خبر 2026-10-14 13:43 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عێراق جەخت لە گرنگیی هێورکردنەوەی ناوچەکە دەکەنەوە

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجام دا. لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ کردەوە بە مەبەستی هێورکردنەوەی گرژییەکان و ڕێگری لە فراوانبوونی ململانێکان.

کوردپرێس: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگەکانی بەهێزکردنی هاوکارییە هاوبەشەکان کرا. هاوکات وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران بیروڕایان لەبارەی دوا ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی ئاڵوگۆڕ کرد، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە لە شاری بەغداد بەڕێوە بچێت.

لەنێو تەوەرەکانی دیکەی گفتوگۆکەدا، پەرەسەندنە ئەمنییەکانی دواییی ناوچەکە خرانە ڕوو. هەردوو وەزیر هاوڕا بوون کە پەرەسەندنی گرژییەکان خزمەت بە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناکات و ڕایانگەیاند: "تەنیا لە ڕێگەی دیالۆگەوە دەتوانرێت کۆنترۆڵی گرژییەکان بکرێت؛ پەنابردن بۆ گفتوگۆ تاقە بژاردەیە بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی لەم قۆناغە هەستیارەدا".

بەوتەی چاودێران، میوانداریکردنی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی، دەرفەتێکی دیپلۆماسیی گرنگە بۆ حکوومەتەکەی عەلی زەیدی تاوەکوو پشتیوانیی وڵاتانی ئیسلامی بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق کۆ بکاتەوە و هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور و گەرووی هورمز چڕتر بکاتەوە، تاوەکوو خاکی عێراق لە ململانێ ناوبەناو و ڕاستەوخۆکان بەدوور بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.