خبر 2026-11-23 09:53 کاتی خوێندنەوە: 4 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

پڕۆسەی داڕشتنی دەستووری هەمیشەییی سووریا هێشتا ناڕوونە

بە تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵ و نیوێک بەسەر بەڕێوەچوونی کۆنگرەی گفتوگۆی نیشتمانیی سووریادا، هێشتا هیچ هەنگاوێکی کردەیی و دیاریکراو بۆ پێکهێنانی لێژنەی داڕشتنی دەستووری هەمیشەییی ئەم وڵاتە نەنراوە و میکانیزمی بەشداریکردنی هێزە سیاسییەکان و پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا لەم ڕەوتەشدا نادیارە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کاتێکدا داڕشتنی دەستووری نوێ یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانی سەردەمی گواستنەوەی سیاسیی سووریا هەژمار دەکرێت، هێشتا بە شێوەی فەرمی ڕوون نەبووەتەوە کە ئەم دەستوورە چۆن دادەڕێژرێت، چ دامەزراوەیەک بەرپرسی ئامادەکردنی ڕەشنووسەکەی دەبێت و نوێنەرانی کام ڕەوت و گرووپە سیاسییەکان لە لێژنەی داڕشتنی دەستووردا بەشدار دەبن.

گەلی سووریا لە کاتێکدا نزیکەی ساڵ و نیوێکە لە چاوەڕوانیی دەستپێکردنی ڕەوتی داڕشتنی دەستووری نوێدان کە کۆنگرەی گفتوگۆی نیشتمانیی ئەم وڵاتە لە شوباتی ٢٠٢٥دا جەختی لە پێکهێنانی لێژنەیەکی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە کردبووەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، نە ئەندامانی ئەم لێژنەیە هەڵبژێردراون و نە خشتەیەکی کاتیی دیاریکراویش بۆ دەستپێکردنی چالاکییەکانی ڕاگەیەنراوە.

کلاودیۆ کۆردۆنە، جێگری نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦دا لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕایگەیاند کە بۆ ئامادەکردنی پێشەکییەکانی داڕشتنی دەستوور و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان، دەبێت میکانیزم و خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو دابنرێت. ئەو هەروەها جەختی کردەوە کە نابێت ئەم ڕەوتە لەمە زیاتر دوا بخرێت.

لە جاڕنامەی دەستووری کاتییەوە تا داڕشتنی دەستووری هەمیشەیی

کۆنگرەی گفتوگۆی نیشتمانیی سووریا لە ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥دا لە دیمەشق بەڕێوە چوو. لە بەیاننامەی کۆتاییی ئەم کۆنگرەیەدا جەخت لە پێویستیی پێکهێنانی لێژنەی داڕشتنی دەستوور کرایەوە. بڕیار بوو ئەم لێژنەیە بە لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵاتەکاندا، بەهێزکردنی بەهاکانی دادپەروەری، ئازادی و یەکسانی و دروستکردنی چوارچێوە یاسایی و دامەزراوەیییەکان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، ڕەشنووسی دەستووری نوێی سووریا ئامادە بکات.

لە درێژەدا، لێژنەی یاساییی بەرپرس لە ئامادەکردنی جاڕنامەی دەستووری لە سێی ئازاری ٢٠٢٥دا ڕایگەیاند کە بۆ ڕێکخستنی قۆناغی گواستنەوە، بەڵگەنامەیەکی کاتی دادەڕێژێت. ئەم لێژنەیە جەختی کردەوە کە جاڕنامەی دەستووری بڕیار نییە ببێتە جێگرەوەی دەستووری هەمیشەیی، بەڵکوو تەنیا چوارچێوە یاسایییە پێویستەکە بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوە دەڕەخسێنێت.

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکوومەتی کاتیی سووریا، لە ١٣ی ئازاری ٢٠٢٥دا ئەم جاڕنامەیەی واژۆ کرد. لەسەر بنەمای ماددەی ٥٢ی ئەم بەڵگەنامەیە، قۆناغی گواستنەوە بە پێنج ساڵ دیاری کراوە کە لە ڕێکەوتی دەرچوونی جاڕنامەکەوە دەست پێ دەکات و بە داڕشتنی دەستووری هەمیشەیی و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان کۆتاییی دێت.

هەروەها لە ماددەی ٢٦ی جاڕنامەکەدا هاتووە کە تا کاتی داڕشتنی دەستووری هەمیشەیی و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان، دەسەڵاتی یاسادانان لە ئەستۆی پەرلەمانی سووریا دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، لەم بەڵگەنامەیەدا هیچ دامەزراوە یان لایەنێکی بڕیاردەر بە شێوەی دیاریکراو نەکراوەتە بەرپرسی داڕشتنی دەستووری هەمیشەیی و میکانیزمی پێکهێنانی لێژنەی پەیوەندیدار، شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامان و کاتی ئامادەکردنی ڕەشنووسەکەیش دیاری نەکراون.

ناڕوونی لە ڕۆڵی پەرلەمانی سووریادا

لە میانەی ئامادەکارییەکانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سووریا لە ساڵی ٢٠٢٦دا، کاربەدەستە فەرمییەکانی ئەم وڵاتە ئاماژەیان بە ڕۆڵی پەرلەمان لە ڕەوتی داڕشتنی دەستووردا کرد، بەڵام وردەکارییە پەیوەندیدارەکان بەم بەرپرسیارێتییەوە هێشتا ڕوون نەبوونەتەوە.

