پشتیوانی لە عێراقێکی یەکگرتووی فیدراڵیی و هەرێمێکی سەقامگیر دەکەین
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، پشتیوانی لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەکەین لە ڕێگەی گفتوگۆ، بە شێوەیەک کە لەگەڵ دەستووردا بگونجێت.
لێدوانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە پێشتر سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا نووسیویەتی: "پشتیوانیی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، دەکەین بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە سەرانسەری عێراقدا، وەستاندنی قاچاخچێتیی نەوتی عێراق، کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و هێشتنەوەی هەموو چەکەکان لەژێر کۆنترۆڵی رەهای دەوڵەتدا."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ جەختی لە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی بەغدا کردووەتەوە و دەڵێت: "پشتیوانیی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران زەیدی دەکەین بۆ بنیاتنانی عێراقێکی یەکگرتوو، گەشەسەندوو و بەهێز کە خۆی بڕیاری سیاسیی خۆی بدات."
ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق زنجیرەیەک رێنمایی دەرکرد و وەزارەت و دەزگا ئەمنییەکانی راسپارد کۆنترۆڵی کێڵگە نەوتییەکان و پێنج دەروازە سنوورییەکەی هەرێمی کوردستان (سێ دەروازە لەگەڵ ئێران و یەک دەروازە لەگەڵ سووریا و یەک دەروازەش لەگەڵ تورکیا) بگرنەدەست؛ هەروەها وەزارەتی نەوتی عێراق کێڵگە نەوتییەکانی سنووری پارێزگاکانی دیالە، کەرکووک، سەلاحەدین و نەینەوا بەڕێوەببات، لەنێویاندا کێڵگەی خورمەڵە.
بۆچوونی بەکارهێنەران