە کەم بکاتەوە. ڕۆیتەرز ڕایگەیاند کە باراک پشتگیریی لە بەشداریکردنی تی ئای کاپیتاڵ لەم پڕۆژەیەدا کردووە و لەگەڵ زیاد غەندوور، دامەزرێنەری ئەم کۆمپانیایە، پەیوەندیی بازرگانیی دێرینی هەبووە.
لەسەر بنەمای بەڵگەنامە دارایییە پێشکەشکراوەکان لە لایەن باراکەوە لە ئازاری ٢٠٢٥دا، ئەو لە وەبەرهێنانێکی خانووبەرەدا لە نزیک سانفرانسیسکۆ کە بەڕێوەبردنی لە ئەستۆی تی ئای کاپیتاڵ بووە، بەرژەوەندیی داراییی هەبووە. ئەم بەڵگەنامانە باس لە ڕێککەوتنێک دەکەن کە دەرفەتی بە باراک دەدا لە ئەگەری تێپەڕبوونی قازانجی وەبەرهێنانەکە لە ڕێژەیەکی دیاریکراو، ٢٠ لەسەدی قازانجی زیادە وەربگرێت.
ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە بۆچوونی پسپۆڕانی پێشووی بواری ئاکاری حکوومیی ئەمریکا، سەبارەت بە ئەگەری پێکدادانی بەرژەوەندییەکان لە نێوان چالاکییە دیپلۆماسییەکانی باراک و پەیوەندییە بازرگانییەکانیدا پرسیارگەلێکی خستە ڕوو. ئەم پسپۆڕانە وەبیریان هێنایەوە کە تەنانەت لە نەبوونی سوودی داراییی ڕاستەوخۆیشدا لە پڕۆژەیەک، ڕێساکانی پەیوەست بە بێلایەنیی کاربەدەستانی حکوومی ڕەنگە لەو بابەتانەدا جێبەجێ بکرێن کە پەیوەندییان بە هاوبەشە بازرگانییەکانیانەوە هەیە. ڕۆیتەرز هەروەها ڕایگەیاند کە لەسەر بنەمای بەڵگەنامەکانی نووسینگەی ئاکاری حکوومیی ئەمریکا، باراک بۆ پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ تی ئای کاپیتاڵ سەبارەت بە پڕۆژەی هێڵی بۆرییەکە، لێخۆشبوونی فەرمیی لە ڕێساکانی پێکدادانی بەرژەوەندییەکان وەرنەگرتبوو.
لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆیتەرز نیشانەیەکی نەدۆزییەوە کە بیسەلمێنێت باراک بڕیارە لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەی هێڵی بۆرییە سوودی داراییی ڕاستەوخۆ بە دەست بهێنێت. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە کاردانەوە بەرامبەر بە ڕاپۆرتەکانی پێشوو ڕایگەیاندبوو کە باراک هیچ وابەستەیی، ڕۆڵ یان بەرژەوەندییەکی داراییی لەم پڕۆژەیەدا نییە و هەڵوێستە گشتییەکانی ئەو سەبارەت بە هێڵی بۆرییەکە لەگەڵ سیاسەتی دێرینی واشنتندا بۆ پشتگیریکردن لە هاوکارییەکانی وزەی ناوچەیی دەگونجێت. ئەم وەزارەتخانەیە هەروەها جەختی کردبووەوە کە باراک ڕێسا ئاکارییەکانی پەیوەست بە چالاکیی کاربەدەستانی حکوومی ڕەچاو دەکات.
ڕەخنەکانی ئەم دوایییە لە باراک لە بارودۆخێکدا دەخرێنە ڕوو کە حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەنگاوگەلێکی بۆ زیادکردنی کۆنتڕۆڵی حکوومەتی فیدراڵ بەسەر دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و کێڵگە نەوتییەکانی نێو ناوچە جێناکۆکەکاندا دەست پێ کردووە. بەغدا ئەم هەنگاوانە بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی نەوت پاساو دەدات، بەڵام ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان بە هەوڵێکیان دەزانن بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتدارییە یاسایییەکانی ئەم ناوچەیە و لاوازکردنی پێگەی خۆبەڕێوەبەرییەکەی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا.
دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بەوەی کە تۆم باراک حکوومەتی عێراقی هان داوە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی لەم چەشنە، بۆیڵ ئەم بانگەشانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا خستە ڕوو. ئەو هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە باراک ڕەنگە لە پڕۆژەکانی هێڵی بۆریی نەوتی لە ناوچەکەدا بەرژەوەندیی ئابووری بە دەست بهێنێت؛ بانگەشەیەک کە تا ئێستا نیشانەی سەربەخۆ بۆ سەلماندنی پێشکەش نەکراوە.
دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی هەینی بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیال، پشتگیریی لە هەوڵەکانی عەلی زەیدی کرد بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی لە سەرانسەری عێراقدا، بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی نەوت، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و خستنەژێر کۆنتڕۆڵی تاکلایەنەی دەوڵەتی هەموو چەکەکان. لەم پەیامەدا هیچ ئاماژەیەک بە داڕشتەی فیدراڵیی عێراق یان پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان نەکرابوو.
لەگەڵ ئەوەشدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاردانەوە بەرامبەر بە پێشهاتەکانی ئەم دوایییە، جارێکی تر جەختی لە پشتگیریی واشنتن لە «عێراقێکی سەربەخۆ، یەکگرتوو و فیدراڵ» و «هەرێمێکی کوردستانی سەقامگیر و خاوەن خۆشگوزەرانی» لە چوارچێوەی عێراقدا کردەوە و داوای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدای لە ڕێگەی گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستووری ئەم وڵاتە کرد.
تۆم باراک هەروەها بە ڕواڵەت هەوڵی داوە ڕێگری لە تەشەنەسەندنی گرژییەکان بکات. کەناڵی ڕووداو ڕایگەیاند کە ئەو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشنیاری نێوەندگیریی لە نێوان هەولێر و بەغدادا خستووەتە ڕوو و داوای لە عەلی زەیدی کردووە بژاردەی هەنگاوی سەربازی دژی هەرێمی کوردستان بە دوور بزانێت.
سەرەڕای ئەمەش، پشتگیریی ئاشکرای ترەمپ لە هەڵوێستەکانی حکوومەتی عێراق ڕووبەڕووی ڕەخنەی ڤیکتۆریا تایلۆر، جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران و بەڕێوەبەری ئێستای بەرنامەی عێراق و پڕۆژەی سووریا لە ئەنجومەنی ئەتڵەنتیک، بووەوە. تایلۆر هەڵوێستەکەی سەرۆکی ئەمریکای بە هەنگاوێکی هاوشێوەی «فڕێدانی نارنجۆک لە ناوەڕاستی ناکۆکییەکاندا» وەسف کرد و هۆشداریی دا کە لایەنگریی ئاشکرای واشنتن لە بەغدا، دەرفەتی گەیشتن بە ڕێککەوتن لە ڕێگەی دانوستانەوە سەختتر دەکات و متمانەی ئەمریکا وەک نێوەندگیر لاواز دەکات.
