حکوومەتی کاتیی سووریا هەوڵ بۆ تێکەڵکردنی هەزاران چەکداری بیانی لە هێزە ئەمنییەکاندا دەدات
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نزیکەی دوو ساڵ دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، حکوومەتەکەی ئەحمەد شەرع هێشتا ڕووبەڕووی پرسی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی هەزاران چەکداری بیانی بووەتەوە کە لە میانەی شەڕی ناوخۆی سووریادا چووبوونە ڕیزی گرووپە چەکدارە بەرهەڵستکارەکانی دەسەڵاتی پێشووەوە و ئێستا بەشێکیان لەم وڵاتەدا ماونەتەوە.
ئەم چەکدارانە لە نەتەوە جیاوازەکانن، لەوانە ئویغوورەکان، ئۆزبەکەکان، چیچانییەکان، داغستانییەکان و هاووڵاتییانی وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژاوایی. هەندێک لەوان پەیوەندییان بە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی حکوومەتی نوێوە کردووە، بەڵام کۆمەڵێکی تریان خۆیان لە تێکەڵبوون بە پێکهاتە حکوومییەکان دەبوێرن.
زۆرێک لەم کەسانە ئارەزووی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتانی سەرچاوەی خۆیان نییە؛ چونکە ڕەنگە لە ئەگەری گەڕانەوەدا ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و ڕاوەدوونانی دادوەری ببنەوە. لە هەندێک حاڵەتیشدا وڵاتانی خاوەن ڕەگەزنامەیان بە هۆکاری ئەمنی ئامادە نین دووبارە وەریان بگرنەوە.
خەمڵاندنەکان سەبارەت بە ژمارەی چەکدارە بیانییە بەجێماوەکان لە سووریادا جیاوازن، بەڵام ژمارەیان لە لووتکەی بوونیاندا لە میانەی شەڕی ناوخۆدا لە نێوان ١٨ بۆ ٢٠ هەزار کەس مەزەندە دەکرا. سەرەڕای پەیوەندیکردنی بەشێک لەم کەسانە بە هێزە حکوومییەکانەوە، ناکۆکییە ئایدیۆلۆژییەکان و نیگەرانییە ئەمنییەکان هێشتا بوونەتە بەربەست لە بەردەم تێکەڵکردنی تەواوەتییاندا.
یەکێک لە گرنگترین نیگەرانییەکان، ئەگەری پەیوەندیکردنی چەکدارە توندڕەو و بەرهەڵستکارەکانی حکوومەتی نوێیە بە داعشەوە. ئەم گرووپە سەرەڕای شکستی خاکەیی لە ساڵی ٢٠١٩دا، هێشتا شانەی نهێنیی چالاکی لە ناوچە جیاوازەکانی سووریادا هەیە و هێرش دەکاتە سەر ئامانجە جیاوازەکان، لەوانە هێزە حکوومییەکان و هێزە کوردییەکان.
لە مانگی تشرینی یەکەمدا، لە میانەی پێکدادانی نێوان هێزە ئەمنییەکانی سووریا و چەکدارێکی فەڕەنسی لە نزیک کەمپی شوێنی نیشتەجێبوونی چەکدارە فەڕەنسیئاخێوەکان لە نزیک سنووری تورکیا، ئەم کەسە کوژرا. نزیکەی ٧٠ چەکداری فەڕەنسیئاخێو لەم کەمپەدا خۆیان لە پەیوەندیکردن بە هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتەوە بواردووە.
هەروەها لە مانگی ئایاردا، هێزەکانی حکوومەتی سووریا ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان دژی چەکدارە ئۆزبەکەکان لە پارێزگای ئیدلب ئەنجام دا. دەستگیرکردنی چەکدارێکی میسری کە هەڕەشەی لە سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە کردبوو، لە نموونەکانی ترە کە نیشاندەری سەختییە ئەمنییەکانی سەرچاوەگرتوو لە بوونی ئەم هێزانەیە لە سووریادا.
لە هەمان کاتدا، بوونی چەکدارە بیانییەکان تەنیا بە پرسە ئەمنییەکانەوە سنووردار نابێت. زۆرێک لەوان هاوسەرگیرییان لەگەڵ ژنانی سووریدا کردووە و هەزاران منداڵی بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییانە بەهۆی سنووردارییەکانی یاساکانی ڕەگەزنامەی سووریاوە ڕووبەڕووی کێشەی بێڕەگەزنامەیی بوونەتەوە؛ چونکە لەسەر بنەمای یاسا کارپێکراوەکان، ژنانی سووری ناتوانن ڕەگەزنامەی خۆیان بۆ منداڵەکانیان بگوازنەوە. حکوومەت ڕایگەیاندووە کە بە نیازە ئەم یاسایە بگۆڕێت.
لە لایەکی ترەوە، بەردەوامبوونی گرژییە نەتەوەیی و ئایینییەکان، ناکۆکییەکانی نێوان کورد و عەرەب و کێشەکانی پەیوەندیدار بە چەسپاندنی پێکهاتەکانی حوکمڕانی، بارودۆخەکەیان بۆ حکوومەتی نوێ ئاڵۆزتر کردووە. یەکلاکردنەوەی دۆخی چەکدارە بیانییەکان و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی ڕەوتە توندڕەوەکان بۆ گۆڕەپانی سەربازی، لە ئاستەنگە گرنگەکانی بەردەم حکوومەتەکەی ئەحمەد شەرع لە ڕێڕەوی چەسپاندنی سەقامگیریدا لە سووریادا هەژمار دەکرێن.
سەرچاوە: ئەسۆشیەیتد پرێس
بۆچوونی بەکارهێنەران