محەممەد تەها ئەلئەحمەد، سەرۆکی لێژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سووریا، لە یەکی تەممووزی ٢٠٢٦دا ڕایگەیاند کە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی پەرلەمانی نوێ، پێکهێنانی لێژنەیەک دەبێت بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی دەستووری نوێ لەسەر بنەمای بارودۆخی سووریا و خواستەکانی گەلی ئەم وڵاتە.

لەسەر بنەمای ئەم لێدوانانە، پەرلەمان سەرەڕای پەسەندکردنی یاساکان و دیاریکردنی چوارچێوە یاسایییە پێویستەکان بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوە، دەبێت لە ڕەوتی ئامادەکردنی دەستووری نوێشدا ڕۆڵی هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، سەبارەت بە شێوازی پێکهێنانی لێژنەی داڕشتنی دەستوور، پێکهاتەی ئەندامان و کاتی دەستپێکردنی چالاکییەکانی، هیچ ڕوونکردنەوەیەک نەدرا.

عەبدولحەمید ئەلعەواک، سەرۆکی پەرلەمانی سووریایش لە ١٧ی ئابی ٢٠٢٦دا ڕایگەیاند کە جاڕنامەی دەستووری کاتی، میکانیزمێکی دیاریکراوی بۆ داڕشتنی دەستووری هەمیشەییی ئەم وڵاتە دانەناوە.

ئەو بە ئاماژەدان بە ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان لەم بوارەدا گوتی بۆ داڕشتنی دەستوور دەتوانرێت لە دوو نموونەی پێکهێنانی ئەنجومەنی دامەزرێنەر یان دروستکردنی لێژنەیەکی تەکنیکیی پسپۆڕ سوود وەربگیرێت. بە گوتەی ئەلعەواک، لە جاڕنامەی دەستووریی سووریادا بەرپرسیارێتیی پێکهێنانی لێژنەی هەمیشەییی داڕشتنی دەستوور بە پەرلەمان نەسپێردراوە.

سەرەڕای لێدوانەکانی پێشوو سەبارەت بە بەرپرسیارێتیی پەرلەمان لە پێکهێنانی لێژنەی داڕشتنی دەستووردا، تا ئێستا هەنگاوێکی جێبەجێکاریی دیاریکراو لەم بوارەدا نەنراوە. هەروەها هێشتا دیار نییە پەرلەمان و لێژنە ئەگەرییەکەی داڕشتنی دەستوور چۆن پێکەوە هاوکاری دەکەن و ئایا پەرلەمان ڕاستەوخۆ لە نووسینەوەی دەستووردا بەشداری دەکات یان تەنیا چاودێریی ڕەوتەکەی دەکات.

بەشداریکردنی پێکهاتەکانی سووریا هێشتا نادیارە

یەکێکی تر لە پرسە چارەسەرنەکراوەکان لە ڕەوتی داڕشتنی دەستووری نوێی سووریادا، شێوازی بەشداریکردنی حیزبەکان، هێزە سیاسییەکان و پێکهاتە جیاوازەکانی ئەم وڵاتەیە لەم پڕۆسەیەدا. تا ئێستا هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمی سەبارەت بە پێکهاتەی لێژنەی داڕشتنی دەستوور و چۆنیەتیی هەڵبژاردنی ئەندامەکانی بڵاو نەکراوەتەوە.

هەروەها دیار نییە هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی سووریا، لەوانە نوێنەرانی ناوچەکان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، لە چ ڕێگەیەکەوە لە داڕشتنی دەستووری نوێدا بەشداری دەکەن و چ میکانیزمێک بۆ مسۆگەرکردنی ئامادەبوون و کاریگەری‌دانانیان لەم ڕەوتەدا لەبەرچاو دەگیرێت.

لە ڕاپۆرتی دووی ئەیلوولی ٢٠٢٦ی کتێبخانەی ئەنجومەنی گشتیی بەریتانیاشدا ڕاگەیەنرابوو کە پێکهێنانی لێژنەی داڕشتنی دەستووری نوێی سووریا هێشتا لە کارنامەدا دانەنراوە و لە هەمان کاتدا، بۆ پەرلەمانی ئەم وڵاتەیش دەبێت ڕۆڵێک لە ڕەوتی ئامادەکردنی دەستووردا لەبەرچاو بگیرێت.

کۆی ئەم پێشهاتانە نیشانی دەدەن کە سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵ و نیوێک بەسەر دەستپێکردنی قۆناغی گواستنەوەی سووریا و جەختکردنەوە بەردەوامەکانی کاربەدەستانی ئەم وڵاتە و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر پێویستیی داڕشتنی دەستووری هەمیشەیی، هێشتا چوارچێوەی جێبەجێکاری، دامەزراوەی بەرپرس، پێکهاتەی لێژنەی داڕشتن و خشتەی کاتیی ئەم پڕۆسەیە دیاری نەکراون؛ بابەتێک کە هێشتا وەک یەکێک لە ناڕوونییە سەرەکییەکان لە ڕێڕەوی نەخشەکێشانی پێکهاتەی سیاسیی داهاتووی سووریادا هەژمار دەکرێت.

 

سەرچاوە: هاوار

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.