تایلۆر هەروەها وەبیری هێنایەوە کە پشتگیریکردن لە هەرێمێکی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، بە درێژاییی ساڵانی ڕابردوو لە واشنتن خاوەنی پشتیوانیی هەر دوو حیزب بووە. ئەو لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە پرسەکانی پەیوەست بە بڕی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و شێوازی خەرجکردنی داهاتەکانی دەبێت لە ڕێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکرێن و نابێت لەگەڵ چالاکیی تۆڕە نایاسایییە نەوتییەکانی پەیوەندیدار بە گرووپە چەکدارەکان لە باشووری عێراق بە یەک چاو سەیر بکرێن.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ڕەخنەکان لە تۆم باراک، ڕوانگەی ئەوە بەرامبەر بە داڕشتەی سیاسی و سەربازیی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا. باراک لە داکۆکیکارانی سەرەکیی تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لە داڕشتەی حکوومەتی ناوەندیی سووریادا بووە و لە هەڵوێستە گشتییەکانی خۆیدا دژایەتیی فیدراڵیزمی وەک مۆدێلی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە کردووە. ئەم ڕوانگەیە لە بارودۆخێکدا پەیڕەو کراوە کە حکوومەتی ناوەندیی عێراق، بە پشتبەستن بە دەسەڵاتدارییەکانی خۆی، هەوڵ دەدات کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر سەرچاوە ئابوورییەکان و دەروازەکانی هەرێمی کوردستاندا زیاد بکات؛ ناوچەیەک کە بە پێچەوانەی ناوچە کوردنشینەکانی سووریاوە، پێگەی خۆبەڕێوەبەرییەکەی لە دەستووری عێراقدا بە فەرمی ناسراوە.
ڕێناد مەنسوور، بەڕێوەبەری بەرنامەی دەستپێشخەریی عێراق لە پەیمانگای چاتام هاوس، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز گوتوویەتی ڕوانگەی حکوومەتەکەی ترەمپ و بەتایبەتی تۆم باراک، هاندەری داوەتە ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییانەی کە بە دوای چڕبوونەوەی زیاتری دەسەڵات لە حکوومەتی ناوەندیدان.
لە هەمان کاتدا، بۆیڵ بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هەنگاوەکانی باراک بوونەتە هۆی یەکڕیزیی زیاتری حیزبەکانی کوردستانی عێراق. ئەو دوای کۆبوونەوەی شاندە باڵاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی و ڕێککەوتنیان بۆ پێشکەشکردنی هەڵوێستێکی هاوبەش لە دانوستانەکانی داهاتوو لەگەڵ بەغدادا، ئەم نزیکبوونەوەیەی بە لێکەوتەی نەخوازراوی ڕوانگەکەی باراک وەسف کرد. دوو حیزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان لە بارودۆخێکدا بۆ هاوئاهەنگکردنی هەڵوێستەکانیان هەوڵ دەدەن کە ناکۆکییە ناوخۆیییەکانیان لە مانگەکانی ڕابردوودا کاریگەرییان لەسەر توانای هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی گوشارەکانی حکوومەتی ناوەندی دانابوو.
ڕۆژنامەی تۆ ڤیما هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڕۆژنامەیەکی گەورەی ئەمریکی خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریی ترە سەبارەت بە تۆم باراک، هەرچەندە کاتی بڵاوبوونەوەی دیار نییە. لە هەمان کاتدا، تا ئێستا نیشانەیەکی ئاشکرا لە کەمبوونەوەی متمانەی دۆناڵد ترەمپ بە باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا نەبینراوە و داواکارییە خراوەڕووەکانیش بۆ لێکۆڵینەوە لە بارەیەوە نەبوونەتە هۆی ڕاگەیاندنی فەرمیی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێس.
لەگەڵ ئەوەشدا، پێشهاتە سیاسییەکانی واشنتن دەتوانن پێگەی باراک ئاڵۆزتر بکەن. چاوەڕوان دەکرێت دیموکراتەکان لە کانوونی دووەمەوە کۆنتڕۆڵی هەر دوو ئەنجومەنی کۆنگرێس بگرنە دەست و ئەم بابەتە دەرفەتی چاودێریکردن و بەدواداچوونی دۆسیەکانی پەیوەست بە چالاکییەکانی ئەو زیاد دەکات. سەرەڕای ئەمەش، بەشێک لە کەسایەتییەکانی ڕەوتی «ماگا» لە ئێستاوە سەرنجیان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ٢٠٢٨ و داهاتووی سیاسیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکایە، و نیگەرانن لەوەی کە پەراوێزەکانی پەیوەست بە کارکردی باراک ببنە تێچوویەکی سیاسی بۆ ڤانس.
بۆچوونی بەکارهێنەران