خبر 2026-10-14 14:08 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ
مەزڵووم عەبدی لە دیداری مێری:

بە ناسنامەی خۆمانەوە تێکەڵی هێزەکانی سووریا دەبین

مەزڵووم عەبدی، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی کۆماری سووریا، لە میانی بەشدارییکردنی لە "دیداری مێری" لە شاری هەولێر، دواین گۆڕانکارییەکانی وڵاتەکەی و پرۆسەی تێکەڵبوونی هێزەکانیانی ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە دەرفەت و ئاڵنگاریی گەورە لە بەردەم سووریای نوێدا هەن.

لەبارەی ئایندی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و یەکگرتنیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی، مەزڵووم عەبدی ڕایگەیاند: "گەیشتووینەتە ئاستێک کە گەڕانەوە لێی نییە؛ ژمارەیەکی زۆر لە هێز و فەرماندەکانمان چوونەتە ناو سوپای سووریاوە. ئێمە بە ناسنامەی خۆمان تێکەڵی هێزەکانی سووریا دەبین. سووریایەکی نوێ بنیات دەنرێت و ئەمەش دەرفەتێکی باش بۆ تەواوی گەلانی وڵات دەڕەخسێنێت".

لە بارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق و کەسایەتییە سیاسییەکاندا، ئاماژەی بەوە کرد کە متمانە لە نێوانیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع دروست بووە و گوتی: "بابەتەکە شەخسی نییە، بەڵام بۆ دروستکردنی متمانەی تەواو لە نێوان ئێمە و دیمەشقدا پێویستیمان بە کاتە." دەربارەی مافە ڕەواکانی کوردیش جەختی کردەوە کە هەوڵەکانیان بەردەوامن و گوتی: "کێشەی زمانمان هەیە و هێشتا چارەسەر نەبووە، بەڵام پێشکەوتن هەیە. دۆزی کورد و ناوچە کوردییەکان تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، سەرەڕای ئەوەی هێشتا لە عەفرین و جزیرێ کێشە هەن".

لە تەوەرێکی دیکەی ئاخاوتنەکەیدا، مەزڵووم عەبدی ستایشی ڕۆڵی بەرچاوی هەرێمی کوردستانی کرد لە پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوا و ڕایگەیاند: "پشتیوانیی هەرێمی کوردستان لە کاتی شەڕ و ئاشتیدا زۆر گرنگ بوو؛ سەرۆک بارزانی بەبێ مەرج پشتیوانیی گەورەی کردین، نێچیرڤان بارزانی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئێمە و حکوومەتی سووریادا بوو، دواتریش کۆبوونەوەکان هاتنە سلێمانی و کاک بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لە شەڕ و دیپلۆماسیدا لەگەڵمان بوون. هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک کەمتەرخەم نەبووە بەرامبەرمان".

 

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.